بۆ یەکەمجار لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێبەرێکی یاسایی ژیریی دەستکرد چالاک کرا

شەیری بکە لە:
بۆ یەکەمجار لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێبەرێکی یاسایی ژیریی دەستکرد چالاک کرا

ڕۆبۆتێکی ژیریی دەستکرد لەکاتی پێدانی ڕاوێژی یاسایی بە خەڵک

ئاڤا نیوز

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕێبەریەکی ژیریی دەستکردی یاسایی دروستکرا و ڕێبەریەکە چالاک کرا.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-2-2026، یەکەمین مۆدێلی ژیریی دەستکردی یاسایی نیشتمانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کارا کرا، ئەم ڕێبەرییە دەبێتە سێهەمین پرۆژەی ژیریی دەستکردی یاسایی نیشتمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای وڵاتانی ئیمارات و لوبنان.

- هەرچی یاسای هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە لەم ڕێبەریەدا هەیە، پارێزەران و دادوەران دەتوانن خۆیان لە ڕێبەرییەکە تۆمار بکەن و هەرچی کلێشە، نووسراو، فۆرمی یاسایی، شیکردنەوە و ڕاوێژی یاسایی لە ڕێگەیەوە ئامادە بکەن، بۆ هەر بابەتێکی یاساییش دەتوانن زانیاری وردی لێوەربگرن، هەموو کات وەک پارێزەرێکی ڕاوێژکاری یارمەتیدەر دەبێت.

بۆچی گرنگە: هاووڵاتیانیش بەهەمان شێوە دەتوانن هەر زانیاری و ڕاوێژێکی یاسایی پێویست لەم ڕێبەرییە وەربگرن. کارپێکردنیشی زۆر ئاسانە، هەر پرسیار و ڕاوێژ و داواکاریەکی یاسایی هەبێت بەشێوەی دەنگ داوای دەکەیت و بە شێوازی نووسین وەڵامێکی وردی یاسایی وەردەگریتەوە.

- ئەم سیستەمە توانایەکی بێهاوتای هەیە لە تێگەیشتن، داڕشتن، و وردبینیکردنی سەرجەم جۆرەکانی نووسراوی فەرمی و یاسایی، بە شێوەیەک کە بە تەواوی لەگەڵ یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەگونجێت.

- هەر لەو ڕێبەریە بەشێکی تایبەت بە کاری میدیایی دانراوە، کە لە داهاتوو چالاک دەکرێت، هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت هەواڵ و بابەتی میدیایی لە ڕێگەیەوە ئامادە بکات ، یان پێداچوونەوە و داڕشتنەوەیان بۆ بکات، لەو بەشە لە داڕشتنی بابەتەکان بەتەواوی ڕەچاوی پیشەیی و یاسایی دەکرێت.

زانیاریی زیاتر: ڕێبەرییەکە بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزیە، ئێستا بەشی کوردی بەردەستە و لە داهاتووش هەردوو بەشەکەی دیکە کارا دەکرێت. نیگار نادر محەممەد، سەرۆکی کۆمپانیای جودی کە ئەم ڕێبەرە یاساییەی ژیریی دەستکردە نیشتمانییەی  دروست کردووە، خاتوو نیگار پارێزەری ڕاوێژکارە و ماستەریشی لە ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانکۆی میترۆپۆلیتان لە لەندەن  بەدەستهێناوە.

لێدوانی فەرمی: نیگار نادر محەممەد ئاڤای گوت، ئەم ڕێبەرە هەنگاوێکی گەورەیە لە بواری یاسایی و کارئاسانی زۆر بۆ پارێزەر و دادوەران و فەرمانگە حکومیەکان و کەرتی تایبەتیش دەکات، چونکە لە ئاستێکی زۆر بەرزی یاسایی و زمانەوانی و تەکنەلۆژی دروست کراوە، ئەمڕۆ بەشە کوردیەکەمان لە کوردستان چالاک کرد، لە داهاتوێکی نزیکیش لە بەغدا بەشە عەرەبیەکی ئەم ڕێبەریە چالاک دەکەین.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ