دیوی دووەمی نیشتیمانپەروەری

شەیری بکە لە:
دیوی دووەمی نیشتیمانپەروەری

گرافیک: ئاڤا نیوز

چەند ڕۆژ لەمەوپێش، لە پێشوازیی سەرۆکی تورکیا و شاندەکەی، بەشێک لە دیواری قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکیا ڕووناک کرایەوە. ئەمە کرایە دەرفەتێک تا لەڕێگەیەوە دوو کۆمەڵە هەڵوێست، یەکێکیان سیاسی و ئەوی دیکەیان نیشتمانی-نەتەوەیی، خۆیان بەیان بکەن. ئەگەر یەکەمیان بۆ یەکەمەکان لێگەڕێن، دەتوانین وردتر لە سەر دووەمیان هەڵوەستە بکەین. واتە قسەکردن لەسەر ستایڵێک لە نیشتمانپەروەری کە دەشێت بەو ڕادەیەی کە نیشان دەدرێت، یان دەخوازرێت، لە سوودی نیشتیمان نەبێت. لە دیدی نووسەری ئەم بابەتەدا، بەشی هەرە زۆری ئەو مانۆرە ئۆنلاینەی بۆ قسەکردن سەبارەت بەو ڕووداوە بەڕێوەچوو، لە دوو ئەگەر زیاتر ناترازێت: موزایەدەی نیشتمانپەروەری و وەهمی نیشتمانپەروەری. 

 

قسەکردن لەسەر بابەتی موزایەدەکردن بە نیشتمانپەروەرییەوە هونەرێکی گەورە نییە، چونکە ئەوەی قەرارە قسەی بۆ بکەیت خۆی لەو سەرەوە دێتەوە؛ واتە، ڕاستیی بابەتەکە دەزانێت و پێویست بە ڕوونکردنەوە و ڕاستکردنەوە ناکات. لێرەدا تەنیا یەک شت گرنگە، ئەویش ئەوەیە کە بزانن ئێمەش دەزانین. لە بەرامبەردا، پێویستە زیاتر قسە بۆ بەردەنگەکانی ئەم موزایەدەچییانە بکرێت تا نەکەونە ژێر کاریگەریی گوتارەکانیانەوە، کە زۆر جار پۆپۆلیستانە و هەڵگری گوتاری ڕقلێبوونەوەیە. ئەمەش کەشێکی ئارام و نەفەسێکی درێژتری دەوێت.   

 

سەبارەت بەوانەی کە تووشی وەهمی نیشتمانپەروەری بوون، ئەمانە زیاتر ئەوانەن کە نازانن، بەڵام گرنگە بزانن. بزانن کە نیشتمانپەروەری دیوێکی دیکەی هەیە، دیوی دووەم – دیوی کارە بچووک، بەڵام پڕماناکان. لەبەر زۆر هۆکار، لەوانەش بەسیاسیکردنی هەموو شت و بەسیاسیبوونی هەموو کەس، پرسە سیاسییەکان لەگەڵ پرسە نیشتمانییەکان تێکەڵ بوون. زۆربەی ئەوانەی کە دەیانەوێت نیشتمانپەروەر بن و نیشتمانپەروەریی بکەن، خۆیان بە سیاسەتەوە خەریک دەکەن؛ لە کاتێکدا نیشتمانپەروەری دیوێکی دیکەی هەیە کە لە سیاسەت دوورە. واتە، سیاسیبوون پێشمەرجی نیشتمانپەروەربوون نییە. 

 

ئەفلاتۆن لە کۆمارەکەیدا سیاسەت بە پیشە دەشوبهێنێت؛ پیشەیەکی هاوشێوەی پزیشکی کە بە هەموو کەس ناکرێت. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا زۆر شت گۆڕاوە؛ ئێستا، دیموکراسی و فەرمانڕەوایی زیاتر گەشەی کردووە و زانستی پزیشکیش فراوانتر و پێشکەوتووتر بووە. ئێستا وەک چۆن خۆمان ئەو پزیشکە هەڵدەبژێرین کە دەمانەوێت نەشتەرگەریمان بۆ بکات، ئەو سیاسییەش هەڵدەبژێرین کە دەمانەوێت بەڕێوەمان ببات. لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە سیاسییەکانمان هەڵدەبژێرین و سیاسەتیان پێ دەسپێرین – هەڵبەت بەردەوامیش چاومان لەسەریان دەبێت، بەڵام هیچ کات لەبڕی ئەوان سیاسەت ناکەین. هەروەک چۆن سەبارەت بە پزیشکەکانمان ورد و هەستیارین، بەڵام هیچکات لەبڕی ئەوان دەست بۆ نەشتەر نابەین. 

 

بە ئەگەری زۆر، بەشی زۆری ئەوانەی کە بەهۆی وەهمی نیشتمانپەروەرییەوە دژی ڕۆشنکردنەوەی بەشێکی قەڵا بە ئاڵای تورکیا بوون، لەو باوەڕەدان ئەگەر ئەوان سەرۆک بن، باشتر وڵات بەڕێوە دەبەن. ئەوانەن کە دەیانەوێت لەپێناو نیشتماندا و بۆ خزمەتکردن بە وڵات ببنە وەزیر؛ حەسرەتی ئەوەیان لە دڵدایە کە نیشتمان پێویستی بەوانە وەک جەنەڕاڵ، بەڵام ئەمان نایانەوێت لە سەربازییەوە دەستپێبکەن. ئەوەی کە نیشتمانپەروەری تەنیا بە سەرۆک، وەزیر و جەنەڕاڵەکان دەکرێت، وەهمێکی نوێیە تێکەڵ بە نەزانی و تەمبەڵی. لە پشت ئەم گوتارەشەوە هاندانێکی پۆپۆلیستانە هەیە کە دەخوازێت هەر کەس لافی سیاسەتمەداری و دەوڵەتمەداری لێبدات. لە کاتێکدا نیشتمانپەروەری دیوێکی دیکەی هەیە. هەمدیس: واتە، سیاسیبوون پێشمەرجی نیشتمانپەروەربوون نییە. 

 

دیوی دووەمی نیشتمانپەروەری کایەی سیاسی و جەنەڕاڵەکان نییە، بەڵکو هی هاونیشتمانیانی سادە و ناسیاسییە. کایەیەکە تاکی نیشتمانپەروەر خۆی لە بابەتە ئاڵۆزە سیاسییەکان نائاڵێنێت؛ باسی پڕۆتۆکۆلەکانی دیپلۆماسیەت و بەرژەوەندییە باڵاکانی زلهێزەکان ناکات – لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بەو پرسانە هۆشیارە، بەڵام دەستتێوەرنەدەر. نیشتمانپەروەری لە دیوی دووەمیدا لە 'لابردنی دڕکێکی سەر ڕێگا'وە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە بەشداریکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سیاسییەکاندا. 

 

لە دیوی دووەمی نیشتمانپەروەریدا، چاوەڕوانییەکان زۆر زل و زەبەلاح نین، بەڵکو سادە و سانان. بە کورتی، هێندەیە کە نیشتمانپەروەر لەپێناو نیشتمانەکەیدا ڕەفتاری لەگەڵ هاونیشتمانییەکانی باش بێت. بۆ نموونە: سەرەی سەموونی هاوشارییەکەی نەخوات، قوتوی خواردنەوەکەی فڕێ نەداتە سەر جادە، تەوافەیەک بۆ تەنکیی سەربانی ماڵەکەی دابنێت، گڵۆپی تەوالێتەکەی بکوژێنێتەوە، پارەی ئاو و کارەبا لە کاتی خۆیدا بدات، قاپێک یاپراخی گەڵامێو بدات بە دراوسێکەی و بە ئەفسەرێکی پۆلیس بڵێت ماندوو نەبیت!

 

ئێستا با بپرسین بزانین ئەوانەی دژی ڕۆشنکردنەوەی قەڵا بە ئاڵای تورکیا بوون، ئامادەن لە هەڵمەتێکی خاوێنکردنەوەی قەڵادا بەشدار بن و دەستبارێکی کرێکارانی ژینگەپارێز بدەن؟

 

نووسینی: د. هۆشەنگ دارا

شەیری بکە لە: