ئاڤا میدیا لەپشتی کامێڕاوە بۆ هەڵوێستی نیشتمانی

د، دلاوەر جەوهەر

د، دلاوەر جەوهەر

نووسەر و لێکۆڵەر

ئاڤا میدیا لەپشتی کامێڕاوە بۆ هەڵوێستی نیشتمانی

ئاڤا نیوز

 

سەرەڕای ئەوەی تەمەنی دامەزراندنی كەمە، ئاڤا میدیا سەلماندی كە تەمەنی دامەزراوەكان بە ساڵ ناپێورێت، بەڵكوو بەو شوێنەوار و كاریگەرییە دەپێورێت كە جێی دەهێڵن.

 

لە سەردەمێكدا كە دەنگی بێ هوودە زۆر بووە و ڕاستگۆیی كەم بووە، ئاڤا بڕیاری دا ببێتە دەنگێكی بەرپرسیار، نەك تەنیا دەنگدانەوەیەكی تێپەڕ و گوزەر.

 

ساڵی ڕابردوو، كەناڵەكە تەنیا بە گواستنەوەی كارەساتی لافاوەكەی چەمچەماڵ نەوەستا، بەڵكوو لە ڕۆڵی گەواهیدەرەوە هەنگاوی نا بۆ ڕۆڵی كاراكتەرێكی كارا؛ دەسپێشخەری كرد بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری و پشتیوانیكردنی لێقەوماوان، تا بیسەلمێنێت كە میدیای ڕاستەقینە تەنیا لە پشت كامێراكانەوە ناوەستێت، بەڵكوو دەچێتە ناو جەرگەی ئازارەكانەوە.

 

ئەمڕۆش، لە ڕۆژئاڤا، ئاڤا میدیا لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریكردن لە گەلی كورد وەستاوە و ڕەتیدەكاتەوە لە بەرانبەر ستەمدا بێلایەن بێت. ئاڤا قۆرخكاریی "تەنها گێڕانەوە"ی شكاند و دەمامكی لەسەر ڕووی هەموو ئەوانە لادا كە بەرگری لە ڕژێمێكی ستەمكار دەكەن كە هەوڵی كپكردنی دەنگی حەق دەدات.

 

بەم هەڵوێستە، ئاڤا لە وەهمی "سەربەخۆیی ڕواڵەتی" دەرچوو بۆ لایەنگرییەكی ئەخلاقی؛ چونكە بێلایەنی لەبەردەم چەوسانەوەدا پیشەییبوون نییە، بەڵكوو هاوكاری و دەستتێكەڵكردنە لەگەڵ زوڵم.

 

ئاڤا میدیا تەنیا وەك پیشەیەك پەیڕەو ناكات، بەڵكوو وەك بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی دەیبینێت. بڕوای وایە كە وشە چەكە، وێنە گەواهی و شایەتییە، و بێدەنگیش لە ساتە چارەنووسسازەكاندا خیانەتە لە شكۆ و بەهاكان.

 

كەناڵە گەورەكان بەم شێوەیە دروست دەبن؛ نەك تەنیا بە بودجە و پارە، بەڵكوو بە ئازایەتی؛ نەك بە دروشم، بەڵكوو بە هەڵوێست.

 

ئاڤا بە تەمەن گەورە نەبوو، بەڵكوو بە كردار گەورە بوو.

 

ئاڤا میدیا هەر لەسەرەتای جەنگەكەوە، بێ هیچ دوودڵییەك لە میدیاكەیەوە ئاشكرایكرد "لەبەرامبەر ئەو دۆخەی بەسەر كوردانی هەردوو گەڕەكی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود سەپێنراوە لە ڕۆژئاوای كوردستان، ئاڤا میدیا بە ئەركی میدیایی خۆی هەڵدەستێت لە خستنەڕووی وێنە ڕاستەقینەكە وەك خۆی و لەم دۆخەدا ئاڤا بۆ چركەیەكیش سڵ ناكاتەوە لە خستنەڕووی ڕاستییەكان و گەیاندنی دەنگ و پەیامی كوردان لە سووریا، كە وادیارە هەموو میدیای عەرەبی لە دژیان وەستاون و پشتگیری ئەو كوشتارە نامرۆڤانە دەكەن كە سوپای عەرەبی سووریا لەو ناوچانە دەستی داوەتێ، بێ هیچ پاساوێك و زەرورەتێك و لە كاتێكدا ڕێككەوتن هەیە، بۆیە ئاڤا میدیا بەهەموو شێوەیەك هەوڵ و توانای میدیایی خۆی دەخاتەكار بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵكی ئەو ناوچەیە و پەیامی كوردانی سووریا".

 

بینیمان ئاڤا ڕاستگۆ بوو لەوەی كە ڕایگەیاند، لەبەرامبەر ئەوەی لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕوودەدات، میدیای كوردی ناتوانێت و ناكرێت بێلایەن بێت. ناكرێ بەناوی بابەتی بوونەوە، هەردوولا، هێرشكار و بەرگریكار، دەستدرێژیكار و ستەملێكراو وەك یەك تەماشا بكات، هەر بۆیە بوو بە گەیەنەری دەنگی مەزڵوومیەتی خەڵكی ستەملێكراوی ڕۆژئاوای كوردستان بە گشتی و هەردوو گەڕەكی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود و هەموو توانای خۆی خستەكار بۆ ڕێگریی لە كوشتار و لەگەڵیان بوو.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: