دوای کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح؛ یەکەم کاروانی بریندارانی کەرتی غەززە گەڕانەوە

شەیری بکە لە:
دوای کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح؛ یەکەم کاروانی بریندارانی کەرتی غەززە گەڕانەوە

یەکەم کاروانی بریندارانی کەرتی غەززە

ئاڤا نیوز

یەکەم کاروانی بریندارانی کەرتی غەززە، لە ڕێگەی تاکە دەروازەی سنووریی ڕەفەح لە میسرەوە گەیشتنەوە نێو غەززە، کە ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بوو لەلایەن ئیسرائیلەوە دەروازەکە داخرابوو.

زانیاریی زیاتر: پاسەکە تەنیا 12 سەرنشینی هەڵگرتبوو کە سێیان منداڵ بوون و ئەوانی دیکەش ئافرەت بوون؛ ئەوان بەهۆی جەنگی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە بریندار ببوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەشتی دەرەوەی کەرتەکەیان کردبوو.

ئەمەش بزانە: پرۆسەی گەڕانەوەی یەکەم کاروانی بریندارانی غەززە 20 کاتژمێری خایاند، ئەمەش بەهۆی پشکنینی ورد و ڕێکاری توندی ئەمنی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.

بڵاوکراوەی فەرمی: بەگوێرەی سەرچاوە فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان، پلانی یەکەم ڕۆژی کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح بریتی بوو لەوەی 50 برینداری غەززە لەگەڵ کەسوکاری هاوەڵیان لە غەززە بچنە دەرەوە، لە بەرامبەر گەڕانەوەی 50 برینداری گیرخواردوو لە میسر، بەڵام ئیسرائیل ڕێگەی بەوە نەداوە و تەنیا ڕێگەی داوە پێنج بریندار لە کەرتەکە بچنە دەرەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دەروازەی ڕەفەح ڕۆژی یەکشەممە بە شێوەیەکی تاقیکاری کرایەوە و ڕۆژی دواتر بە شێوەیەکی کردەیی بەڕووی گەشتیارانی کەرتی غەززەدا کرایەوە. دەروازەکە لە ساڵی 2024ـەوە، جگە لە ماوەیەکی کەم، نەکرابووەوە. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، دەروازەکە "تەنیا بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان" دەکرێتەوە، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی میسری و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەمنیی پێشوەختە لەلایەن ئیسرائیلەوە و لەژێر چاودێریی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپادا.

٠ سوپای ئیسرائیل ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە گەڕانەوەی فەڵەستینییەکان لە میسرەوە بۆ غەززە، تەنیا بۆ ئەو کەسانە ڕێگەپێدراوە کە لە کاتی جەنگدا کەرتی غەززەیان بەجێ هێشتووە، ئەمەش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەمنیی ئیسرائیل.

پەیوەست بەم بابەتەوە: بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، ئێستا نزیکەی 20 هەزار فەڵەستینیی نەخۆش چاوەڕێی جێهێشتنی کەرتی غەززە دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە میسر؛ لەنێویاندا 440 حاڵەتی سەخت هەیە کە ژیانیان لە مەترسیدایە، هاوکات نزیکەی چوار هەزار نەخۆشیی شێرپەنجە و چوار هەزار و 500 منداڵ لە لیستی چاوەڕوانیی فریاگوزاریدا هەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: