ژمارەیەک خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل هەڵاتن

شەیری بکە لە:
ژمارەیەک خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل هەڵاتن

دیمەنێک لە کەمپی هۆل. وێنە؛ AP

ئاڤا نیوز

ڕاپۆرتێکی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی کەمپی هۆڵ لە حەسەکە، ژمارەیەک لە خێزان و ئەندامانی داعش توانیویانە لە کەمپەکە هەڵبێن و پشێوییەکی گەورە دروست بووە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، کەمپی هۆل لە دەوروبەری حەسەکە ئاڵۆزییەکی ئەمنی نوێی بەخۆیەوە بینیوە، چەندین خێزانی داعش سوودیان لە کشانەوەی هێزەکان وەرگرتووە تاوەکو بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ ڕابکەن.

زانیاریی زیاتر: هێزە ئەمنییەکان بە چڕی تەقەیان لە دەوروبەری کەمپەکە کردووە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵاتنی ژن و منداڵانی داعش، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە کە ئایا ئەو کەسانەی هەوڵی هەڵاتنیان داوە دەستگیرکراونەتەوە یاخود نا.

پێشتریش ڕوانگەی سووری لە 27ـی ئەم مانگەدا ئاماژەی بەوە کردبوو، دەیان کەس لە ژن و پیاو و منداڵی خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆل هەڵاتوون.

چی ڕوویدا: بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەکە، ئەم ڕووداوە دوای ئەوە هاتووە کە خێزانەکانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر پاسەوانێکی کەمپەکە و لێیان داوە، پاشان هێزەکانی ئاسایش دەستیان بە تەقەکردن کردووە و ئەمەش دەرفەتی بۆ هەندێک لە خێزانەکان ڕەخساندووە کە ڕابکەن و بەرەو شوێنێکی نادیار بڕۆن. تا ئێستاش دۆخی کەمپەکە ئاڵۆزە و ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی ناوچەکە دروست بووە بەهۆی هەڵاتنی ئەو کەسانە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە هەسەدە پێشتر هۆشداریی دابوو کە کشانەوە لە پاراستنی کەمپەکە، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش و تێکدانی سەقامگیریی جیهان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: