پزیشکیان: ئێمە لەگەڵ کوردستان خزمین

شەیری بکە لە:
پزیشکیان: ئێمە لەگەڵ کوردستان خزمین

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

ئاڤا نیوز

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند وڵاتانی دراوسێ و کوردستان "خزمی" ئەوانن و ناوچەکە دەتوانێت بەبێ دەستوەردانی دەرەکی کێشەکانی چارەسەر بکات.

وێنە گەورەکە: پزیشکیان بەهۆی ڕەچەڵەک و شوێنی لەدایکبوونییەوە، هەمیشە وەک کەسایەتییەکی "کۆکەرەوەی پێکهاتەکان" لە ئێراندا ناسراوە و دەیەوێت ئەم تایبەتمەندییە بۆ دیپلۆماسییەتی دەرەوەش بەکاربهێنێت.

لێدوانی فەرمی: مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی وەبەرهێناندا ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە زمانێکی گەرم لەگەڵ دراوسێکاندا بەکاربێت، ڕایگەیاند: هیچ وڵاتێک لە جەنگ و خوێنڕێژی سوودمەند نابێت و پێویستە ئاشتی بکرێتە بنەما.

 ٠ هەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتی: وڵاتانی وەک عێراق، تورکیا، سعوودیە و ئازەربایجان توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیان هەیە و پێویستمان بە سەرپەرشتیار و ڕاوێژکاری دەرەکی نییە.

٠ ئێمە لەگەڵ کوردستان و عێراق و ئازەربایجان خزمین.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: مەسعود پزیشکیان لە ساڵی 1954 لە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و باوکی ئازەری و دایکی کوردە، ئەمەش وای کردووە بە هەردوو زمانی کوردی و ئازەری بە پاراوی قسە بکات.

باکگراوند: پزیشکیان دوای بوونی بە سەرۆککۆمار، لە ئەیلوولی 2024ـدا یەکەمین سەردانی مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام دا و لە هەولێر و سلێمانی بە زمانی کوردی لەگەڵ بەرپرسان و هاووڵاتیان دوا، کە ئەوکات دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو و وەک پەیامێکی ئاشتی و لێکنزیکبوونەوە لە نێوان تاران و هەولێر بینرا. ئەو یەکەمین سەرۆککۆماری ئێرانە کە سەردانی فەرمیی هەولێری کردبێت و بە زمانی دایکی قسەی کردبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: