سوودانی فەرمانی تەواوکردنی دیوارە کۆنکرێتییەکەی سەر سنووری سووریا دەدات

شەیری بکە لە:
سوودانی فەرمانی تەواوکردنی دیوارە کۆنکرێتییەکەی سەر سنووری سووریا دەدات

بەشێک لەو دیوارە کۆنکرێتییەی سوپای عێراق بۆ پاراستنی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا دروستی کردووە

ئاڤا نیوز


وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، فەرماندەی گشتی فەرمانی کردووە دیوارە کۆنکرێتییەکەی سەر سنووری سووریا بەپەلە تەواو بکرێت، کە تا ئێستا 80%ـی کارەکانی کۆتایی هاتووە.

بۆچی گرنگە: دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، چەند زیندانێک کە سەدان چەکداری داعش و کەسوکارەکانیان تێدا ڕاگیراون، هەڵاتن؛ ئێستا عێراق ترسی هەیە ئەو چەکدارانە لە سنوورەکانی سووریا بپەڕنەوە عێراق.

 

چیرۆکی سەرەکی: سنووری نێوان عێراق و سووریا 618 کیلۆمەترە; بۆ پاراستنی ئەم ماوەیە، 400 کیلۆمەتر بە دیواری کۆنکرێتی سێ مەتر بەرز داپۆشراوە و خەندەقێکیش بە درێژایی تەواوی سنوورەکە بە قوڵیی و پانیی سێ مەتر لێدراوە، کە بە تەلی دڕکاوی دەورە دراون.

 

لێدوانی فەرمی: سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە بە تەواوکردنی دیوارە کۆنکرێتییەکەی سەر سنووری سوریا؛ ئێستاش کارەکان زیاتر لە 80٪یان تەواو بووە و دیوارەکە بەرەو تەواوبوون دەچێت.

 

- لەبارەی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ ناوخۆی وڵات، وتەبێژەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمەی بە هەنگاوێکی گرنگ و بوێرانە ناوبرد بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی هەڵاتنیان و گوتی: چونکە زۆربەیان سەرکردەی پلە یەکن و مەترسیی هەڵاتنیان لە کەمپی هۆڵ هەیە.

 

- نوعمان ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی داد پلانی تەواوی بۆ وەرگرتنی ئەم کەسانە و تەواوکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان ئامادە کردووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ