ئایا ئیسرائیل تووشی جەنگێكی دیكە دەبێت؟

شەیری بکە لە:
ئایا ئیسرائیل تووشی جەنگێكی دیكە دەبێت؟

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

حیزبوڵای لوبنان چەکی نوێ دژی ئیسرائیل بەکار دەهێنێت، تەلئەبیب دەست بۆ ئێران ڕادەکێشێت و دەڵێت "ئەم کارە بێ وەڵام نابێت".


وێنە گەورەکە: ناوبەناو حیزبوڵای لوبنان چەکی نوێ لە ململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەکار دەهێنێت، دوایینیان ڕۆژی پێنجشەممە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بوو کە پێش هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی مووشەک هەڵدەدات، ئەمەش بۆ یەکەمجارە بەکاری هێنا.


لێدوانی فەرمی: گەورە بەرپرسانی هەواڵگری و سەربازی ئیسرائیل دەڵێن "ئێران چەک و درۆن و مووشەکی نوێی داوەتە حیزبوڵای لوبنان و ئەمەش بێ وەڵام نامێنێتەوە لەلایەن حکومەتەکەمانەوە".


درێژەی ڕاپۆرتەکە….


فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک 
حیزبوڵای لوبنان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "ئۆپەراسیۆنێکی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە شاری مێتولا لە ئیسرائیل ئەنجام داوە. دواتر کلیپێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و تیایدا بە بەڵگەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بەرەو ئەو شوێنەی کە تانکی لێبووە دەفڕێت. دوای دەستپێکردنی شەڕ لە کەرتی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئەمە یەکەمجارە کە حیزبوڵا بەکارهێنانی چەکێکی هاوشێوە ڕادەگەیێنێت. 

ئەو ڕاپۆرتانەی کە میدیاکانی حیزبوڵا بڵاویان کردووەتەوە، باس لەوە دەکەن کێشی ئەو مووشەکانەی کە بەکاریان هێناوە  لە نێوان 25 بۆ 30 کیلۆیە و ماددەی زۆری تەقینەوەی تێدا بووە.


خانەنشینانی سوپا قسەیان هەیە
شرۆڤەکاری سەربازی، ژەنەڕاڵ خەلیل هێلو کە خانەنشینە، دەڵێت "گرنگی ئەم جۆرە چەکانە کە حیزبوڵا بەکاری دەهێنێت، ئەوەیە توانای دەستپێکردنی هێرشی هەیە لە ناو خاکی ئیسرائیلەوە،گرووپەکە سوودمەندە لە توانای ناردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ دەکرێن و لە بەرزاییە نزمەکاندا دەفڕن بەبێ ئەوەی ڕادار بیاندۆزێتەوە".


حیزبوڵا هەفتەیەکە هێرش دەکات
 چوارشەممەی ڕابردوو، ئەم گرووپە هێرشێکی "بە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر" بۆ سەر بنکەیەکی ئیسرائیل لە ڕۆژئاوای شاری تبریاس ئەنجام دا، شرۆڤەکاران دەڵێن قووڵترین هێرشە لە  ناو خاکی ئیسرائیل.

لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، حیزبوڵای لوبنان دەستپێکردنی هێرشەکانی ڕاگەیاند کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری بە مووشەکی ئاراستەکراو بەکارهێنا.  شوێنە سەربازییەکان و جووڵەی سەرباز و ئۆتۆمبێلەکانی کردە ئامانج.
هەروەها لەم دواییانەدا  مووشەکی ئاراستەکراو و قورسی جۆری بورکان و دایمۆندی ئێرانی و مووشەکەی “جیهاد موغنیە”ی ڕاگەیاند، ئەویش ناوی سەرکردەیەکی ئەو حزبەیە کە ساڵی 2015 بە بۆردومانی ئیسرائیل لە سووریا کوژرا.

هێلۆ دەڵێت "هێشتا حیزبوڵا بۆ هێرشەکانی بە پلەی یەکەم پشت بە مووشەکی دژەزرێپۆشی کۆرنێت دەبەستێت، کە مەودای نێوان پێنج بۆ هەشت کیلۆمەتر دەبێت و ڕەنگە بۆ دوورییەکی زیاتریش بەکاریان بهێنێت".
"هەروەها لە مووشەکی کۆنکورسی ڕووسی کەڵک وەردەگرێت کە هاوکات مووشەکێکی ئاراستەکراوی دژەزرێپۆشە و بە دەوری ئایرۆن دۆمدا تێدەپەڕێت و تەنها لەڕێگەی زرێپۆشەکانەوە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت". هێلۆ وادەڵێت.


ئاماژەیە بۆ پەرەسەندن؟ 
حیزبوڵا خاوەنی جبەخانەیەکی زەبەلاحی چەکدارییە، هەرچەندە قەبارەکەی نازانرێت، بەڵام لەم ساڵانەی ڕابردوو فراوانتر بووە، لە چەند بۆنەیەکیشدا ڕایگەیاندووە " ئێستا خاوەنی چەندین چەک و مووشەکی پێشکەوتووین کە توانای گەیشتنیان بە قووڵایی ئیسرائیل هەیە".


نەسروڵا قسەی هەیە
حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا لە پێنجی نیساندا جەختی لەوە کردەوە  هێشتا "نە چەکی سەرەکی و نە هێزە بنەڕەتییەکانی لە دژی ئیسرائیل بەکار نەهێناوە".


حەوت مانگ شەڕ و حەوت هەزار مووشەک
ماوەی حەوت مانگە حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل لە شەڕێکی ڕۆژانەدان، وەک شرۆڤەکاران باسی دەکەن، لەو ماوەیەدا هەردوولا شێوازی هێرشکردن و تاکتیکی سەربازیی یەکتریان تاقی کردەوە.
حیزبوڵا، مەودای ئامانجگرتن فراوانتر دەکات لە وەڵامی ئەو لێدانە ئازاربەخشانەی کە کەرەستە و ژێرخان و سەرکردەکانی کردە ئامانج، هاوشێوەی ڕووداوەکانی  ئەمدواییەی شەوی چوارشەممە لە دەوروبەری شارۆچکەی بریتال لە ناوچەی بێکا (ڕۆژهەڵات) کرا.

 

ئیسرائیل قسەی هەیە
ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت" ئەو هەڵمەتە "ئامانجێکی تیرۆریستیی حیزبوڵای لوبنان کە پەیوەندی بە پڕۆژەی مووشەکی وردبینەوە هەیە کردووەتە ئامانج".
هێلۆ دەڵێت "بە ئامانجگرتنی بنکەیەکی نزیک تبریا و بەکارهێنانی ئەو درۆنانە کە بە دوو مووشەک تەیار کراوە ڕەنگە وەک وەڵامێک بۆ بەئامانجگرتنی بریتال لێکبدرێتەوە، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە هێرشەکەی ئیسرائیل ئێرانی کردووەتە ئامانج".


ئەنجام
بە گوتەی شرۆڤەکاران، حیزبوڵا نایەوێت بازنەی شەڕ فراوانتر بکات، ئەوەی ڕوودەدات "شەڕی پەرتکردنە کە تێیدا هەوڵ دەدات سوپای ئیسرائیل سەرقاڵ بکات  لە غەززە و ڕێگری لێبکات لە دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوان". 
لە ڕاستیدا ئیسرائیل دەزانێت چی دەگوزەرێت، بەڵام  "بە دوای بەڵگەی ورددا دەگەڕێت کە سەری مارەکە بدۆزێتەوە و بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت لە سەری مارەکە لە تارانە". 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: