هاکان فیدان: ئەمریکا بەرامبەر ئێران نەرمیی نواندووە

شەیری بکە لە:
هاکان فیدان: ئەمریکا بەرامبەر ئێران نەرمیی نواندووە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

ئاڤا نیوز

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوویان، ئێران و ئەمریکا نەرمیان نواندووە. هۆشداریش دەدات لەوەی  بنیامین نەتانیاهۆ لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن کاریگەری بخاتە سەر ترەمپ تاوەکو مەرجەکانی ڕێککەوتن لەسەر تاران توندتر بکات.

چیرۆکی سەرەکی: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" چەند زانیارییەکی گرنگی لەبارەی خولی یەکەمی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا کرد، کە هەفتەی ڕابردوو لە عومان بەڕێوەچوو.

لێدوانی فەرمی: فیدان گوتی، هەردوولا ئامادەیی جددییان نیشان داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ چونکە واشنتن لە مەرجی پێشووی کە "ڕاگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم" بوو پاشەکشەی کردووە و ئێستا ئامادەیە ڕێگە بدات ئێران لە چوارچێوەی سنوورێکی دیاریکراودا یۆرانیۆم بپیتێنێت. تارانیش ئامادەیی نیشان داوە کە سنوور بۆ ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دابنێت و ڕێگە بدات سیستمێکی پشکنینی زۆر توند لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمەوە جێبەجێ بکرێت.

زانیاریی زیاتر: وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر ئیدارەی تڕەمپ پێداگری بکات لەسەر ئەوەی "هەموو پرسەکان بەیەکەوە چارەسەر بکرێن" وەک موشەکی بالیستیک و پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان، ئەوا دۆسیەی ئەتۆمیش لە جێگای خۆی دەچەقێ.

- فیدان گوتی: "داواکردنی هەموو شتێک بەیەکەوە تەنیا دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی تر لە ناوچەکەدا."

- فیدان نیگەرانیی خۆی نیشان دا لەوەی بنیامین نەتانیاهۆ لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن کاریگەری بخاتە سەر تڕەمپ تاوەکو مەرجەکان توندتر بکات، چونکە ئیسرائیل هەبوونی موشەکی ئێرانی بە مەترسییەکی گەورە دەبینێت بۆ سەر "باڵادەستیی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە."

- وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکردایەتیی ئێران تێدەگەن کە ناڕەزایەتییە خوێناوییەکانی ڕابردوو هەر فشاری دەرەکی نییە بەڵکو بەهۆی داڕمانی ئابووری بووە، بۆیە تاران ئێستا بە جدی دەیەوێت کێشەی گەمارۆکان لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکات.

باکگراوند: هەفتەی ڕابردوو هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردەکانی تڕەمپ، لە مەسقەت دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد، کە هەردوولا وەک "هەنگاوێکی ئەرێنی" وەسفیان کرد.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ