سەرۆک بارزانی: لە هەموو شتێک پیرۆزتر پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردە

شەیری بکە لە:
سەرۆک بارزانی: لە هەموو شتێک پیرۆزتر پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردە

ئاڤا نیوز

سەرۆک بارزانی لەگەڵ گویدۆ کرۆسیتۆ، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا کۆبووەوە، هەردوولا جەختیان لە کۆتایی هاتنی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە و پێشنیازیان کرد کێشەکان ڕێگەی ئاشتیانە و هەڵبژاردنی دیالۆگ چارەسەر بکرێن.

چیرۆکی سەرەکی: لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئیتاڵیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆک بارزانی لەگەڵ گویدۆ کرۆسیتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە، تاوتوێی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد

پەیامی فەرمی: سەرۆک بارزانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە پێشینەی گفتوگۆکانی ئێمەیە لێرە، هەر شتێک بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی کورد پێویست بێت دەیکەین و بۆ ئێمە لە هەموو شتێک پیرۆزتر پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردە."

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن شەڕ تەشەنە نەسێنێت و لێرەدا بوەستێت، بەڵێنمان وەرگرتووە نابێت ببێت بە شەڕی کورد و عەرەب.

لە وەڵامی کوردستان حەسەن پەیامنێری دیپلۆماسی ئاڤا، لەبارەی دۆخی کوردانی ڕۆژئاوا، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، " بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدەین خەڵكی کوردستان لە ڕۆژئاوا پارێزراو بن، پێداگری دەکەین لەسەر ئەوەی کەرامەتی کورد پارێزراو بێت."

سەرۆک بارزانی جەختیکردەوە لەوەی، کە بەهەموو لایەک هەوڵ دەدەن شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان بوەستێت و دەستدرێژی نەکرێتە سەر کورد.

لەلایەکی دیکەوە: گویدۆ کرۆسیتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، وێڕای ستایشکردنی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە شەڕی دژی داعش و ناساندنی وەک سیمبوولێک دژی داعش، ئاماژەی بەوەدا، "سەرۆک بارزانی وەک ڕێبەری گەلی کورد ڕۆڵ دەگێڕێت، هەروەها ئێمە لە ئیتاڵیا زۆر دڵگرانین لەوەی لە سووریا ڕوودەدات، هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت بوەستێت."

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ڕۆشنایی خستەسەر ئەوەی، ئەوەی دژ بە گەلی کورد دەکرێت لە سووریا جێگای قبووڵ نییە و دۆستایەتی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان مێژوویی و قووڵە."

گویدۆ کرۆسیتۆ ستایشی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، "کوردستانی عێراق تاکە پارچەیە کە ئاشتی و ئارامی تێدا بەرقەرارە و ئیتاڵیا گرنگی بە ئاسایشی ئەو ناوچەیە دەدات، بەڵێن دەدەین ڕۆڵی خۆمان هەبێت، کە ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دووبارە نەبێتەوە."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ