چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئاڤا: بۆ یەکلایکردنەوەی پرسی سەرۆککۆمار شاندێکمان سەردانی هەولێر دەکات

شەیری بکە لە:
چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئاڤا: بۆ یەکلایکردنەوەی پرسی سەرۆککۆمار شاندێکمان سەردانی هەولێر دەکات

کۆبوونەوەی چوارچیوەی هەماهەنگی

ئاڤا نیوز


لەبارەی هاتنی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەولێر، لێدوانی جیاواز دەدرێت. دوو سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێن، سبەی شاندێک کە پێکهاتوون لە سوودانی، هادی عامری و مەندەلاوی سەردانی هەولێر دەکەن، بەڵام ئەندامێکی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، ئەگەر کۆبوونەوەی سبەی دواخرا، ئینجا شاندەکە سەردانی هەولێر دەکەن.


لێدوانی فەرمی:
عامر فائز، یەکێک لە سەرکردەی شیعەکان و بەشداربووی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگیی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا سەرجەم پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق بن کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەو مەرجەی هەردوو لایەنە کوردییەش تیایدا بەشداربن و لەسەر یەک کاندید بگەنە ڕێککەوتن.


فائز، وتیشی: ئەگەر پارتی یان یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد، ئەوە مانای وایە کۆبوونەوەکەش نیسابی یاسایی نابێت، پێویستە لانیکەم 220 پەرلەمانتار تیایدا ئامادە بن، لەو کاتەشدا کۆبوونەوەکە دوادەخرێت و چوارچێوەی هەماهەنگیی جارێکی دیکە هەوڵی نێوەندگیریی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان دەستپێدەکاتەوە.


زانیاریی زیاتر:
بەگوتەی عامر فائز، "ئەگەر سبەی سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردرا، لە ڕۆژی دووشەممە بەدواوە شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات تا نێوەندگیریی لەنێوان پارتی و یەکێتی بکات و هانی هەردوولا بدات لەسەر کاندیدێک ڕێکبکەون،" ئاشکراشیکرد کە تائێستا ناوی ئەندامانی شاندەکە بۆ کوردستان دیارینەکراوە.


لەلایەکی دیکەوە:
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەدر بۆ ئاڤا وتی: "سبەی شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەولێر دەکەن و دەیانەوێت بەهەر شێوەیەک بێ کۆدەنگی لەسەر سەرۆککۆمار دروست بێ و پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەت."

هاوکات ئەحمەد مەعموری، وتەبێژی هاوپەیمانی ئەساس بە ئاڤای وت: "بەمەبەستی نزیککردنەوە دواتر گەیشتن بەلێکتێگەیشتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بڕیارە سبەی شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێک هاتووە لە سودانی وعامری و مەندەلاوی سەردانی هەولێر دەکەن."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: