مەزڵووم عەبدی دەڵێت دەروازەی سێمالکا وەک خۆی دەمێنێتەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان

شەیری بکە لە:
مەزڵووم عەبدی دەڵێت دەروازەی سێمالکا وەک خۆی دەمێنێتەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)

ئاڤا نیوز

 

ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ خەڵکی حەسەکە و ئاوارەکانی ناوچەکانی سەرێکانی و عەفرین، وردەکارییەکانی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی لەگەڵ حکوومەتی کاتی تاووتوێ کرد.


لێدوانی فەرمی: فەرماندەی گشتیی هەسەدە، رایگەیاند: بەپێی رێککەوتنی نوێ لەگەڵ حکومەتی کاتی، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تێکەڵ دەکرێن و گۆڕانکاریی پێکهاتەییان تێدا دەکرێت، هاوکات دڵنیایی دایە ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی کە مافەکانیان دەپارێزرێت.


مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "تەواوی ئەو دامەزراوانەی ئێستا سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەرن، لە کارەکانیان بەردەوام دەبن، بەڵام لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکدا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت تێکەڵ دەکرێن. بەپێی رێککەوتنەکە، ئەو وەزارەت و دەستانەی ئێستا هەن، پلەکەیان بۆ ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی دەگۆڕدرێت و رێکدەخرێنەوە."


- لەبارەی دەروازە سنوورییەکان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، "دەروازەی سێمالکا وەک خۆی دەمێنێتەوە"، بەڵام ئۆفیسێکی تایبەت بە حکومەتی کاتی لێ دەکرێتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروباری دەروازەکە."

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دەروازەی سێمالکا تاکە دەروازەی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانە، ڕۆژانە هاتووچۆی خەڵک لەو دەروازەیە هەیە و لە کاتی هێرشەکانی چەکدارانی سوپای عەرەبیی سووریا کۆمەک و هاوکارییەکان لەو دەروازەیە ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرا، بەتایبەت هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی. 


لەلایەکی دیکەوە: لەبارەی  لایەنی سەربازی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، وتی: "وەک هەنگاوی یەکەم لیوایەکی سەربازیی هەسەدە لە شاری حەسەکە، قامشلۆ و دێرک جێگیر دەکرێت، هێزەکانی دیکەش بەپێی پلانە نوێیەکان لە ناوچەکانی دیکە بڵاوەیان پێ دەکرێتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ