ناوی کوردستان و هەولێر لە دۆسیەی جێفری ئێپستیندا

شەیری بکە لە:

 

ئاڤا نیوز

لە ناو ئەو سێ ملیۆن و نیو بەڵگەیەی کە وەزارەتی دادی ئەمریکا لەسەر دۆسیەی "جێفری ئێپستین" بڵاویکردوونەتەوە، ئیمەیڵێکی تێدایە کە تێیدا ناوی کوردستان و شاری هەولێر هاتووە. ئیمەیڵەکە پەیوەندی بە داواکارییەکەی پیتەر ماندێڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی لۆردەکانی بەریتانیاوە هەیە، کە لە کاتی سەردانێکی بۆ هەولێر داوای فڕۆکەی تایبەتی لە ئێپستین کردووە.

چیرۆکی سەرەکی: بەپێی بەڵگەکان، لە 16ی ئابی 2011، پیتەر ماندێڵسن کە وەک ڕاوێژکاری کۆمپانیا بەریتانییەکان لە عێراق کاری کردووە، ئیمەیڵێکی بۆ جێفری ئێپستین ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: "لە شاری هەولێرم لە کوردستان، دەتوانی فڕۆکەیەکم بۆ بنێری من لێرە بباتە دەرەوە؟"، لە وەڵامدا ئێپستین تەنها نووسیویەتی: "ئێستا؟".


زانیاریی زیاتر: ئەم پیاوە پێشتریش ئیمەیڵی بۆ ئێپستین ناردووە، لە یەکێکاندا بۆی نووسیوە: لە کوێی بیرت ئەکەم. واتە هاوڕێی یەکتر بوون و زوو زوو یەکیان دیوە.


لە دانەیەکی تریش ئێپستین داوای لێکردووە ئیمەیڵە نهێنییەکانی ناو حکومەتی بەریتانیای بۆ بنێرێت، چونکە لەو کاتەدا واتە ساڵانی 2007 بۆ 2010 وەزیری بازرگانی و جێگری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بووە.


- ئەویش هەموو ئیمەیڵەکانی بۆ ناردووە، بابەت هەبووە ئێپستین تێینەگەیشتووە پێی وتووە ئەو بابەتە چییە؟ ئەویش لە وەڵاما هەمووی بۆ ڕوونکردووەتەوە.

- ئێستا فشارێکی زۆر لە بەریتانیا هەیە بۆ ئەوەی ئەم کەسە لە پۆستەکەی لە ئەنجومەنی لۆردەکانی بەریتانیا دووربخەنەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: مەرج نییە ئەوەی ناوی لەم ئیمەیڵانە هەبێت تێوەگلابێت لە کارە خراپەکانی ئێپستین، چونکە ئەم کەسە دەوڵەمەند بووە و پەیوەندییەکی زۆری هەبووە، لە ئاهەنگەکان خەڵکی زۆری دیوە، هەندێک کەس تەنیا وایانزانیوە سەرمایەدارە و حەزیان کردووە قسەی لەگەڵ بکەن یان نانێکی لەگەڵ بخۆن. هەروەها سەبارەت بە ئیمەیڵەکانیش هەندێکیان تەنیا شرۆڤەیە لەنێوان خۆی و چەند هاوڕێیەکی دا، باسی ڕووداوەکانی ئەو کاتانە دەکەن مەرج نییە ڕاست بن.

وێنە گەورەکە؛ دۆسیەی جێفری ئێپستین، سەرمایەداری کۆچکردووی ئەمریکی، بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانە سێکسییەکان و پەیوەندییە فراوانەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان، جیهانی هەژاندووە. ناوی کەسایەتییەکی زۆری وەک دۆناڵد ترەمپ، بیڵ کلنتن، ئیلۆن مەسک و بیڵ گەیتس لە ناو بەڵگەکاندا هاتووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: