مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆچوونی خۆیان لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا دەخەنەڕوو

شەیری بکە لە:
مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆچوونی خۆیان لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا دەخەنەڕوو

هەردوو ئاڵای هەسەدە و سووریا. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی سووریا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ڕاگرتنی شەڕ و یەکخستنی تەواوی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی هەینی 30-01-2026، هەسەدە و حکومەتی سووریا ڕێککەوتنێکی گشتگیریان ڕاگەیاند، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە هێزە چەکدارەکان لە هێڵی پێشەوەی شەڕ دەکشێنەوە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەچنە هەردوو شاری حەسەکە و قامیشلۆ.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی فەرمیی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، هەردوولا لەسەر ئاگربەستی یەکجاری ڕێککەوتن، کە کشانەوەی هێزەکان لە خاڵەکانی پێکدادان و یەکخستنی قۆناغ بە قۆناغی سەرجەم یەکە سەربازی و کارگێڕییەکان بە تەواوی دەگرێتەوە.

زانیاریی زیاتر: بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە هێزەکانی ناوخۆی حکومەت دەچنە ناو حەسەکە و قامیشلۆ، سێ لیوای هەسەدە و لیوایەکی تایبەت بە کۆبانێ لە چوارچێوەی سوپای سووریادا بە فەرمی ڕێکدەخرێنەوە.

سەرجەم دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەخرێنە ناو دەزگاکانی دەوڵەت، مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد جێگیر دەکرێن و مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بە فەرمی گەرەنتی دەکرێت.

گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی سووریا

•    ڕاگرتنی شەڕ و کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە هێڵەکانی پێکدادان.
•    چوونە ناوەوەی هێزەکانی ناوخۆی دیمەشق بۆ سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ.
•    پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازی لە سێ لیوای هەسەدە و لیوایەکی تایبەت بە کۆبانێ لەناو سوپای سووریادا.
•    تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دەزگاکانی دەوڵەت و جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەران.
•    جێگیرکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی کورد و گەرەنتیی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لەبارەی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە، هەر یەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریا دیموکرات و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، بۆچوونی خۆیان بەم شێوەیە خستەڕوو:

٠ لەبارەی ڕاگرتنی شەڕ و کشانەوەی هێزە سەربازییەکان، مەزڵووم عەبدی، دەڵێت: گرنگترین بابەتی ڕێککەوتنەکە وەستانی شەڕ و ڕێگرییە لە خوێنڕشتن. جەخت دەکاتەوە کە هێزی سەربازیی سووریا ناچێتە ناو هیچ شار و گوندێکی کوردی و دەبێت ئەو هێزانەی لە کۆبانێ نزیک بوونەتەوە لە ماوەی 3 ڕۆژدا بکشێنەوە.

٠ ئیلهام ئەحمەد، پێیوایە ئەم هەنگاوە ڕێگری لە کۆمەڵکوژی گەلی کورد کردووە. ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێککەوتنەکە بناغەیەکە بۆ سەقامگیری و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.

٠ سەبارەت بە چوونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ حەسەکە و قامیشلۆ، مەزڵووم عەبدی دەڵێت، تەنیا هێزی ئاسایش دێنە ناو بازاڕەکان، ژمارەیان سنووردار دەبێت و هیچ دەسەڵاتێکی ئیدارییان بەسەر شارەکانەوە نابێت. تەنیا بۆ پاراستنی ئارامییە و خەڵکەکە دڵنیا دەکاتەوە کە مەترسییان نییە.

٠ ئیلهام ئەحمەد ئەم پرۆسەیە بە بەرپرسانە و قۆناغ بە قۆناغ ناو دەبات و دەڵێت ئامانج لێی پاراستنی کەرامەتی پێکهاتەکان و زامنکردنی هاوبەشیی ڕاستەقینەیە لە بەڕێوەبردنی ئەمنیدا.

٠ لەبارەی پێکهێنانی لیوا سەربازییەکان لەناو سوپای سووریادا، مەزڵووم عەبدی ڕوونیدەکاتەوە کە هەسەدە بە شێوەی لیوای جیاواز لەسەر وەزارەتی بەرگری دەمێننەوە و لە ناوچە کوردییەکان جێگیر دەبن. جەخت دەکاتەوە کە تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان لە ڕووی سەربازییەوە دەپارێزرێت.

٠ ئیلهام ئەحمەد ئاماژە بەوە دەدات ئەم ڕێککەوتنە لەژێر چاودێری و گرەنتیکردنی وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئەمریکا جێبەجێ دەکرێت.

٠ سەبارەت بە تێکەڵکردنی دامەزراوەکان و مووچەی فەرمانبەران، مەزڵووم عەبدی، ئاماژە بەوە دەدات، کارمەندانی دەروازەکان و فڕۆکەخانەکان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و تەنیا میلاکەکەیان دەچێتە سەر حکومەت. ئاماژە بەوە دەکات کە لیژنەی پسپۆڕ دەچنە دیمەشق بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی تێکەڵکردنەکە.

٠ ئیلهام ئەحمەد پێیوایە ئەم تێکەڵکردنە دەبێتە هۆی گەشەپێدانێکی دادپەروەرانە و داوا لە وڵاتانی دەرەوە دەکات ڕۆڵی گەرەنتیکار بگێڕن بۆ ئەوەی مافی فەرمانبەران و دامەزراوەکان وەک خۆی پارێزراو بێت.

٠ لەبارەی مافە نەتەوەییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکانیش، مەزڵووم عەبدی، جەخت دەکاتەوە کە خوێندنی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان بەردەوام دەبێت. دەڵێت ئامانجیان گەڕانەوەی ئاوارەکانی حەسەکە و ناوچەکانی دیکەیە و لە داهاتووشدا کار بۆ جێبەجێکردنی مافەکان لە عەفرین دەکرێت.

٠ ئیلهام ئەحمەد، زۆرترین جەختی لەسەر ئەم خاڵەیە و دەڵێت ڕێککەوتنەکە زەمینەخۆشکەرە بۆ گەڕانەوەی بەکەرامەتی ئاوارەکانی "عەفرین و سەرێ کانیێ" بۆ سەر زێدی خۆیان و پاراستنی ناسنامەی کولتووریی کورد.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ