وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی تایبەت بە پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێل ڕەت دەکاتەوە

شەیری بکە لە:
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی تایبەت بە پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێل ڕەت دەکاتەوە

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای (PVI)

ئاڤا نیوز

کۆمپانیای (PVI) گۆڕانکاریی لە تێچووی ساڵانەی پشکنینی تەکنیکی (هەزە)ـی ئۆتۆمبێل کردووە؛ هەر ئۆتۆمبێلێک ساڵێک بەسەر پشکنینەکەیدا تێپەڕ بووبێت، جگە لە تێچووی پشکنینەکە، 50٪ـی ئەو ڕێژەیەی وەک کرێی دواکەوتن لێ وەردەگیرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ ئەم بڕیارە ڕەت دەکاتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: چەند ناوەندێکی پشکنینی ئۆتۆمبێل لە هەولێر هەن کە لە لایەن کۆمپانیای (PVI)ـیەوە سەرپەرشتی دەکرێن و ساڵانە پشکنین بۆ سەلامەتیی ئۆتۆمبێل دەکەن. لە بەرامبەر پشکنینی هەر ئۆتۆمبێلێکدا بڕێک پارە وەردەگیرێت؛ بە شێوەیەک ئۆتۆمبێلی 4 پستۆن 20 هەزار و ئۆتۆمبێلی شەش پستۆن 23 هەزار دینارە.

زانیاریی زیاتر: کۆمپانیای (PVI) لە نووسراوێکدا ئاگاداری شوفێران دەکاتەوە کە لە ڕێکەوتی 2026-03-01 بەدواوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کاتی خۆیدا سەردانی بنکەکانی کۆمپانیا ناکەن بۆ پشکنین، بەم شێوەیەی خوارەوە کرێی پشکنینیان لێ وەردەگیرێت:

٠ ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە وادەی خۆیاندا پشکنین دەکەن، کرێی پشکنینیان وەک خۆی دەمێنێتەوە.

٠ ئەو ئۆتۆمبێلانەی یەک ساڵ دوا دەکەون، جگە لە کرێی پشکنینی ئاسایی، 50٪ـی ئەو ساڵەی دواکەوتووە وەردەگیرێت؛ واتە ئۆتۆمبێلێکی چوار پستۆن جگە لە تێچووی ئاسایی کە 20 هەزار دینارە، 10 هەزاری دیکەش وەک کرێی ئەو ساڵەی دواکەوتووە دەدات.

٠ ئەو ئۆتۆمبێلانەی ساڵێک زیاتر پشکنینەکەیان دواکەوتووە، بەم شێوەیە دەبێت: کرێی ئاسایی + 50٪ـی کرێی دواکەوتنی ساڵی یەکەم + 100٪ـی کرێی دواکەوتنی پشکنینی ساڵی دووەم بۆ سەرەوە.

٠ ئەم هەنگاوەی کۆمپانیای (PVI) بۆ پاراستنی سەلامەتیی ئۆتۆمبێلەکانە. بەگوێرەی دوایین داتای ئەو کۆمپانیایە، لە کۆی نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل، نزیکەی 350 هەزار ئۆتۆمبێل پشکنین دەکەن، ئەمەش وەک بەشێک لە سەرپێچیی هاتووچۆ ئاماژەی پێ دەکرێت.

٠ بەشێکی شوفێران گلەیییان هەیە و زیادکردنی ئەو کرێی دواکەوتنە بە نایاسایی دەبینن. لەسەر ئەم بابەتە سیروان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای (PVI)، بە ئاڤای گوت: ئەم نووسراوە لە لایەن بەشی یاساییی کۆمپانیاوە دەرکراوە و لە ڕووی یاسایییەوە ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆی هەیە و هیچ گرفتێکی نییە.

لە لایەکی دیکەوە: هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ، بە ئاڤای ڕاگەیاند: ئەو نووسراوەی (PVI) ڕەت کرایەوە و کاری پێ ناکرێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا بۆ سەلامەتیی خۆتان پێویست دەکات ساڵانە و بەردەوام پشکنینی توندوتۆڵیی ئۆتۆمبێلەکانتان بکەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ