باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بۆ ئاڤا: ڕەتكردنەوەی مالیكی لەلایەن ئەمریكا دەستوەردانێكی زەقە لە كاروباری عێراق

شەیری بکە لە:
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بۆ ئاڤا: ڕەتكردنەوەی مالیكی لەلایەن ئەمریكا دەستوەردانێكی زەقە لە كاروباری عێراق

محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا. وێنە؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بە ئاڤای وت، دژایەتیی ئەمریكا بۆ كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ سەرۆكایەتیی حكومەت، دەستوەردانێكی زەقە لە كاروباری سیاسیی عێراق، هیچ کەس و وڵاتێک ئەو مافەی نییە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتێكی خاوەن سەروەریی هاوشێوەی عێراق بكات.

چیرۆکی سەرەکی: محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، لە بەرنامەی 'دوو قسە'ـی ئاڤا میدیا كە ئەمشەو سەعات 9:00 پەخش دەكرێت، وەڵامی چەند پرسێكی پەیوەست بە ناوخۆی عێراق و ناوچەكەی داوەتەوە، بەتایبەت پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ و هەڵوێستی ئەمریكا لەسەر دژایەتیكردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق و هەڵوێستی ئێران لەبارەی سەرۆككۆماری داهاتووی عێراق.

لێدوانی فەرمی: باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بە ئاڤای وت: دوای ئەوەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدکردنی نووری مالیکی ڕێککەوتن، ئێران پیرۆزبایی ئەو هەنگاوەی لێ کردن، بەو پێیەی مالیكی كەسێكی خاوەن ئەزموونە و لە بەڕێوەبردنی وڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و ئاڵنگارییەكان لەماوەی دوو كابینەی حكومەتدا، تاقیكراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق خۆی بڕیار لەسەر سەرۆکوەزیرانی خۆی دەدات. ئاساییە هەر وڵاتێک هەوڵ بدات سەرۆکوەزیرانەکەی کەسایەتییەکی بەهێز، کارا و پیشەیی و خاوەنی ئەزموون بێت، دژایەتیی ترەمپ بۆ كاندیدكردنی مالیكی كە هەمان هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و تۆم باراکە، دەستوەردانێكی زەقە لە كاروباری سیاسیی عێراق؛ هیچ کەس و وڵاتێک مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتێکی خاوەن سەروەریی وەک عێراقدا بکات.

زانیاریی زیاتر: لەبارەی ئەگەری گۆڕینی كاندیدی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، ئال سادق وتی، ئێران لەگەڵ هەر كاندیدێكە كە چوارچێوەی هەماهەنگی دیاری بکات، چونکە ئەوان كوتلەی زۆرینەی پەرلەمانی عێراقن و بڕیاری کاندیدکردن بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە: سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و ڕێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش، باڵیۆزی ئێران دەڵێت: ئێمە داوامان لێکردوون لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون، تەنانەت لە دیدارم لەگەڵ سەرکردە کوردەکان، وتەیەکی بەڕێز بارزانیم بیرهێنانەوە کە دەڵێت "کاری سیاسی دەبێت لەسەر بنەمای شەراکەت، تەوافوق و هاوسەنگی بێت"،  بەڕەچاوکردنی ئەم سێ خاڵە، هەردوو حیزبە گەورەکە بگەنە ڕێککەوتن. ئەو پرسە بۆ خودی حیزبەكان جێدەهێڵین، ئەوان داوای مۆڵەتیان لە چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە بۆ ڕێککەوتن و هیوادارین پێش کۆتاییهاتنی وادە دەستوورییەکان بگەنە ئەنجام.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ