لە هێرشێکی چەکداریدا ژمارەیەک پۆلیسی پاکستان کوژران

شەیری بکە لە:
لە هێرشێکی چەکداریدا ژمارەیەک پۆلیسی پاکستان کوژران

دۆخی ئەمنی بەلووچستان دوار ڕووداوەکە. وێنە؛ AFP

ئاڤا نیوز

ئەمڕۆ شەممە، پارێزگای بەلووچستانی پاکستان ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرش بووەوە کە لەلایەن جووداخوازە بەلووچەکانەوە ئەنجامدران.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی پۆلیسی بەلووچستان، تا ئێستا کوژرانی لانی کەم 10 پۆلیس و 5 کەسی مەدەنی پشتڕاستکراوەتەوە و هێرشەکان چەندین ناوچەی جیاوازی گرتووەتەوە کە بە شێوەی چەکداری و خۆکوژی بوون و لە شارەکانی (کویتا، پاسنی، مەستونگ، نوشکی و گەوادەر) ئەنجامدراون.

لەلایەکی دیکەوە: سوپای پاکستان ڕایگەیاند، هێرشەکان بە لاوازی" ئەنجامدراون و بەهۆی وەڵامدانەوەی خێرای هێزە ئەمنییەکانەوە شکستیان هێناوە، بەڵام بەرپرسانی پۆلیس لە ناوچە جیاوازەکان ئاماژە بەوە دەکەن هێشتا بارودۆخەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە.

زانیاریی زیاتر: بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی، دەسەڵاتداران چەند ڕێککارێکی تووندیان گرتووەتەبەر، لەوانە هێڵەکانی مۆبایل لە ناوچە تێکچووەکان بڕدراون، هەروەها  جووڵەی شەمەندەفەر لە سەرتاسەری پارێزگاکە ڕاگیراوە و هاتووچۆی سەر ڕێگا سەرەکییەکان پەکی کەوتووە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: لە ڕاگەیێنراوێکدا سوپای ڕزگاریخوازی بەلووچستان کە چالاکترین گرووپی چەکداری جووداخوازە لە ناوچەکەدا، بەرپرسیارێتی هێرشەکانی گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند، ئامانجیان بنکە سەربازییەکان و بەرپرسانی کارگێڕی و پۆلیس بووە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەلووچستان دەوڵەمەندترین پارێزگای پاکستانە لە ڕووی سەرچاوە سرووشتییەکانەوە، بەڵام هەژارترین ناوچەی وڵاتەکەیە. جووداخوازە بەلووچەکان چەندین دەیەیە شەڕ دەکەن و دەڵێن حکومەتی ناوەندی سامانەکانیان تاڵان دەکات، هەر بۆیە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان، کرێکارانی دەرەوەی پارێزگاکە و کۆمپانیا بیانییەکانی وزە چڕکردووەتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ