بۆ پشتگیری ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا خۆپیشاندانێکی گەورە بەڕێوەدەچێت

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

لە چوارچێوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، خۆپیشاندانێکی جەماوەری فراوان لە شاری بۆنی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، تێیدا پەیامی سەرۆک بارزانی خوێنرایەوە کە پاڵپشتی و یەکدەنگی کوردانی دیاسپۆرای لە پالپشتی ڕۆژئاوای کوردستانی بەرز نرخاند و جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کێشەکان بە ئاشتی چارەسەر بکرێت و مافەکانی کورد گەرەنتی بکرێت.

چیرۆکی سەرەکی: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، بە بەشداری هەزاران کەس خۆپیشاندانێکی جەماوەری فراوانی ڕەوەندی کوردی، لە شاری بۆن لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، خۆپیشاندانەکە لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەنددی کوردی ڕێکخرا.

پەیامی فەرمی: پەیامی سەرۆک بارزانی، لەلایەن شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی، خوێنرایەوە، کە تێیدا سەرۆک بارزانی سڵاو و ڕێزی تایبەتی ئاراستەی ڕەوەندی کورد کرد و دووپاتی کردەوە جێگەی شانازییە ڕەوەندی کوردی لە شارەکانی ئەوروپا بەشێوەیەکی ئاشتییانە پاڵپشتی خوشک و برایانی خۆیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ توانا و زیندوویەتی ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات، کە هێزێکی گەورە و ئامادە و یەکگرتووە بۆ پاڵپشتی کردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەی بۆ ڕەوەندی کوردی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە؛ لە سەرەتای سەدەی بیستەم خاکی کوردستان بە ناحەقی دابەش کراوە، لە دوای ئەو دابەشکردنە گەلی کوردستان ڕووبەڕووی کارەسات و نەهامەتی و ئازاری زۆر بووەتەوە، بەڵام ئەو بارودۆخە سەختەی دووچاری گەلی کورد هاتووە نەبووەتە هۆی ئەوەی گەلی کورد ئیرادەی خۆی لەدەست بدات و مافی خۆی لەبیر بکات، بەپێچەوانەوە گەلی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و هۆشیارتر لەسەر خەباتی خۆی بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی بەردەوام بوو، لە ڕێگای خەباتیشدا بێژمار قوربانی داوە.

بەشێکی دیکە لە پەیامەکەی سەرۆک بازانی:

٠ هەروەک پارچەکانی دیکەی کوردستان، گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان خەباتێکی دوور و درێژیان هەیە و تێکۆشەر و شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئازار و زیندان و دەربەدەری و ئاوارەیی زۆریان بینیوە، دوای خەباتێکی زۆر ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی تیرۆرستانی داعش بوونەوە، گەنج و لاوانی گەلی ئێمە بە ئازایەتی خۆیان، بە خوێن و قوربانیدان داعشیان تێکشکاند و بوونە پارێزەری مرۆڤایەتی.

٠ ئێستا گەلی ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان دووچاری هەڕەشەیەکی نوێ و دۆخێکی ئاڵۆز و مەترسیدار بوونەوەتەوە، ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەموو تاکێکی کوردە پشتیوانی خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، دەنگی هەر یەکێک لە ئێوە کاریگەرە لەسەر بەرزکردنەوەی مۆراڵ و خۆڕاگری گەلی کورد بە تایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان، پەیامیشە بۆ خەڵکی جیهان بۆ ئەوەی پشتگیری لە مافی ڕەوای کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.

٠ ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوایە کار بە بەرپرسیاریەتی خۆیان بکەن و ڕێگە نەدەن نەهامەتی بەسەر گەلی ئێمە دووبارە ببێتەوە، لە شەڕی داعشدا کورد پارێزەری مرۆڤایەتی بوو، ئێستاش پێویستە مرۆڤایەتی پارێزەری کوردستان بن.

٠ خۆپیشاندان و گردبوونەوە و کۆبوونەوەی ڕەوەندی کوردی، نیشانەیەکی ڕوونە یەکدەنگی نەتەوەییە لە نێو کوردستانیانی دەرەوەی وڵات، ئەمەش ئەوە نیشاندەدات جیاوازی سنووری و بیروڕای سیاسی ناتوانێت پەیوەندی مێژوویی و نەتەوەیی لەنێوان گەلی کورد لاواز و بێهێز بکات، ئێمە یەک نەتەوەین و یەک مێژوومان هەیە و یەک داهاتوومان هەیە، لە خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتر بەشدارین، کوردبوونمان لەسەروی هەموو ئایدۆلۆژیەکە.

٠ کوردبوون پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە، نەک تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ گەلانی ناوچەکە و تەواوی جیهان.

٠ سوپاسی کوردستانیانی دەرەوەی وڵات دەکەم، لە ڕۆژانی ڕابردوو بەهیممەت و بە گڕووتینی زۆرەوە پاڵپشتی خوشک و برایانی خۆتان لە ڕۆژئاوای کوردستان بوونە، هەر ئەوەمان لە ئێوە چاوەڕی دەکرد، پێویستە ئەو پشتیوانیکردنە لە چوارچێوەی ئاشتییانە و ڕێکاری مەدەنی بەردەوام بن.

٠ داواتان لێدەکەم لە هەموو چالاکی و گردبوونەوەکان پابەندی بەهای بەرزی گەلەکەمان و یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتانە بن کە ئێوەی تێدا دەژین و بەهەموو شێوەیەک خۆتان لە کێشە و ئاژاوەگێڕی بەدوور بگرن.

٠ گەلی کوردستان کێشەی لەگەل سیاستی حکومەت و ڕژێمەکان هەیە، هیچ کێشەی لەگەڵ نەتەوەکان نییە، دەبێت هەمووتان ئاگاداری ئەوە بن نابێت ڕق و کێشە لە نێوان کورد و نەتەوەکانی دیکە دروست ببێت، پەیامی گەلی کوردستان، پەیامی ئاشتی و مرۆڤ دۆستی و پێکەوە ژیانە.

٠ داوا لە حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکەم، للەسەر ئاگربەست بەردەوام بن، بۆ چارەسەری کێشەکان پشت بە گفتوگۆ ببەستن و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت گرفت و کێشە سیاسییەکان ببنە هۆی دروست بوونی ناکۆکی نەتەوەیی لە نێوان کورد و عەرەب.

٠ بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی پێویستە کۆتایی بە ئازاردانی کورد و هەوڵی تواندنەوەیان بهێندرێت، لە پاشەڕۆژی سووریا مافی سیاسی و مەدەنی و نیشتمانی گەلی کورد لە دەستووری سووریا گەرەنتی بکرێت.

٠ دەبێت هەموومان پشتی خۆمان بە یەکتر قایم بکەین، دەبێت هەموومان پشتمان بە پاشەڕۆژێکی گەش بۆ گەلی کوردستان قایم بێت.

زانیاریی زیاتر: لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی ڕەوەندی کورد، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارییان کردووە، ڕەوەندی کوردی لەو خۆپیشاندانە جەماوەرییە فراوانە، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وتنەوەی چەندین دروشمی پشتگیری بۆ بەرخوادانی ڕۆژئاوای کوردستان، داوای لە کۆمەڵگای نیوەدەوڵەتی کرد، هەڵویستیان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ