سەرچاوەیەک بۆ ئاڤا: كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار سەركەوتوو نابێت

شەیری بکە لە:
سەرچاوەیەک بۆ ئاڤا: كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار سەركەوتوو نابێت

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز

هەرچەندە بڕیار دراوە سبەی یەکشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە، بەڵام سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار بە ئاڤای وت بە ئەگەری زۆرەوە نیسابی یاسایی تەواو نابێت و وڵات دەكەوێتە نێو بۆشایی دەستوورییەوە.

چیرۆکی سەرەکی: شەوی ڕابردوو، پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممە 10-02-2026، بڵاوکردەوە، بەگوێرەی کارنامەکە هەڵبژاردن بۆ سەرۆککۆمار دەکرێت.

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند، پێشبینیی دەکەین نیسابی پێویست بۆ دانیشتنەکەی سبەی یەکشەممە کە تایبەت کراوە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تەواو نەبێت.

ئاماژەی بەوە کرد، لەلایەک تا ئێستا پارتی و یەکێتی سەبارەت بەکاندیدێکی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، لەلایەکی دیکەشەوە کاندیدکردنی نووری مالیکی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و ڤیتۆی ئەمریکا لەسەری، دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن نەگاتە ڕێژەی دوو لەسەر سێ کە دەستوور و دادگای فیدراڵی وەک مەرج بۆ کۆبوونەوەکە دیارییان کردووە. 

زانیاریی زیاتر: بەگوتەی سەرچاوەکە، بەدڵنیاییەوە بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن فڕاکسیۆنە گەورەکانەوە ڕوودەدات بەتایبەتی بەشێک لە لایەنە  سوننەکان، ئامانج لێی شکاندنی نیساب و ڕێگریکردنە لە تێپەڕاندنی هەر کاندیدێک کە ڕێككەوتنی نیشتمانیی گشتگیری لەسەر نەبێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ئەگەری شکستخواردنی دانیشتنی سبەی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، عێراق ڕووبەڕووی بۆشایی دەستووری و پێشێلکردنێکی ڕاشکاوی وادە یاساییەکان دەبێتەوە، هەرچەندە ئێستا ئەم بابەتە پەردەپۆش کراوە لەبەرئەوەی وادەی دەستووری هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەڕۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە کۆتایی هاتووە، چونکە بەپێی ماددەی (72/ دووەم) لە دەستووری عێراق، سەرۆککۆماری ئێستا بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکانی تا 30 ڕۆژ لە ڕێکەوتی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکە و لەو ماوەیەشدا پێویستە سەرۆککۆمارێکی نوێ هەڵبژێردرێت.

بە تێپەڕاندنی ئەم ڕێکكەوتنە بێ هەڵبژاردنی سەرۆک، وڵات لە ڕووی یاساییەوە دەچێتە نێو بۆشایی دەستووری یان ئەوەی شارەزایانی یاسا بە داخرانی سیاسی ناوی دەبەن، چونکە میکانیزمی ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن کە دەکاتە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت پەکیدەکەوێت، بەو پێیەی دەستوور دەسەڵاتی ڕاسپاردنی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی تەنیا بە کەسی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو داوە.

لەلایەکی دیکەوە: لە حاڵەتێکدا ئەگەر سبەی سەرۆککۆمار هەڵنەبژیردرێت، قەیرانە بەناوبانگەکەی ساڵی 2010 دووبارە دەبێتەوە، کاتێک عێراق چووە ناو درێژترین ماوەی بۆشایی دەستووری و ئیفلیجی سیاسییەوە کە نزیکەی ساڵێکی تەواوی خایاند، لەو کاتەدا ململانێیەکی تووند لە نێوان لیستی عێراقییە، بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی دروستبوو، کاتێک مالیکی ڕەتیکردەوە دەستبەرداری پۆستی سەرۆکوەزیران بێت سەرەڕای ئەوەی لیستی عەللاوی پلەی یەکەمی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێنابوو، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی سێیەکی پەککەوتنی هەڵبژاردنی  پێکهێنانی حکومەت بۆ چەندین مانگ و قەیرانەکە تەنیا لە ڕێگەی ڕێککەوتنامەی هەولێر بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی چارەسەر کرا.

کاریگەریی و لێکەوتەکان: ئەگەر پەرلەمان سبەی یەکشەممە لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو نەبێت، لێکەوتەکانی بەم جۆرە دەبێت

٠ حکومەتی ئێستا بە دەسەڵاتی سنووردارەوە دەمێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەککەوتنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی و پڕۆژە ستراتیژییەکان.

٠ پێشبینی دەکرێت تانە یان داواکاری نوێ بۆ لێکدانەوە ئاراستەی دادگای فیدراڵی بکرێت بۆ دیاریکردنی دەرچەیەکی یاسایی دوای تێپەڕاندنی وادە دەستوورییەکان، ڕەنگە دادگا بریارێک بە بەردەوامبوونی سەرۆککۆماری ئێستا لە ئەرکەکانیدا بۆ بەڕێکردنی کاروباری ڕۆژانە بدات.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ