ئاڤای خەڵک: لە پیرەمەگروون خەڵک و شارەوانی کێشەی جیاوازیان هەیە

شەیری بکە لە:
ئاڤای خەڵک: لە پیرەمەگروون خەڵک و شارەوانی کێشەی جیاوازیان هەیە

ئاڤا نیوز

گەڕەکی شەهیدانی قەزای پیرەمەگروون 15 ساڵە بنیاتنراوە بەڵام تا ئێستا نەوەک قیر و چیمەنتۆ، تەنانەت کۆڵانەکانی چەوڕێژیش نەکراون. شارەوانیی پیرەمەگونیش دەڵێت ئەوانیش کێشەی ئامێریان هەیە و لەرێگەی ئاڤا داوا دەکەن بۆیان چارەسەر بکرێت.

چیرۆکی سەرەکی: لە قەزای پیرەمەگروونی سلێمانی گەڕەکێک هەیە بە ناوی شەهیدان، 15 ساڵە بنیاتنراوە بەڵام کۆڵانەکانی نە قیر و نە کۆنکرێت  نەکراون، دانیشووانەکەی دەڵێن بە زستان و بەهار ژیانیان نەماوە بەدەست قوڕ و چڵپاو، بە هاوین و پایزیش تەپوتۆز کوێریان دەکات.


داواکاریی خەڵک: ڕەفیق حەمەئەمین و شڤان ستار دانیشتوونی گەڕەکەکەن، قسەیان بۆ ژیوار عەبدولڕەحمان پەیامنێری ئاڤا کردووە، دەڵێن: تەنها یەک کێشەمان هەیە ئەویش خراپی کۆڵانەکانە، ژیانمان تاڵ بووە بەدەست قوڕ و چڵپاو، ئەگەر بۆشمان قیرناکەن داوا دەکەین هیچ نەبێت بۆمان چەوڕێژ بکەن، داواکاریمان ئەوەیە ڕزگارمان بێت لەدەست ئەم بارودۆخە ناخۆشە.

لێدوانی فەرمی: پێشڕەو عومەر 29 ڕۆژە وەک سەرۆکی شارەوانیی پیرەمەگروون دەستبەکار بووە، لەڕێگەی ئاڤا میدیا بەڵێن بە خەڵکی پیرەمەگروون دەدات پلان و کاری باشیان داناوە، لە هەوڵیشدان کێشەی گەڕەکی شەهیدان چارەسەر بکەن.

گۆشەیەکی دیکە: شارەوانیی پیرەمەگروون ئەوانیش کێشەیان هەیە، داوایان لە ئاڤا میدیا کرد دەنگی ئەوانیش بگەیێنێت.  پێشڕەو عومەر دەڵێت تەنها شۆفڵێک و گرێدەرێکمان هەیە، ماوەی 7 مانگە لەکارکەوتوون و پێویستیان بە چاککردنەوەیە، داوا دەکەین بۆمان چاک بکەنەوە، ئێمەش بەڵێن دەدەین یەکسەر دەست بە چەوڕێژکردنی کۆڵانەکانی گەڕەکی شەهیدان دەکەین، دواتریشن چیمەنتۆ یان قیریان دەکەین.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: