ئاڤا ئاماری سێ ساڵی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە

شەیری بکە لە:
ئاڤا ئاماری سێ ساڵی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە

بەشێک لەو ماددە هۆشبەرانەی لەناوبراون

ئاڤا نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە سێ ساڵدا زیاتر لە هەزار و 700 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری لەناوبردووە و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت: "147 هەزار شیت حەبی هۆشبەری تێدا بووە."

لێدوانی فەرمی: نەقیب ئەركان بیبانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، هەستاین بە لەناوبردنی بڕی 120 کیلۆ و 464 گرام لە ماددەی هۆشبەر و حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر کە پێکهاتبوون لە کریستاڵ، هێرۆیین، تلیاک، حەشیش، ماریجوانە، گراس، یەک تۆپ قوماش، دوو دانە قەمسەڵە و دوو دانە کڵاو کە بە ماددەی هۆشبەر ڕووپۆش کرابوون؛ لەگەڵ 38 دانە جگەرەی هۆشبەر، هەشت دانە دەرزیی هۆشبەر، 22 دانە شرووبی هۆشبەر، 898 دانە لە کەلوپەل و ئامێری بەکارهێنان و کێشانی ماددەی هۆشبەر.

ژمارەکان وا دەڵێن: لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەزار و 747 کیلۆ و 500 گرام ماددەی هۆشبەر، حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر و 147 هەزار شیت حەبی دیکە، هەزار و 959 دانە حەبی فەلی جۆراوجۆر، شەش هەزار و 633 دانە دەرزی و شرووبی هۆشبەری ماوەبەسەرچوو، دوو هەزار و 866 دانە لە کەلوپەل و ئامێری بەکارهێنان و کێشانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن ئەم لیژنەیەوە بە چەند قۆناغێك لەناوبراون.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ساڵانی 2023، 2024 و 2025دا، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە، دوو هەزار و 113 دۆسیەی ڕەوانەی دادگا تایبەتمەندەکانی کەتن و تاوان کردووە؛ دۆسیەکان یەکلایی کراونەتەوە و پلەی بنبڕیان وەرگرتووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: