هێزە ئەمنییەکانی سووریا گەیشتنە حەسەکە

شەیری بکە لە:
هێزە ئەمنییەکانی سووریا گەیشتنە حەسەکە

دیمەنی هێزە ئەمنییەکانی سووریا لەکاتی چوونیان بۆ حەسەکە. وێنە؛ AP

ئاڤا نیوز

وەک قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ڕۆژی 30-1ـی ئەمساڵ کە لەنێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع واژۆ کرا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا چوونە ناو حەسەکە و بەشێکیشیان چوونە ناو شاری کۆبانێ.

زانیاریی پەیامنێر: عوبێد بەشار، پەیامنێری ئاڤا لە حەسەکە دەڵێت: هێزێکی زۆری ئاسایش و دژەتیرۆری ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر ڕێگای سەرەکی هاتنە ناوەوەی حەسەکە پارێزگارییان لەو هێزە کرد و بەشێوەیەکی سەلامەت گواسترانەوە ئەو شوێنانەی بۆیان دیاری کرابوو.

بەپێی ڕێککەوتنەکە ژمارەی ئەو هێزانە 100 چەکداری ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریان و بە 15 ئۆتۆمبێل هاتوون، بۆ ماوەیەکی کاتی دەمێننەوە، هەندێ سەرچاوە دەڵێن لە 15 ڕۆژ تێپەڕ ناکات.

لێدوانی فەرمی: مەروان ئەلعەلی، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی حەسەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، ئەوان پابەندی هەر بڕیارێکن کە لە دیمەشق دێت و بڕیاردراوە ئاسایشی شارەکە بپارێزن و لە ڕۆژانی داهاتووشدا بارودۆخ بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە.

پەیامنێری ئاڤا پرسیاری ماوەی مانەوەی ئەو هێزانەی لە بەڕێوەبەری گشتی ئاسایش کرد، ئەو وەڵامی نەدایەوە.

زانیاریی زیاتر: ئەگەرچی قەدەغەی هاتووچۆ لە کاتژمێر 6ـی بەیانی ئەمڕۆ تا کاتژمێر 6ـی ئێوارە بەردەوامە، بەڵام بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکە عەرەبنشینەکانی حەسەکە، قەدەغەی هاتووچۆیان شکاند، لە بەرامبەردا هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر ڕێگرییان لێ کردن، بۆیە لەو گەڕەکانە دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا.

لەلایەکی دیکەوە: ڕەدوان بیزار، پەیامنێری ئاڤا لە کۆبانێ دەڵێت: بەهۆی ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا ڕێککەوتنەکەیان پێشێل کردووە و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیان لە 25 ئۆتۆمبێلەوە زیادکردووە بۆ 200 ئۆتۆمبێل، بۆیە ڕێگا لە هاتنە ژوورەوەی ئەو هێزانە گیراوە و ئێستا لە گوندی شێخلەرن کە زۆربەی دانیشتوانەکەی عەرەبن و 30 کیلۆمەتر لە سەنتەری کۆبانێ دوورن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ