گرانبوونی کرێی حەواڵە؛ بازرگانیی نێوان هەرێم و دەرەوەی وڵاتی سست کردووە

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
گرانبوونی کرێی حەواڵە؛ بازرگانیی نێوان هەرێم و دەرەوەی وڵاتی سست کردووە

دینار و دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەهۆی گرانبوونی پێوانەیی کرێی حەواڵەی پارە بۆ دوبەی، تورکیا و چین، هاوردەکردنی کاڵاکانیان کەم کردووەتەوە و ئەمەش سستیی لە بازاڕەکاندا دروست کردووە.

چیرۆکی سەرەکی: لە دوای سەری ساڵی 2026ـەوە، کرێی حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. ئێستا بۆ حەواڵەکردنی هەر "دەفتەرێک" (10,000 دۆلار) بۆ دوبەی، بازرگان دەبێت 320 دۆلار بدات؛ واتا بۆ ناردنی 31 دەفتەر دۆلار، دەبێت یەک دەفتەر تەنیا وەک کرێی حەواڵە خەرج بکات. بۆ چین ئەم نرخە 215 دۆلار و بۆ تورکیا 145 دۆلارە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی بڕیاری ساڵی 2023ـی بانکی ناوەندیی عێراق، نابێت کرێی حەواڵە لە 30 دۆلار تێپەڕ بکات، بەڵام نووسینگەکان پابەندی ئەم نرخە نین.

بەدواداچوونی ئاڤا: پەیامنێری ئاڤا بەدواداچوونی بۆ ئەم کێشەیە کردووە. ڕەعد ڕەشید، بازرگانێکی ئۆتۆمبێل، دەڵێت: هەتا کرێی حەواڵە دانەبەزێت، ئامادە نین ئۆتۆمبێل هاوردە بکەین، چونکە قازانجەکەمان لە 500 دۆلارەوە بۆ 200 دۆلار کەمی کردووە.

٠ سەید محەممەد، کە کاری حەواڵە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە داخستنی سیستەمی "مەنەسە" هۆکاری سەرەکییە، چونکە پێشتر دۆلار بە نرخی فەرمی (132,000 دینار) و بە کرێیەکی زۆر کەم دەدرا بە بازرگانان.

٠ کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، جگە لە داخستنی مەنەسە، توندکردنی ڕێکارەکانی بەغدا و زۆربوونی خواستی بازرگانان بۆ مۆدێلە نوێیەکانی دوای سەری ساڵ بە هۆکار دەزانێت. هەروەها

٠ د. مستەفا مەلاحەسەن، شارەزای ئابووریی ئاڤا، پێی وایە بازرگانیی زێڕ و زیو کاریگەریی هەبووە؛ ڕۆژی وا هەبووە یەک بازرگان پارەی 10 بۆ 15 تەن زیوی بۆ دوبەی ناردووە، ئەمەش فشاری زۆری خستووەتە سەر توانای دارایی نووسینگەکانی حەواڵە و نرخەکەی بەرز کردووەتەوە.

باکگراوند: عێراق لە ساڵی 2023ـەوە لەژێر فشاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادایە بۆ ڕێکخستنی پڕۆسەی حەواڵە و ڕێگریکردن لە قاچاخی دۆلار. بانکی ناوەندی سیستەمی "پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی" (مەنەسە)ی بۆ بازرگانان دانا تاوەکو بە نرخی فەرمی دۆلار بۆ دەرەوە بنێرن. بەڵام بەردەوام بەهۆی گومانی سپیکردنەوەی پارە یان کێشەی تەکنیکی، ئەم سیستەمە ڕووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ