دوو خوشکی نابیست لە هەولێر بە کاری دەستی بژێوی خێزانەکەیان دابین دەکەن

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

دوو خوشکی دانیشتووی شاری هەولێر، کە خاوەن پێداویستیی تایبەتن، ماوەی 11 ساڵە لە ڕێگەی کاری دەستییەوە بوونەتە سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکەیان و هاوکات هاوکاری کەسانی هاوشێوەی خۆیان دەکەن.


چیرۆکی سەرەکی: شنۆ عەزیزی تەمەن 42 ساڵ، کە توانای قسەکردن و بیستنی نییە، نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەو نابیستانەیە کە نەک تەنها لە ماڵەوە کاری دەستی دەکات، بەڵکو وەک مامۆستاش لە پەیمانگەی "هیوای نابیستان" وانە دەڵێتەوە. بۆکان عەزیزی خوشکیشی کە تەمەنی27 ساڵە، کە ئەویش کەمبیستە، هاوبەشی کارەکانی شنۆیە و دەڵێت: "خاوەن پێداویستی تایبەت بوون نەبووەتە ڕێگر لەبەردەممان و خودا بەهرەیەکەی زۆری پێداوین کە خەڵکی لێی ڕازین."

- ئەم دوو خوشکە تەنها کار بۆ خۆیان ناکەن، بەڵکو بوونەتە ڕێپیشاندەر بۆ کەسانی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت و فێری کاری دەستییان دەکەن، تاوەکو ئەوانیش بتوانن لە ڕێگەی بەهرەکانیانەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن و پشت بە خۆیان ببەستن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: شیراز عەزیز، خوشکی ئەو دوو کارامەیە، بە پەیامنێری ئاڤا، نەجات فارسیان ڕایگەیاند: بەرهەمەکان بە شێوەی ئۆنڵاین دەفرۆشرێن و خواستی زۆریان لەسەرە. ئاماژەی بەوەش کرد کە خوشکەکانی لێهاتووییەکی زۆریان لە جێبەجێکردنی دیزاینە جیاوازەکاندا هەیە و هەر داواکارییەک لەلایەن کڕیارەوە هەبێت بە وردی و جوانی ئەنجامی دەدەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: