هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر

شەیری بکە لە:
هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر

ساتی بەڕێکەوتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر و بەغدا

سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ دێتە بەغدا و هەولێر، وەک سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، هاتنەکە ئاسایی نییە و ساڵێکە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت.

 

حکومەتی سوودانی دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا فراوان بکات و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین سەردانی هاوبەش لەنێوان ئەنکەرە و بەغدا هەبووە. 

 

ئەمڕۆ لە بەغدا  ‌ئەردۆغان 20 ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ سوودانی واژۆ دەکات. گرنگترینییان ڕێککەوتنی ستراتیژییە لەنێوان هەردوو وڵات بەتایبەت لەسەر دۆسیەی ‌‌ئەمنی و ئاو.

 

کابینەی سوودانی زیاتر لە هەموو کابینەکانی پێش خۆی پەیوەندییەکانی بە کردار لەگەڵ تورکیا باشتر کردووە و  هاوپەیمانیی شیعەی حاکم لە بەغدا دەیەوێت دوو مەبەست بەدەستبهێنێت:

 

یەکەم: تورکیا کارتی گرنگی دژی بەغدا هەیە و تەنیا بە بەکارهێنانی کارتی ‌‌‌‌‌ئاو دەتوانێت سازش بە بەغدا بکات، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا و نەمانی ئاو لە باشووری شیعەنشین، گەورەترین مەترسییە لەسەر داهاتووی هاوپەیمانیی شیعەی حکومڕان.

 

دووەم: دەسەڵاتدارانی بەغدا دەیانەوێت تورکیا لە خۆیان نزیک بکەنەوە و لە  هەولێر دووری بخەنەوە، وەک هەوڵێک بۆ لاوازکردنی کارتەکانی  هەرێمی کوردستان ئەویش  لە ڕێگەی پێدانی تەندەری زۆر بە کۆمپانیا تورکییەکان و دروستکردنی هەلی بازرگانی بۆیان، تەنانەت فڕۆکەخانەی مووسڵ لە سەردەمی کازمی درایە کۆمپانییەکی فەرەنسی و لە سەردەمی سوودانی فڕۆکەخانەکە لە فەرەنسییەکان وەرگیرایەوە بۆ کۆمپانیاییەکی تورکی. لەلایەکی دیکەوە پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە بەسڕەوە بۆ تورکیا هەنگاوێکی دیکەیە لە بەغدا بۆ ڕاکێشانی دڵی ئەنقەرە.

 

ستراتیژی تورکیا بۆ عێراق ڕوونە و چەندین جار هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاماژەی پێکردووە و لەسەر ئەم سێ خاڵە بەردەوام دەبێت:

 

یەکەم: هەتا بۆی بکرێت زۆرترین سوودی بازرگانی و ئابووری لە عێراق وەردەگرێت.

 

دووەم: بە بەکارهێنانی کارتەکانی، بەغدا بخاتە ناو شەڕی پەکەکە  ئەگەر بە هاوکارییەکی کەمیش بێت.

 

سێیەم: پشتیوانیی سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات وەک هاوبەشێکی گرنگی خۆی، چونکە دەزانن ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بە پێچەوانەی هەولێر کۆنکرێتی نییە و گەرەنتی جێبەجێکردنی نییە بەهۆی زۆری بڕیاردەران.

 

هەوڵ هەبوو ئەردۆغان سەردانی هەولێر نەکات، بەڵام بڕیاری کۆتایی ئەوەیە دێتە هەولێر. گرنگە سەردانەکەی لەم کاتەدا و دووپاتکردنەوەی ئەو ستراتیژیەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە و بەشێکی دانەبڕاوە لە سیاسەتی تورکیا بۆ عێراق وەک وڵاتێکی زۆر بەهێزی ناوچەکە و بەبێ تورکیاش هەرێمی کوردستان ناتوانێ سەقامگیری ئەمنی و ئابووری هەبێت.

 

پشتیوانی بایدن و ئیدارەکەی لە هەرێمی کوردستان  و هاتنی ئەمڕۆی ئەردۆغان بۆ هەولێر نیشانەی سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆماتییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەو هەموو  هەوڵانەی نەیارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەیدەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: