زێڕینگەرێک: لەسەر شەقام و كۆڵانەكان كڕین و فرۆشتن بە زێڕ و زیو دەکرێت

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
زێڕینگەرێک: لەسەر شەقام و كۆڵانەكان كڕین و فرۆشتن بە زێڕ و زیو دەکرێت

دوکانێکی زێڕینگەر لە شاری هەولێر

ئاڤا نیوز


پسپۆڕێكی ئابووری كە خۆی پیشەی زێڕینگەرە ئاماژە بەوە دەكات، بازاڕی زێڕ و زیو لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێک شڵەژاوە كەسانێكی ناشارەزا بەبێ ئەوەی مۆڵەتی فەرمیی پیشەی زێڕینگەریان هەبێت، لەسەر شەقام و لەنێو كۆڵانەكان كڕین و فرۆشتن بە زێڕ و زیوەوە دەكەن.


وێنە گەورەكە: ناسەقامگیریی ئەمدواییەی بازاڕی زێڕ و زیو وایكردووە، خەڵكانێک لە سەرجەم چین و توێژەكان، واز لە كار و پیشەی خۆیان بهێنن، لەسەر شەقام و لە نێو كۆڵانەكان كڕین و فرۆشتن بە بڕێكی زۆری كانزاكانەوە بكەن، بێ ئەوەی مۆڵەتی فەرمییان هەبێت یاخود شارەزاییان لە زێڕ و زیو هەبێت.


لێدوانی فەرمی: وریا مەلا یاسین، پسپۆڕی ئابوورییە و پیشەی زێڕینگەرە، تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند: "لەكاتێكدا نرخی كیلۆیەک زیو لە بۆرسەی جیهانی لەنێوان سێ هەزار و 700 دۆلار بۆ سێ هەزار و 800 دۆلار بوو، كەچی نرخەكەی لە هەرێمی  كوردستان گەیشتبووە پێنج هەزار و 400 دۆلار، هۆكارەكەشی بۆ ناشارەزایی بەشێک لە هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە كە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی ڕوویان لە كڕینی زیو كرد."


پێدراوە ڕاستییەكان: لەماوەی ڕابردوودا، كەسانێک بڕی 20 كیلۆ تا 30 كیلۆ زیویان لەسەر شەقام و لەنێو كۆڵانەكان لە خەڵكانێک دەكڕی كە پیشەی خۆیان زێڕینگەر نییە، بەڵكو لە بنەڕەتدا کاری دەیکەیان دەکرد، كەچی ناسەقامگیری بازاڕی كانزاكانیان بە دەرفەت زانیوە و ڕوویان لەو مامەڵەیە كردووە، بێ ئەوەی شارەزاییان لێ هەبێت یاخود پیشەی فەرمیی خۆیان بێت.


خاڵە نەرێنییەكان: ئەم جۆرە مامەڵە نادروستە جگە لەوەی نرخی زیوی لە بازاڕەكانی هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەكی نائاسایی بەرزكردەوە، هاوكات ئەگەری فێڵكردن لە خەڵكی و ساختەكردنی كانزاكانیش هەیە، بەو پێیەی مامەڵەكە لە شوێنێكی فەرمی و مۆڵەتپێدراو نەكراوە تا لە حاڵەتی ڕوودانی فێڵ، كەسی كڕیار بۆی بگەڕێتەوە، بە واتایێكی تر؛ جۆرێک لە نادڵنیایی لە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زێڕ و زیو دروست دەكات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ