کارکردن لە دووسایدی دووکان بۆ چوارقوڕنە بەردەوامە؛ تا ئێستا 13%ـی کارەکانی تەواو بووە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای دووسایدی دووکان - چوارقووڕنە، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو کارئاسانیکردن بۆ هاووڵاتیان و شوفێران، تاوەکو ئێستا 13%ـی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پڕۆژەی ڕێگای دووكان – چوارقوڕنە درێژییەکەی 53 کیلۆمەترە و لە ساڵی 2009ـەوە بەردی بناغەی دانراوە. بڕیار بوو پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ لەلایەن چەند كۆمپانیایەكەوە جێبەجێ بكرێت، بەڵام ساڵی 2012 یەكەم قۆناغی تەواو كرا و پڕۆژەكە ڕاگیرا، دواتر درایە کۆمپانیایەکی دیکە ئێستا 13%ـی قۆناغی دووەم تەواو بووە.

لێدوانی فەرمی: محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی میوانی بەرنامەی مۆری ئاڤای بوو و ڕایگەیاند، تاوەکو ئەم کاتە کە 573 ڕۆژە کار لە قۆناغی دووەم دەکرێت دەبوایە 17%ـی پڕۆژەکە تەواو بێت، بەڵام بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە و بەردەوامی بارانبارین کارکردنی کۆمپانیاکەی سست کردووە.

زانیاریی زیاتر: بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی، گۆڕانکاری لە دیزاینی پڕۆژەکە کراوە لە دووکانەوە تاوەکو چێشتخانەکانی کانی وەتمان پانی هەر سایدێک لە هەشت مەترەوە کراوە بە 12 مەتر، هەروەها تونێلی هەیبەت سوڵتان تەواو دەکرێت و ڕێگاکە بە هەولێر دەبەسترێتەوە، جگە لەوەی بەدرێژایی ڕێگاکە سووڕانەوە نابێت و بە ئەندەرپاس ئەمە چارەسەر دەکرێت.

قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە 36 کیلۆمەتر و نیوە بە گوژمەی 243 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، بەشێوەیەکی بەردەوام ڕۆژانە 160 ئامێری جۆراوجۆر لەمەیدانی پڕۆژەکە کاردەکەن.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ