بەبێ ڕاگەیاندنی پێشوەختە پەرلەمانی ئێران لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کۆدەبێتەوە

شەیری بکە لە:
بەبێ ڕاگەیاندنی پێشوەختە پەرلەمانی ئێران لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کۆدەبێتەوە

دیمەنی دانیشتنی پەرلەمانی ئێران

ئاڤا نیوز

پەرلەمانی ئێران دانیشتنێکی خێرا و داخراو لەبارەی دانوستانی شاندی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا دەکات، وەزیری دەرەوە و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەشدار دەبن.

چیرۆکی سەرەکی: بەبێ ئەوەی پێشووتر ڕاگەیێنرا بێت، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، دانیشتنێکی داخراو دەکرێت، هەریەکە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و جەنەڕاڵ عەبدولڕەحیم موسەوی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەی دەبن. بڕیارە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەشی سەرەکی گفتوگۆی دانیشتنەکە پێکبهێنێت.

لێدوانی فەرمی: عەباس موقتەدایی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجوومەنی شورای ئێران  ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ کۆدەبینەوە، بۆ ڕوونکردنەوەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەمریکا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، بەشداری لەم دانیشتنەدا دەکات".

زانیاریی زیاتر: ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕایگەیاند، لەگەڵ عێراقچی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەشداری دانیشتنەکە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە: سەرچاوەکان لە ئەمریکا ئاماژە دەکەن، ئیدارەی ئەمریکی و دۆناڵد ترەمپ پێیان وایە ئێرانییەکان ئەمجارە بە ئامادەکارییەکی تەواو دێنە ناو کۆبوونەوەکان و سازش لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان و بابەتەکانی دیکە دەکەن.

هاوکات، کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە: نەتانیاهۆ لیستی داواکارییەکانی بە ئەمریکا ڕادەگەیەنێت کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران بۆ شوێنێکی دیکە، سنووردارکردنی مەودای مووشەکەکانی ئێران بۆ 300 کیلۆمەتر و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە.

باکگراوند: ڕۆژی هەینی ڕابردوو، خولێکی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتن بە نێوەندگیری سەڵتەنەی عوممان لە شاری مەسقەت بەڕێوەچوو، هەردوولا ڕێکەوتن ئەنجامی دانوستانەکان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان و کۆبوونەوەکانیش بەردەوامی هەبێت. 

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ