حیزبەکەی محەممەد حەلبووسی کاندیدکردنی مالیکی ڕەت دەکاتەوە

شەیری بکە لە:
حیزبەکەی محەممەد حەلبووسی کاندیدکردنی مالیکی ڕەت دەکاتەوە

نووری مالیکی و محەممەد حەلبووسی؛ وێنە ئەرشیڤە

ئاڤا نیوز


حیزبی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، پاڵپشتی و بەشداریی لە حکومەتێک ناکەین سەردەمی تائیفەگەری یادی گەلی عێراق بێننەوە.

 

وێنە گەورەکە: کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە کاردانەوەی لانە شیعی و سوننەکانی بەدوای خۆیدا هێنا؛ لە شیعەکان ئەوانەی دەنگیان بە کاندیدکردنی مالیکی نەداوە چارەکی چوارچێوەکە بوون کە بریتین لە عەممار حەکیم کە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی ‌هێزەکانی دەوڵەت دەکات، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق و هاوپەیمانیی خەدەمات کە شبل زەیدی سەرۆکایەتیی دەکات. 

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی سەرکردەکان و فراکسیۆنی حیزبی تەقەدوومی کرد و حیزبەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا، هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە کە پشتیوانی یان بەشداری لە حکومەتێک ناکەن ئەو کەسانە بەڕێوەی ببەن کە "یادەوەریی ململانێ تائیفییەکان و گەشەکردنی تووندڕەوی و تیرۆر و قەیرانە دووبارەبووەکان و گۆشەگیری نێودەوڵەتی و عەرەبی بیری عێراقییەکان دەهێننەوە".

 

داواکاری؛ حیزبەکە داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد، قبووڵکردنی نیشتمانی لەبەرچاو بگرن و پابەندبن بەم بنەما سەرەکییە و ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە سەرکردایەتیی حکومەتی داهاتوو لە ئاست بەرپرسیارێتیی ئاڵنگەرییە هەستیارەکانی ناوچەکە و جیهاندا بێت و لەڕووی نیشتمانییەوە کارا بێت.

 

زانیاریی زیاتر: ئەوانەی کە دژی کاندیدکردنی مالیکین لە سوننەکان بریتین لە: هاوپەیمانیی تەقەدووم و هاوپەیمانیی سیادە بە سەرۆکایەتیی سەرمەد خەنجەر کوڕی خەمیس خەنجەر و حیزبی جەماهیری وەتەنی کە ئەحمەد جبووری ناسراو بە ئەبو مازن سەرۆکایەتیی دەکات. لە بەرامبەردا بەشێک لە سوننەکانیش پشتیوانیی خۆیان بۆ ناوبراو ئاشکرا کرد، هاوپەیمانیی "حەسم وەتەنی" بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی و هاوپەیمانی "عەزم" بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەڕایی.

 

باکگراوند: ڕێککەوتنی 24ـی 1ـی 2026 چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاوی کردەوە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی هادی عامری، ئەمینداری ڕێکخراوی بەدر کۆبوونەوە و دوای گفتوگۆی قووڵ و بە "زۆرینەی دەنگ"، بڕیاردرا نووری مالیکی وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاریی بکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: