سعودیە و نەتەوەیەکگرتووەکان پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکەن

شەیری بکە لە:
سعودیە و نەتەوەیەکگرتووەکان پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکەن

گرافیک ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

سعودیە و نەتەوەیەگرتووەکان پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: سعودیە ئومێدەوارە ئەم ڕێککەوتنە گشتگیرە ببێتە هۆکاری بەرەوپێشبردنی ڕێڕەوی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا، بە جۆرێک کە داخوازییەکانی گەلی سووریا بەدی بهێنێت و یەکڕیزی نیشتمانی بەهێز بکات.

- بەیاننامەکە جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی ڕیاز بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سووریا لەپێناو پاراستنی سەروەری، یەکپارچەیی خاک و یەکێتیی وڵات دەکاتەوە و ستایشی وەڵامی ئەرێنی هەریەکە لە حکومەتی سووریا و "هەسەدە" بۆ هەوڵەکانی سعودیە و ئەمریکا بۆ ئاگربەست دەکات.

لەلایەکی دیکە؛ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد و داوای کرد بەزوویی مافە نەتەوەییەکانی کورد جێگیر بکرێن.

- بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، جەختی لە جێبەجێکردنی خێرای ڕێککەوتنەکە کردەوە، بەتایبەت لە ڕووی تێکەڵکردنەوەی ئاشتییانەی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات، گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارەکان و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵات.

باکگراوند؛ ڕۆژی هەینی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاشکرای کرد بۆ ڕاگرتنی تەواوەتیی شەڕ و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتیی، لەگەڵ حکومەتی سووریا گەیشتینە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە تێیدا هەموو دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکان یەکدەخرێنەوە.

 - بەپێی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، سوپای سووریا لەو ناوچانەی حەسەکە و کۆبانی کە پێشتر وەک ناوچەی سەربازیی ناسرابوون دەکشێتەوە، لە بەرامبەریشدا یەکەکانی هێزی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ.


- لە ڕووی سەربازییەوە، فیرقەیەکی نوێ لە سێ لیوای شەڕڤانانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و لیوایەکی تایبەتیش بۆ کۆبانی لەناو فیرقەیەکی پارێزگای حەلەبدا جێگیر دەکرێت.

- لە ڕووی کارگێڕییەوە، تەواوی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر تێکەڵی فەرمانگەکانی حکومەت دەبن و فەرمانبەرانی مەدەنیی لە میلاکاتی فەرمیی سووریادا جێگیر دەکرێن. ڕێککەوتنەکە جەخت لە چارەسەرکردنی مافە مەدەنیی و پەروەردەییەکانی کورد و دابینکردنی زەمینەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان دەکاتەوە تاوەکو سەروەریی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەدا بچەسپێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ