سەرۆکوەزیران بارزانی: ناکرێت هەستەوەریی سیاسی ڕێگر بێت لە پێشکەوتنی ئابووری

شەیری بکە لە:
سەرۆکوەزیران بارزانی: ناکرێت هەستەوەریی سیاسی ڕێگر بێت لە پێشکەوتنی ئابووری

سەرۆکوەزیران بارزانی. وێنە: محەممەد شوانی - ئاڤا

ئاڤا نیوز

 

سەرۆکوەزیران بارزانی بە پێویستی دەزانێت پەرە بە فەرهەنگی ژینگەپارێزی بدرێت و ئاماژە بەوە دەدات بابەتی ژینگە شتێک نییە تایبەتمەند بێت بە ناوچەیەکی دیاریکراو، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەسەر حکومەتی فیدراڵە بە ئەرکی مێژوویی خۆی هەستێت.

 

وێنە گەورەکە: لە هەولێر سیمپۆزیومی نێودەوڵەتیی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانی ئاو و هەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووری و دیموگرافیایی عێراق، بەڕێوەچوو و سەرۆکوەزیران بارزانی بەشداری پانێڵێکی کرد.


لێدوانی فەرمی: سەرۆكوەزیران بارزانی ڕایگەیاند: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە هەستمان بە مەترسییەکانی گۆڕانی ئاووهەوا کردووە و کاریشمان لەسەری کردووە، بۆ نموونە بابەتی دروستکردنی پۆند و بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو، بە فیڕۆنەدانی ئاو، ژیاندنەوەی دارستانەکان، لەوبارەیەوە هەنگاوی باشمان ناوە".

 

 

بەشێک لە گوتەکانی سەرۆکوەزیران بارزانی، لەبارەی گۆڕانی ئاو و هەوا، ئاسایش، سەقامگیری و گەشەی ئابووری و کار، هاوکات خستنەڕووی دیدگایان بۆ کوردستانێکی سەوز


گۆڕانکاریی دیموگرافی لە زۆر لەو ناوچانەدا ڕوویانداوە

- ئەوەی ئێستا گرنگە باسی بکەین، چۆن ڕووبەڕووی ئەم مەترسییانەی ئاووهەوا ببینەوە کە لە زۆر شوێن باس دەکرێت و توێژینەوەی لەسەر کراوە، کە ئەگەر چارەسەری گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە لەوانەیە ببێت بە مەترسی بۆسەر ناوچەیەک و خەڵکی ئەو ناوچانەی کە تێیدا دەژین.

مرۆڤ لە سەرەتای بوونییەوە هەوڵی داوە لە ژینگەیەکدا بژیت، کە بتوانێت پێداویستیی ژیانی تێدا بەرهەم بهێنێت، کە خواردن و ئاوە، بتوانێت لەو ژینگەیەدا بەردەوام بێت لە ژیان. ئەگەر ژینگەکە گونجاو نەبوو بۆ شوێنێکی دیکە کۆچ دەکات. هەوڵ دەدات بەدوای ئاو و خواردن دا بگەڕێت.

ئێستا ئەوەی ئێمە دەیبینین، ئەمە چەند ساڵێکە گۆڕانکارییەکی خێرا لە ئاووهەودا هەیە، ژینگە بۆ زۆر خەڵک و ناوچەکان ئەستەمە تێیدا بژین. گۆڕانکاری دیموگرافی لە زۆر لەو ناوچانەدا ڕوویانداوە یان ڕوودەدەن. ئەگەر چارەسەری خێرا بۆ ئەم جۆرە کێشانە نەدۆزرێتەوە.


پێویستە پەرە بە فەرهەنگی ژینگەپارێزی بدرێت

- چارەسەرەکان چەند جۆرێکن، یەکێکیان لەو ناوچەیەی کە خۆت تێیدا دەژیت، چۆن بتوانیت پارێزگاری لەو سرووشتە بکەیت کە گونجاوبێت بۆ ژیان تێیدا.

کولتووری ژینگەپارێزی زۆر گرنگە، لە هەمووی گرنگتر پێموایە فەرهەنگی ژینگەپارێزییە. ئێمە چۆن پەرەوەردەی ژینگەپارێزی لەناو کۆمەڵگەی خۆمان دا پەرە پێ بدەین، چۆن و منداڵ و گەنج و خەڵکی دیکە بتوانن ئەو ژینگەیەی کە هەیە بیپارێزن و تێکی نەدەن.

جگە لەوە هەوڵی ئەوە بدرێت لەو شوێنانەی کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگەکە بووە، چۆن دەکرێت چاکی بکەینەوە، بۆ نموونە بەبیابانبوون، لەناوچوونی دارستانەکان... ئێمە چۆن بتوانین جارێکی دیکە دارستان بگەڕێنینەوە، چۆن بتوانین ژینگەیەکی گونجاو دروست بکەین بۆ ئەوەی خەڵک لەجیاتی ئەوەی وردە وردە کۆچ بکات، لەو شوێنەی کە هەیە بمێنێتەوە یانیش ڕووی تێبکاتەوە.


بابەتی ژینگە شتێک نییە تایبەتمەند بێت بە ناوچەیەکی دیاریکراو

- کۆمەڵێک ڕێکار هەیە پێویستە لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە، نەک تەنیا لە ناوچەیەکی تایبەت، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان هەبێت ڕووبەڕووی ئەو جۆرە کێشانە ببنەوە. چونکە بابەتی ژینگە شتێک نییە تایبەتمەند بێت بە ناوچەیەکی تایبەت. لەوانەیە لە ناوچەیەکی تایبەت گرفت بۆ خەڵکانێک دروست بکات، بەڵام کۆچی ئەو خەڵکە دەتوانێت کێشە بۆ ناوچەیەکی دیکە دروست بکات. بۆیە ئەمە شتێکی تێکەڵە دەبێت چارەسەرێکی تێکەڵیشی بۆ بدۆزرێتەوە.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە هەستمان بەو مەترسییە کردووە و کاریشمان لەسەری کردووە، بۆ نموونە بابەتی دروستکردنی پۆند و بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو، بە فیڕۆنەدانی ئاو، ژیاندنەوەی دارستانەکان لە هەرێمی کوردستان.. لەوبارەیەوە هەنگاوی باشمان هاویشتووە.

لە ڕووی وزە، دەتوانم بڵێم کوردستان یەکەم شوێنە لە عێراق کە ئاو و غازی بە فیڕۆدراو لە هەندێک شوێن وەردەگیرێتەوە، لە هەندێک شوێنی دیکە بەرنامەی دیکەمان هەیە بۆ ئەوەی هەموو ئەو غازە وەربگیرێتەوە و بکرێتەوە بە وزە و بەکاربێتەوە لەجیاتی ئەوەی ژینگە پیس بکات یانیش بە هەدەر بڕوات. لە کوردستان ئێمە هەندێک لەو هەنگاوانەمان ناوە. پێویستە شتی دیکەش بکەین، بەڵام زۆر لەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئیمکانیاتانەی کە لەبەردەستن.


لەسەر حکومەتی فیدراڵە بە ئەرکی مێژوویی خۆی هەستێت

- پێویستە حکومەتی فیدراڵی بە ئەرکی مێژوویی خۆی هەستێت، ئەو ئیمکانیاتانەی کە لەبەردەستی حکومەتی فیدراڵییە، لەو شوێنانە تەرخان بکات و وەبەرهێنانی تێدا بکات کە گونجاوە بۆ ژیاندنەوەی سروشتی ناوچەکە. لە زۆر ڕووەوە کوردستان گونجاوە، دەکرێت زۆر بەنداو لە کوردستان دروست بکرێن، دەکرێت بابەتی ژیاندنەوەی دارستان لە کوردستانەوە پەرەی پێ بدرێت و وردە وردە بەرەو شوێنەکانی دیکەی عێراق بڕوات.

هەروەها لە خودی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر بکات، ئەمە پێویستییەکە دەبێت ئەو شتانە بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک لە ناوچەیەک کۆچ نەکات بۆ ناوچەکانی دیکە.

ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە کردوویەتی، من ناڵێم هەموو شتەکان کراون، بەڵام هەنگاوی پێویستمان ناوە. ئەوەی لەبەردەستی ئێمە بووە کردوومانە، ئەگەر ئیمکانی زیاتر هەبێت، هەماهەنگی و تێگەیشتنی باشتر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت. پێموایە دەتوانین هەنگاوی زۆر باشتریش بهاوێژین.


هیوادارین ئەزموونی کوردستان لە شارەکانی دیکەی عێراق دووبارە بکرێتەوە
 
سەبارەت بەوەی حکومەتی عێراق دێتە پێشەوە بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئێوە بکات بۆ ئەوەی ڕێگە لەم کارەساتە بگرێت؟

- پێموایە ئەمە پرسیارێکە پێویستە ئاراستەی دەسەڵاتداران بکرێت لە بەغدا، من ناتوانم لەجیاتی کەس وەڵامی پرسیارەکانیان بدەمەوە، بەڵام ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە وەکو ئەرک چی لەسەر ئێمەیە، ئێمە ئامادەین. چونکە هەروەک باسمکرد ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە بەیەکەوە بەستراوەتەوە. ئەوەی لە کوردستان ڕوودەدات کاریگەری هەیە لەسەر شارەکانی دیکەی عێراق، ئەوەی لە شارەکانی دیکەی عێراق ڕوودەدات کاریگەری هەیە لەسەر کوردستان.

بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بەیەکەوە کار بکەین، پێموایە کاری جیددیتر پێویستە، گفتوگۆی زیاتر پێویستە، تێگەیشتنی باشتر پێویستە.. چۆن ئێمە دەتوانین یارمەتی یەکتر بدەین بۆ ئەوەی نەهێڵین بۆ نموونە خەڵکی ئەهوارەکان کۆچ بکەن؟ چۆن نەهێڵین ئەنبار زیاتر بەرەو بیابان بڕوات؟ چۆن بتوانین ڕووبارەکانی دیجلەو فوڕات زیاتر بەکاربێنین بۆ بابەتی کشتوکاڵی؟

ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشمان هاوێشتووە، هیوادارین حکومەتی فیدراڵێ یارمەتی ئێمە بدات و ئەو ئەزموونەو ئەو کارانەی کە لێرە کردوومانە لە شوێنەکانی دیکە دووبارە ببنەوە.


وەبەرهێنان لە کشتوکاڵ دەکرێت ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاسایشی خۆراک

- بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان، یان لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی بە زۆری پشت بە نەوت و غاز دەبەسترێت بۆ داهات. ئەمە ڕەنگە لە ماوەیەکدا کۆتایی بێت، دوای چەند دەیەیەکی دیکە کۆتایی بێت. ئایا دوای ئەوە سەرچاوەی داهات لە عێراق چی دەبێت؟ ئایا سرووشتەکەی گونجاوە بۆ ئەوەی ئێمە بیر لە سەرچاوەی دیکە بکەینەوە؟ بەڵێ.. کشتوکاڵ یەکێکە لەو شتانەی کە بێگومان دەکرێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاسایشی خۆراک بۆ عێراق و دەرەوەی عێراقیش.


لە هەرێمی کوردستان ئێمە ئەو کارانەمان کردووە، پەرەمان بە کشتوکاڵ داوە، بۆ نموونە وەبەرهێنانی پەتاتە لە کوردستان پێش ئەو کابینەیە 25 هەزار تۆن بوو. ئێمە دوای ئەوەی جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەرتە، ئێستا وەبەرهێنانی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 800 هەزار تۆن. ئەمە نموونەیەکە و لە بەرهەمی دیکە وەکو گەنم، جۆ و بابەتەکانی دیکەی کشتوکاڵی دەکرێت پەرەی پێبدرێت لە هەموو عێراق. لەو ڕووەوە دەتوانین هاوکاری یەکتر بکەین، سوود لەو ئەزموونانە وەربگرین.

 

نابێت کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا وەک کێشەیەکی لۆکاڵی سەیر بکرێت

- ئەگەر هەنگاوی خێرا نەهاوێژرێت، لەوانەیە کۆچ لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە دەست پێبکات. کە بینیومانە مەترسییەکی داهاتوو نییە، ئێمە لەو ڕۆژانەدا دەژین، واتە ئەم کۆچە دەستی پێکردووە. گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچەکان دەستی پێکردووە، دەبینین لە زۆر شوێن دەستدرێژی دەکرێتە سەر ئەو هاووڵاتیانەی کە ناوچەیەکی بە خێر و بە پیتیان هەیە، خەڵکی هاوردە دێت و ئەوانە دەردەکەن بۆ ئەوەی لەسەر زەوی و شوێنەکانی ئەوان خۆیان بکەن بە خاوەنی زەوییەکە.

جگە لەوەش ئەمە تەنیا لێرە ناوەستێت، واتە ئەوەی کە ئێمە باسی دەکەین ئێستا گریمانە لەسەر ئەوەیە ئەو کۆچە لەناو خودی عێراق کۆتایی دێت، بەڵام وا نییە.

ئەوەی لەسەر ئەرکی هەرێمی کوردستانە، هەروەک باسم کرد. ئێمە پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو سرووشتەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بیپارێزین بۆ ئەوەی نەهێڵین بە بیابانبوون لێرە زیاتر بێت، ئاوەکە بە فیڕۆ بڕوات، یانیش ئەو سرووشتەی کە هەمانە تێکبچێت. ئەمە وادەکات خۆت لێرە بتوانیت بەردەوامیی بە ژیان بدەیت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت بە ناوچەیەک کە خەڵکی دیکە لە ناوچەیەکی دیکە کە ژینگەیەکی تەندروستی نییە یان بە بیابانبوون زیاد دەبێت، یانیش ناچار دەبن لەبەر هۆکاری کەشوهەوا کۆچ بکات بەرەو شوێنێک کە پێیوایە پێداویستییەکانی ژیانی تێدایە.. بەرەو ئێرە دێت. ئەگەر هاتوو ئێرە نەیتوانی هەموو پێداویستییەکان دابین بکات بەرەو کوێ دەچن، ئەوکاتە بەرەو شوێنێکی دیکە دەچن.. کە لەم حاڵەتە پێموایە کۆچێکی زۆر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئەوروپا دەڕوات.

واتە ئەمە لێرە ناوەستێت و نابێت ئێمە تەنیا سەیری کێشەکە بکەین وەک کێشەیەکی لۆکاڵیی و تەنیا لە عێراق ڕوودەدات. ڕاستە عێراق زیاتر لە هەموو شوێنەکانی دیکە ئێستا زیاتر کاریگەریی کەشوهەوای بەسەرەوەیە. بەڵام ئەو کۆچە لە عێراق دەستپێبکات لە کوردستان ناوەستێت، بەڵکو بەرەو ئەوروپا دەڕوات. بۆیە پێویستە ئەوروپییەکان بێن یارمەتی ئێمە بدەن لە دۆزینەوەی چارەسەر، کە چۆن ئێمە لە بنەڕەتدا چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین. چونکە کە کۆچ دەستی پێکرد، کۆمەڵێک کێشەی دیکە لەگەڵ خۆی دەبات.


بەشداریی وڵاتان لە چارەسەری کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا سەرئێشەیەکی زۆریان لە کۆڵ دەکاتەوە

- من لە کۆنفرانسی کەشوهەوا COP28 باسی ئەو بابەتەم کرد، ئەگەر ئەو کۆچە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە بڕوات، کێشەی ئەمنیی، ئابووریی، کولتووریی و سیاسیش لەگەڵ خۆی دەبات. ئەم وڵاتە ئەوروپیانە دەبێت لەگەڵ هەموو ئەو کێشانە ململانێ بکەن و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بەڵام ئەگەر ئێستا بێن و بیر لەوە بکەنەوە بەشداربن لە چارەسەری کێشەی بنەڕەتی لە خودی وڵاتەکە، تەنیا لەوانەیە تۆزێک تێچووی دارایی لەسەر ئەو وڵاتانە هەبێت. ئەمە دەکرێت سەرئێشەیەکی زۆر گەورە لە کۆڵ ئەوروپییەکان بکاتەوە کە چیتر ناچار نەبن ڕووبەڕووی کۆچی بە کۆمەڵ ببنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

لە عێراق ئێمە دەتوانین چی بکەین؟ ئەگەر ئیمکانیەت هەبێت، دەبێت بیرێکی جیددی لەوە بکرێتەوە کە ئیدارەیەکی زۆر ڕێکوپێکتر دروست بکرێت کە ئەو سرووشتەی لە عێراقدا هەیە بەهەدەر نەچێت. من پێموایە عێراق نەگەیشتووتە ڕاددەیەک کە ئاوی نەبێت، بە بەراوردکردن لەگەڵ وڵاتانی وەک ئوردن و سووریا.. عێراق ئاوی هەیە، بەڵام باش بەکاری نەهێناوە. دەبێت ئیدارەدانی سەرچاوە سرووشتییەکان لە عێراق بە جۆرێکی دیکە بیری لێ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بە فیڕۆدان کەمتر ببێتەوە. پەروەردەی خەڵک بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگە بە جۆرێک بێت کە چیتر تێکی نەدا و بە پێچەوانەوە بوونیادی بنێت و دروستی بکات و چۆنێتی شێوازی ژیان لەو وڵاتانە دەبێت بەجۆرێک بێت سوود لە تەکنۆلۆژیای سەردەم وەربگیرێت، چۆن بتوانن بەو ئیمکانیاتانەی بەردەستن پێداویستییەکانی خۆیان بەرهەم بهێنن.

لە ڕووی پەروەردەییشەوە هەروەکو باسیشتان کرد، بابەتی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە. دەبێت بگونجێت لەگەڵ ئەو پێداویستیانەی کە ئەو ژینگەیە کە دەتوانێت بۆت دابین بکات.


هەموو مانگێک شەڕی ناردنی بەشە بودجە لە بەغداوە دەکەین

سەبارەت بە زۆری ڕێژەی منداڵ بوون لە شارەکانی عێراق بەراورد بە ناوچەکانی دیکە و کاریگەری لەسەر گۆڕینی دیموگرافی و ئەو کارانەی پێویستە وەک بڕیار بەدەست لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.

- پارە لەبەر دەستی ئێمە نییە، ئێمە دەبێت هەموو مانگێک شەڕ بکەین بۆ ئەوەی لە بەغدا بەشە بوودجەمان بۆ بنێرن، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە دەبێت بابەتی پەروەردە بکرێت بە بابەتێکی گرنگ بۆ تێگەیاندنی خەڵک. بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە هەر خێزانێک چەند منداڵی هەبێت، بەڵکو دەبێت بیر لە داهاتووی منداڵەکانیان بکەنەوە. ئەگەر تێگەیشتنی خەڵک بۆ پەروەردەکردنی منداڵ تەواو نەبێت.. بیر لەوە ناکاتەوە چەند منداڵی هەبێت. بەڵام ئەگەر بیر لە بژێوی ژیانی خۆی بکاتەوە، ئایا دەتوانێت ئەو منداڵە بەجۆرێک پەروەردە بکات و بتوانێت هەموو پێداویستییەکانی ژیانی بۆ دابین بکات لەسەرەتاوە لە ڕووی ژیانەوە لە ڕووی خواردن و پەروەردەکردن و پێگەیاندن و لە ڕووی ئیماکانیاتی ڕۆژانەی ژیان بۆ ئەو منداڵە، ئەگەر توانای ئەوەی هەیە بۆی دابین بکات، ئەوکات دەتوانێت زیاتر لەو ڕێژەیە منداڵی هەبێت کە لەوانەیە خەڵکێکی دیکە نەتوانێت. بەڵام ئەگەر ئەو ئیماکانیاتانەی نەبێت و ئەو جۆرە بیرکردنەوەی نەبێت. دەبێت ئەوکاتە بیر لەوە بکاتەوە تەنیا ژمارەی ئەندامانی خێزانەکەی بە جۆرێک کۆنترۆڵ بکات لە توانای خۆیدا بێت بیانژیێنێت.

 

هەوڵمان داوە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیربێت لەڕووی ئەمنییەوە

لەبارەی هەنگاوەکانیان بۆ ئەوەی ژێرخانێک بۆ کۆمەڵگاکەیان دروست بکەن بۆ ئەوەی لە قۆناغی دەوڵەتی لەرزۆک بێتە دەرەوەو توانای ئەوەی هەبێت ڕووبەڕووی گۆڕینی کەشوهەوا و قەیرانە گەورەکان ببێتەوە؟

- دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە هەر وڵاتێک پێویستە بۆ ئەوەی تۆ بتوانیت پێشکەوتن لە وڵاتەدا دروست بکەیت، پێموایە سێکوچکەی حکومڕانی لە هەر وڵاتێک دا سێ شتن: بابەتی ئابووری، سەقامگیری سیاسیی و دابینکردنی ئاسایش. هەر یەکێک لەمانە کێشەی تێ بکەوێت، ئەم وڵاتە لەرزۆک دەبێت و کێشەی تێدەکەوێت.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەیەکی زۆر قەیراناویدا ژیاوە و مەترسیی یەکجار زۆری لەسەر هەبووە. بەڵام ناوچەیەکی سەقامگیربێت لەڕووی ئەمنییەوە. سوپاسی هەموو پێشمەرگەو هێزە ناوخۆییەکان دەکەم کە شەوو ڕۆژ خەریکی ئەوەبوون ئەو ئاسایشە بۆ وڵات و خەڵکی کوردستان دابین بکات.

لەلایەکی دیکەوە ئێمە هەوڵمانداوە ژێرخانێکی ئابووری بەهێز لە کوردستان دروست بکەین، چونکە ژێرخانی ئابووری وادەکات خەڵک پابەند بێت بە بوونیادنان، بە ئاییندە، بەوەی کە بیر لە چاککردن بکات نەک خراپکردن و تێکدان. ئەمە هەردووکیان یارمەتیدەر دەبن بۆ دروستبوونی کەشێکی سەقامگیری سیاسی لەم وڵاتەدا.

ئێمە لە عێراق، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی تایبەت کە بەرپرسیاریێتی ڕاستەوخۆی ئێمەیە، دەبێت لەسەر ئەمە کار بکەین و کاریشمان کردووە.


کارمان بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز کردووە

- زۆر شتمان کردووە، بۆ نموونە: بۆ دروستکردنی ژێرخانی ئابووری هەروەک باسمکرد، بە فرەچەشنکردن یان هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتە، ئێمە تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەستین، بەڵکو کشتوکاڵیش وەک سەرچاوەیەکی داهات بەکار بهێنن و بتوانین پەرە بە پیشەسازی بدەین، تەنانەت لە بابەتی گەشتیار هێنانی گەشیار ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ ئێرە..

ئەگەر تۆ ئابوورییەکی بەهێزت هەبوو، ئەوکاتە دەتوانی بێگومان کاریگەریت لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەبێت، خەڵک باشتر بیر بکاتەوە و بیر لە سەقامگیری سیاسیی دەکاتەوە. ئەمانە هەمووی بە یەکەوە بەستراونەتەوە.

لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هیوادارم ئێمە بتوانین بگەینە ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشە کە هەموو شت بە چاوی سیاسیی سەیر نەکرێت، هەموو شت بە سیاسیی نەکرێت.

ئەگەر هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەنگاوی باش بهاوێژێت لە ڕووی دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز، ئەمە مەترسیی نەزانێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە پشتیوانییەکی بەهێز بۆ وڵاتەکە بزانێت. پشتیوان بێت لەوەی کە هەرێمی کوردستان بەرەو سەقامگیرییەکی ئابووری بەهێز دەڕوات.


کار لەسەر بە دیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی کراوە

- ئێمە لە کوردستان هەوڵی ئەوەمان داوە گرنگی بە دیجیتاڵکردنی سیستمی ئابووری هەرێمی کوردستان بدەین، بە دیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی، خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لەگەڵ هاووڵاتی، کەمرکردنەوەی ڕۆتین، زیادکردنی خزمەتگوزارییەکان. ئەمانە هەمووی کاریگەریان هەیە لەسەر شێوازی پێشخستنی خزمەتگوزاری و ئابووری.

بابەتی بە بانکیرکردن، یان بە دیجتاڵکردنی سیستمی بانکی و دوور کەوتنەوە لە سیستمی ئابووری کاش. ئەگەر بتوانیت سیستمێکی ئابووری پێشکەوتوو بۆخۆت دابنێیت کە بێگومان دەبێت سوود لە کەرتی تایبەت وەربگریت، سوود لە بانکی کەرتی تایبەت وەربگریت. بە بانکیکردنی خزمەتگوزارییەکان، بۆ نموونە بابەتی مووچەدان فەرمانبەرانی کەرتی حکومی و تایبەت. ئەمە دەکرێت گۆڕانکارییەکی جۆری بێت لە پێشخستنی ئابووریی وڵات.


هەستەوەری سیاسی ناکرێت ڕێگر بێت لە پێشکەوتنی ئابووری

- ئەگەر تۆ ئابوورییەکی باشت هەبوو، ئەم ئابوورییە دەوڵەمەندت دەکات، ئەو داهاتەی لەو دەوڵەمەندبوونە بە دەستەوە دێت، دەتوانیت جارێکی دیکە بەکاری بهێنیتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دێنە پێشەوە.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر باشمان هاوێشتووە، ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان ڕەنگە زۆری دیار نەبێت و خەڵک هەستی پێ نەکات، بەڵام لە چەند ساڵی داهاتوو هەست بەوە دەکرێت کە چ هەنگاوێکمان هاویشتووە بۆ ئەوەی ئەو متمانەیە دروست بکرێت و ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە کوردستان دروست بکرێت و خەڵک بتوانێت پشتی پێ ببەستێت.

هیوادارم ئەمە لە هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراقیش پەیڕەو بکرێت، ئەمەش بێگومان بەوە دروست دەبێت کە یارمەتیدەری یەکتر بین، هەستەوەری سیاسیی ڕێگر نەبێت لە پێشکەوتنی ئابووری.


کەشی گونجاوی کوردستان هۆکار بووە لە پەیوەندی بەهێزی ئەنقەرە لەگەڵ هەولێر

لەبارەی هەماهەنگی نێوان عێراق و تورکیا و هەرێمی کوردستان و لە بواری کەشوهەوا، بە تایبەت لەنێوان هەولێر و ئەنقەرە؟

- هەرێمی کوردستان پێی خۆشبێت یان نا، دەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی دا مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانی عێراق بکات. تورکیا دراوسێیەکی بەهێزی عێراقە و بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوانیادا زۆرە. کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق بەرژەوەندی زۆری لەگەڵ تورکیا هەیە، لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە تورکیا پەیوەندی بەهێزتری لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە، ئەو کەشە گونجاوە بووە بۆ بزنس. هەرێمی کوردستان ئارامتر بووە، ئاسانتر بووە کاری تێدا بکرێت، کۆمپانیای تورکی بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان دا کردووە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە تورکیا ئارەزووی نەبێت لە شوێنەکانی دیکەی عێراق ئەوەی من تێبگەم وەبەرهێنان بکات.

ئەو سەردانانەی کە دەکرێن لەنێوان هەردوو وڵاتیش بۆ ئەوەیە پەیوەندی ئابووری لەنێوانی هەردوو وڵات دا بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر بڕوات، یەکێک لەوانە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەرە کە لە تورکیاوە دێت بە ناو عێراق بۆ وڵاتانی کەنداو بڕوات. هیوادارین بەرژەوەندی هەموو عێراق لەبەرچاو بگیرێت لەو چوارچێوەیە بە تایبەتی هەموو پێکهاتەکان، بە کورد، تورکمان، کریستیان، شیعەو سوننەوە سوودمەند بن. عێراق تەنیا هێڵی پەیوەندیکردنی کەنداو و ئەوروپا نەبێت، بەڵکو خەڵکی خودی عێراق سوودمەند بن لەو پڕۆژەیە، بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتیدەریش بن لە دروستکردنی ئەم پەیوەندییە لەنێوانی ئەوروپا و کەنداو.

کەواتە بەرژەوەندی هاوبەش زۆر هەیە، تورکیا ئاوی بەدەستەوەیە، عێراق سەرچاوەی ژێر زەوی زۆری هەیە کە دەتوانرێت سوود لەو سەرچاوە سرووشیانە وەربگرن، چ ئاو بێت چ نەوت بێت، چ غاز بێت و چ بابەتی بازرگانی کاڵاکان بێت لەنێوانی هەردوو وڵات، توانای مرۆیی بێت لەنێوانی هەردوو وڵات.

هەموو ئەمانە ئەگەر لەسەر بنەمایەکی دروست بوونیاد بنرێت، کوردستانیش تێیدا سوودمەند دەبێت، هەردوو وڵاتیش بێگومان سوودمەندی سەرەکی دەبن لەو پەیوەندیانە.


ڕێگەی گەشەپێدان بە هەرێمی کوردستان تێنەپەڕێت پلانێکی هەڵەیە 

لەبارەی هۆکاری ئەوەی ڕێڕەوی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" کە بە شارەکانی هەرێمی کوردستان تێناپەڕێت؟

- ئەو تێڕوانینەی ئێمە هەمانە بۆ "ڕێگای گەشەپێدان" ئەگەر بەو پێشنیارەی ئێمە پێشکەشی بەغدامان کردووە سوودی زۆر زیاتر دەبێت لەوەی هەندێک کەس بە پێچەوانەوە پشتیوانی لە هێڵکی بەدیل دەکەن. نازانم جارێ گەیشتووەتە دوا قۆناغ یان نا، چونکە هێشتا دیدارمان هەیە لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی بگەینە دوا قۆناغ و دوا بڕیار کە بە چ جۆرێک دەبێت، هیوادارم ئەمە یەکلایی نەبووبێتەوە، چونکە پێموایە ئەو پێشنیارەی ئێمە هەمانە سوودی زۆر زیاتر دەبێت.

ئەوەی کە هەیە لە تورکیاو هێڵێک دێت بە عێراق تێدەپەڕێت تاوەکو کەنداو دەڕوات، کێشەکە لەوەیە لەناو خاکی عێراق بە چ شوێنێک دا دەڕوات. 

ئەوەی پێشتر ئێمە پێشنیازمان کرد، بەو شێوەیە بوو کە لە زاخۆوە بێت بە ڕۆژهەڵاتی دیجلە داخل ببێت و بێتە مووسڵ، لە مووسڵەوە بچێتە هەولێر، لەوێشەوە بۆ کەرکووک و دواتر بۆ بەغداو نەجەف تاوەکو دەگاتە بەسرە. ئەمە ئەو پێشنیازە بوو کە پسپۆران لە هەرێمی کوردستان پێیانوابووە باشترین ڕێگایە، چونکە هەموو پێکهاتەکان بە کورد، تورکمان، کریستیان، شیعەو سوننە لێی سوودمەند دەبن، هەموو شارە گەورەکانی عێراقیش تێدا بەشدار دەبن. بەڵام ئەوەی تا مووسڵ بێت و لەوێوە بە ڕۆژئاوای دیجلە تێپەڕێت.. بە ناوچەیەک دا دەڕوات کە ئەوەندە چڕی دانیشتوانی لێ نییە، واتە چۆلە.. بەسەر سنووری سووریا دا دەڕوات.


هۆکاری تێنەپەڕینی ڕێگەی گەشە بەناو کوردستان ئەگەر هۆکارەکەی ئابووریی نەبێت سیاسییە 

لەبارەی هۆکارەکان کە ئەو پرۆژەیە بەناو خاکی هەرێمی کوردستان تێنەپەڕێت؟

- من ناتوانم لە جیاتی کەس وەڵام بدەمەوە، بەڵام دەتوانم بڵێم هۆکارەکە هەرچی بێت، پلانێکی هەڵەیە، سوودەکەی وەکو ئەو پلانە نییە کە ئێمە پێشکەشمان کردووە. پێمانوایە ئەوەی کە ئێمە باسی دەکەین زۆر باشترە.

ئەوەی کە ئێمە بیستوومانە، ئەو کەسانەی کە پرۆژەکەیان پێشکەش کردووە وایان لە جەنابی سەرۆکوەزیران گەیاندووە، بەحیساب ئەو پرۆژەیە ئەگەر بەو جۆرە بێت تێچووی کەمترە، چونکە شاخ و پرد و ڕووبار و گردی تێدایەو تێچووی زۆر زیاترە ئەگەر بە ڕۆژهەڵاتی دیجلەدا بڕوات. بەڵام ئەوەی ناوچەکەی بینیبێت دەزانێت کە ئەمە ڕاست نییە. با بچن دیراسەیەکی مەیدانی بکەن بزانن بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوی دیجلە کامەی تێچووی کەمترە..

ئەگەر بابەتەکە پرسی ئابووری بێت کە کامەتی تێچووی کەمترە، با بێن لەسەر ئەو بابەتە دیراسە بکرێت بزانن چۆنەو سوودی پرۆژەکە چۆن دەبێت. ئەگەر بابەتەکە ئابووری نەبێت ئەوکاتە دەبێت هۆکارەکە سیاسیی بێت، ئەگەرنا بە چ جۆرێک پشتیوانی لە پرۆژەیەک دەکەی کە دەزانی سوودی ئابووری بەوجۆرە زۆر باشترە لەوەی دیکە، بەڵام دەچیت ئەوەی دیکە هەڵدەبژێریت، کەواتە دەبێت بابەتەکە سیاسیی بێت. هیوادارم وانەبێت. هیوادارم هێشتا نەگەیشتبێتە قۆناغی کۆتایی. ئێمە دیسان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا لەگەڵ خودی سەرۆکوەزیران قسە دەکەین و هەوڵ دەدەین ئەو بیرو بۆچوونەی خۆمان بخەینەڕوو کە ئەم پرۆژەیە تەنیا گەشەپێدانەکەی بۆ وڵاتانی دەرەوەی عێراق نییە، بۆ ئەوەی هەموو عێراق تێدا سوودمەندبێت، ئەو پرۆژەیەی ئێمە پێشکەشمان کردووە، پێمانوایە لە خزمەتی هەموو عێراق دەبێت.


پێویستە دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت

- سەبارەت بەوەی کاتی ئەوە نەهاتووە دیالۆگێکی جیددی لەنێوان هەرسێ پێکهاتەکەی عێراق بکرێت لەسەر پرسی دەستوور، فیدراڵیزم و چۆنیەتی پێکەوە ژیان.

کاتەکە درەنگە، چونکە ئەو گفتوگۆیە لە ساڵی 2005 کراوە، ئێمە لە ساڵی 2005 هەموو پێکهاتەکان دانیشتنێکی چڕ و پڕیان کردووە و دەستوورێکمان داڕشتووە، ئەم دەستوورە پێویستە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. ئێستا گفتوگۆ لەسەر چی بکرێت؟ دەبێت گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور بکرێت. 

ئێستا گفتوگۆ بەدەر لە دەستوور دەبێت بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەدیل بۆ دەستوور، کە پێموایە ئێستا گونجاو نییە. دەبێت ئێمە داکۆکی لەوە بکەینەوە کە چۆن دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکەین. جا ئەم گفتوگۆیە ئەگەر بۆ جێبەجێکردنی دەستوورە، هەمیشە دەبێت ئەو گفتوگۆیە بەردەوام بێت.

بەڵام لێرە دا پرسیار ئەوەیە، ئەگەر لایەنێک زیاتر لە لایەنێکی دیکە بەرپرس بێت لە جێبەجێنەکردنی بنەماکانی دەستوور، ئەوکاتە عێراق چ میکانزمێکی هەیە بۆ ئەوەی ئەو لایەنی کە نا بەرپرسانە ڕەفتار دەکات بیخاتە ژێر بەرپرسیاریێتییەکی مێژوویی. یان بە بەرپرسی بزانێت کە بۆچی ئەو خاڵە دەستووریانە جێبەجێ نەکراون؟ کێ ئەوکاتە دێت حکوم دەدات کە هەنگاوی داهاتوو دوای ئەمە چۆن بێت.

 

شەیری بکە لە: