ئاڤای خەڵک؛ دانیشتووانی سەیدسادق بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

دانیشتووانی قەزای سەیدسادق نیگەرانیی خۆیان لە کەمیی خزمەتگوزارییەکان و وەستانی پڕۆژە ستراتیژییەکان دەردەبڕن، قایمقامی قەزاکەش وادەی دەستپێکردنەوەی بەشێک لە پڕۆژەکان و کێشەی بودجەی بەشەکەی تریان بۆ ئاڤا ئاشکرا دەکات.

چیرۆکی سەرەکی: قەزای سەیدسادق کە دەکەوێتە ناوەندی دەشتی شارەزوور و 120 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن، وەک خاڵێکی بەیەکگەیشتنی ستراتیژی لە نێوان سلێمانی، هەڵەبجە و پێنجوێن دادەنرێت. دانیشتووانەکەی بەدەست کەمیی کارەبا و بەرزیی نرخی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە دەناڵێنن و داوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی دەکەن.

جگە لە کێشەی وزە، چەند پڕۆژەیەکی گرنگ وەک پارکی شار کە لە ساڵی 2017ـەوە ڕاگیراوە و ئاوەڕۆی چەمی چەقان بە نیوەچڵی ماونەتەوە و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دروست کردووە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: محەممەد عەبدولکەریم، ندانیشتوویەکی سەیدسادقە بە ئاڤای ڕاگەیاند: کارەبامان کەمە و نرخی مۆلیدە زۆرە، بۆیە داوای پڕۆژەی ڕووناکی دەکەین، جگە لەمانە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگمان هەن ساڵانێکە بەنیوەچڵی جێهێڵدراون.

لێدوانی فەرمی: ڕەزا محەممەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق بە ئاڤای ڕاگەیاند: پڕۆژەی ڕووناکی چوار مانگ پێشخراوە لەو وادەیەی بۆی دیاریکرابوو و بەمزووانە دەستپێدەکات. پارکی شاریش کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوو، 300 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و لەم ماوەیە دەستپێدەکاتەوە.

سەبارەت بە ئاوەڕۆی شارەکەش وتی: "زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ ئاوەڕۆی چەمی چەقان تەرخان کراوە، بەڵام ئێستا پارە لە بەردەست نییە تاوەکو دەستپێبکاتەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ