ئاڤا وردەکاری قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
ئاڤا وردەکاری قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە ئاشکرا دەکات

دیمەنی غەززە دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە جەنگ. وێنە؛ AP

ئاڤا نیوز

دوای دووساڵ لە جەنگ، دواجار بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکی ئەمریکا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماسی ڕاگەیاند.

چیرۆکی سەرەکی: کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە پلانێکی خستەڕوو کە لە 20 خاڵ پێکدێت، دواتر بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆبووەوە، ڕەزامەندیی لەسەر پلانەکە دا و پاشانیش حەماس پێشنیازەکەی پەسند کرد.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هەواڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ڕاگەیاند و ئاشکرایکرد کە بە نێوەندگیریی قەتەر، تورکیا، میسر و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتن بە ڕێککەوتن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاگربەست لە کەرتی غەززە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

شێوازی جێبەجێکردن: ڕاگەیاندنی گەیشتن بە ڕێککەوتن، سەرنجەکانی خستووەتە سەر قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە، کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو.

ورده‌كارییه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌م:

٠ ئازادکردنی دیل و بەندکراوان:

-  بزووتنەوەی حەماس 20 دیلی ئیسرائیلی زیندوو بە یەکجار ئازاد دەکات.

- لە بەرامبەردا ئیسرائیل زیاتر لە دوو هەزار بەندکراوی فەڵەستینی ئازاد دەکات، کە 250 ـیان حوکمی زیندانی هەتاهەتاییان هەیە و هەزار و 700 کەسی دیکەشیان لە سەرەتای جەنگەکەوە دەستگیرکراون.

- پڕۆسەی ئاڵوگۆڕکردنەکە دەبێت لە ماوەی 72 کاتژمێردا دوای دەستپێکردنی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.

• هاوکاری مرۆیی:

- ڕۆژانە لانی کەم 400 بارهەڵگر هاوکاری دەگەیەنرێتە کەرتی غەززە، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژی یەکەمی دوای ئاگربەستەکە و پاشان بڕی هاوکارییەکان زیاد دەکرێت.

• گەڕانەوەی ئاوارەکان:

- ئاوارەکانی باشووری کەرتی غەززە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ شاری غەززە (ناوەڕاست) و باکووری کەرتی غەززە، بە یەکجاری دوای دەستپێکردنی ڕێککەوتنەکە.

• کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل:

- ڕێککەوتنەکە بڕیار دەدات بە دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ، بەپێی ئەو هێڵەی پێشتر لەسەری ڕێککەوتن کراوە.

- کشانەوەکە لە "بێت حانون" لە باکووری غەززە دەستپێدەکات و بە "بێت لاهیا"، شاری غەززە، "بورێج"، "دێر ئەلبەلح"، "خان یونس" و "خوزاعە"دا تێپەڕ دەبێت و لە قۆناغەکانی دواتردا لە "ڕەفح" لە باشووری کەرتی غەززە کۆتایی دێت.

- کشانەوەکە بە شێوەیەکی درێژی، لە باکوورەوە بۆ باشوور، بە ناوەندە سەرەکییەکانی دانیشتوواندا تێپەڕ دەبێت.

• قۆناغی دووەمی گفتوگۆکان:

- گفتوگۆکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی ترەمپ، "دەستبەجێ" دوای دەستپێکردنی قۆناغی یەکەم دەستپێدەکەن.

بەندەکانی دیکەی پلانی ترەمپ:

• کەرتی غەززە ناوچەیەکی بێ چەک: پلانەکە داوا دەکات کەرتی غەززە ببێتە ناوچەیەکی بێ چەک و دووبارە ئاوەدان بکرێتەوە.

• لێبوردنی گشتی بۆ حەماس: دوای گەڕانەوەی هەموو دیلە ئیسرائیلییەکان، ئەندامانی حەماس کە پابەندی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەبن و چەکەکانیان ڕادەست دەکەن، سوودمەند دەبن لە لێبوردنی گشتی.

• هاوکاری مرۆیی بێ دەستتێوەردان: هاوکارییەکان بەبێ هیچ دەستتێوەردانێک لەلایەن هەردوو لایەنەوە، لە ڕێگەی نەتەوەیەکگرتووەکان و دەزگاکانی مانگی سوور و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دابەش دەکرێن.

• کۆنترۆڵکردنی دەروازەی ڕەفح: کردنەوەی دەروازەی ڕەفح لە هەردوو ئاراستەدا بەپێی هەمان میکانیزمی ڕێککەوتنی 19ـی کانوونی دووەمی 2025 دەبێت.

• دەسەڵاتی کاتیی فەڵەستین: کەرتی فەڵەستین لەلایەن دەسەڵاتێکی کاتیی تەکنۆکرات و نا سیاسیی فەڵەستینییەوە بەڕێوەدەبرێت، کە بەرپرسیار دەبێت لە بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە گشتی و شارەوانییەکانی ڕۆژانە.

• ئەنجوومەنی ئاشتی: ئەم لیژنەیە لە فەڵەستینییەکانی شیاو و شارەزایانی نێودەوڵەتی پێکدێت، لە ژێر سەرپەرشتی و کۆنترۆڵی دەسەڵاتێکی کاتیی نێودەوڵەتی نوێ بە ناوی "ئەنجوومەنی ئاشتی"، کە ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات. ئەم ئەنجوومەنە چوارچێوە و سەرپەرشتی دارایی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکات، تاوەکو دەسەڵاتی فەڵەستین بەرنامەی چاکسازی خۆی جێبەجێ دەکات و دەتوانێت بە شێوەیەکی سەلامەت و کاریگەر کۆنترۆڵی غەززە بکاتەوە.

باکگراوند: 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 حەماس لە کەرتی غەززەوە بە مووشەک و هێرشی وشکانی شارە دراوسێیەکانی ئیسرائیلی بە ئامانج گرت و بەهۆیەوە هەزار و 200 کەس کوژران، لە کاردانەوەی ئەو هێرشەشدا ئیسرائیل 733 ڕۆژ بەبەردەوامی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر ئەو شوێنانە ئەنجامدا کە گومانی دەکرد ئەندامانی حەماسی لێبێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر غەززە تائێستا 67 هەزار و 183 کەس کوژراون و 169 هەزار و 841 کەسیش برینداربوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنین.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ