بەڕێوەبەری كارەبای سۆران: گرفتی كارەبامان چارەسەركرد و ئەمشەو دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە

شەیری بکە لە:
بەڕێوەبەری كارەبای سۆران: گرفتی كارەبامان چارەسەركرد و ئەمشەو دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە

دیمەنی دەروازەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

ئاڤا نیوز

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایدەگەیێنێت، لەگەڵ وەزارەتی كارەبا و لایەنی پەیوەندیدار لەسەر هێڵ بووین بۆ ئەوەی كێشەی كارەبای دەڤەرەكە لە زووترین كاتدا چارەسەر بكەین، دوای هەوڵێكی زۆر گرفتەكان چارەسەركراوە و ئەمشەو دۆخی كارەبا لە دەوروبەری سۆران و ناوچە شاخاوییەكان ئاسایی دەبێتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: ماوەی چەند ڕۆژێكە بەشێک لە هاونیشتمانیانی سنووری ئیدارەی سۆران بەتایبەت دەوروبەری سەنتەری شار و ناوچە شاخاوییەكان، دووچاری گرفتی پچڕانی كارەبای نیشتمانی هاتوون، ئەوەش لە كاتێكدا پلەكانی گەرما لەو ناوچانە بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە و بەفر و سەرماوسۆڵەیەكی سەخت دەڤەرەكەی گرتووەتەوە.

لێدوانی فەرمی: هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ئاڤای ڕایگەیاند، دۆخی كارەبای چەند ناوچەیەكی سنووری ئیدارەی سۆران خراپە و وەک پێویست نییە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش، ئێمە بەچڕی لەسەر هێڵین لەگەڵ وەزارەتی كارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی لەزووترین كاتدا ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین و لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین.

دووپاتیشی كردەوە، پەرۆشی ئەو زەحمەتی و ئاستەنگیانەین كە ڕووبەڕووی هاووڵاتیانمان بووەتەوە بەهۆی نەبوونی كارەباوە، بەتایبەت كە ئێستا پلەكانی گەرما دابەزیوە و سەرمایەكی سەخت دەڤەرەكەی گرتووەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە: ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سۆران بە ئاڤای ڕاگەیاند، گرفتی نەبوونی كارەبا زیاتر دەورووبەری شاری سۆران و قەزا و ناحیەكانی گرتووەتەوە كە هۆكارەكەی؛ نەبوونی بڕی مێگاواتی پێویست بوو بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر كارەبا لەگەڵ هاتنی شەپۆڵی سەرماوسۆڵە، هاوكات كێشەیەکی تەکنیکی لە كۆمپرێسەرەكانی داناغاز هەبوو، كە خۆشبەختانە چارەسەر كرا، دۆخی كارەبا ئەمشەو لە دەوروبەری سۆران و هەر شەش قەزاكەی سەر بە ئیدارەی سۆران ئاسایی دەبێتەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کارەباکەی کراوە بە 24 کاتژمێری و هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام ئەم گرفتە زیاتر لە ناوچانە ڕوودەدات کە هێشتا تۆڕی کارەبایان نەبەستراوەتەوە بە پڕۆژەی ڕووناکی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ