مەزڵووم عەبدی قسە بۆ ئاڤا دەکات و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
مەزڵووم عەبدی قسە بۆ ئاڤا دەکات و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکات

دیداری سوورەیا هەساری و مەزڵووم عەبدی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هیزەکانی سووریای دیموکرات، لە حەسەکە پێشوازی کرد لە سوورەیا هەساری پێشکەشکارو ئەستێرەی ئاڤا میدیاو تیمەکەی کرد پێش ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بگەرێتەوە باشووری کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەت ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی خۆیی و ئەحمەد شەرع و ڕێککەوتنەکەی بۆ ئاشکرا کردوون.

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی هەینی 30-01-2026، هەسەدە و حکومەتی سووریا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و یەکخستنی تەواوەتیی دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکان، بەپێی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، سوپای سووریا لە حەسەکە و کۆبانی دەکشێتەوە، لە بەرامبەریشدا یەکەکانی هێزی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ.

لێدوانی تایبەت: مەزڵووم عەبدی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی خۆی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاو ڕێککەوتنەکەی بۆ ئاڤا ئاشکرا کرد و وتی: هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بەشێوەیەکی سیمبولی دێنە ناو شارەکانی قامیشلۆو حەسەکە، ژمارەیان ئەوپەڕی 100 کەس دەبێت. بە چەند ئۆتۆمبێلێک دێنە ناو شارە کوردییەکان، هەر ئۆتۆمبێلێک پێنج کەسی تێدایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، فەرماندەی ئاسایشی حەسەکە کە دیمەشق دەینێرێت عەرەبە، لەبەر ئەوەی کە ڕێژەی عەرەب لە حەسەکە زۆرە، یاریدەدەرەکەیشی کوردێک دەبێت، بەڵام بەڕێوەبەری ئاسایشی ناو شاری حەسەکە کورد دەبێت، هەروەها بەڕێوەبەری ئاسایشی شارە کوردییەکانی تریش هەر کورد دەبن.

دەقی قسەکانی دیکەی مەزڵووم عەبدی بۆ ئاڤا:

٠ بەپێی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، کورد چوار لیوای دەبێت لەنێو سوپای سووریادا، سیانیان هەسەدەن لەپارێزگای حەسەکە، لیوایەکیش لە کۆبانێ بەناوی هێزەکانی کۆبانێ.

٠ هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە، وەکو خۆیان دەمێننەوە، ئاسایشی سەر بە حکومەتی سووریایش، لەنێوان شارە کوردییەکاندا هیچ بازگەیەکیان نابێت.

٠ چەندین جار داوایان لێکردووم پۆست وەربگرم، وەکو جێگری وەزیری بەرگری سووریاو چەندین پۆستی دیکەیش، بەڵام من ڕەتمکردووەتەوەو وتوومە لەناو خەڵک و شەرڤانان دەمێنمەوەو پۆستم ناوێت.

٠ ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئۆنلاین بووە، پرۆسەی جێبەجێکردنیشی کاتی دەوێت، لەماوەی ئەم شەڕەیشدا چوار جار ئەحمەد شەرعم بینیوە.

٠ هێزەکانی یەپەژەیش وەکو خۆیان دەمێننەوە هەتا میکانیزمێکیان بۆ دەدۆزرێتەوە.

٠ ئەگەر شەڕ نەما، ئەندامەکانی هەسەدە کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان نین دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان،  ئەگەریش حەز بکەن، دەتوانن لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ بن وەکو هاوڵاتییەکی ئاسایی.

٠ بەڕاستی سەرکردایەتی کورد لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی زۆر کاریگەرییان هەبووە، رۆژانە پەیوەندییان هەبووە، بەردەوام ئاگاداری دۆخەکە بوون و لەگەڵ ئێمە بوون، لەمەودوا خۆم کار بۆ یەک دەنگی و یەکخستنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەم، بۆ ئەوەی وەکو یەک بەرەی کوردی مامەڵە لەسەر هەر پرسێک بکەین، کاری سەرەکی من لەمەودوا ئەوە دەبێت.

٠ خۆپیشاندانەکان و یەک دەنگی کورد کاریگەری هەبووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایە سەر هێڵ.

٠ ترەمپ پەیامی بە شەرع داوە کە نابێ کۆمەڵکوژی دژی کورد هەبێت.

٠ ماکرۆن زۆرترین هەڵوێستی هەبووە، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە سەر هێڵ.

مەزڵووم عەبدی سوپاسی سوورەیا هەساری و ئاڤا میدیای کرد کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە گەیاندنی دەنگی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە جیهان.

لەلایەکی دیکەوە: سوورەیا هەساری و تیمی ئاڤا میدیا، پێش ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بگەڕێنەوە، سەردانی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەریشیان کرد.

ئیلهام ئەحمەد بە ئاڤای وت: ئێمە دەمانەوێت لە قۆناغی داهاتوودا کار لەسەر ئەوە بکەین، سیاسەت ڕۆڵ ببینێت زیاتر، لە دەستوورو پەرلەماندا وجودی کورد بسەلمێنین، لەسەر ڕێژەی بەشداریکردنی کوردیش لە پەرلەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دانوستاندنداین.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ