موسڵ ئەو شارەی گەورەی لە ماوەی شەو و ڕۆژێک کەوتە دەست داعش

شەیری بکە لە:
موسڵ ئەو شارەی گەورەی لە ماوەی شەو و ڕۆژێک کەوتە دەست داعش

خانوویەکی وێرانبووی مووسڵ دوای 10 ساڵ لە هێرشی چەکدارانی داعش وێنە؛ محەممەد شوانی - ئاڤا

ئاڤا نیوز  

 

لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014، چەکدارانی ڕێکخراوی داعش هێرشی کردە سەر شاری موسڵ و لە ماوەیەکی کەمدا دوای کشانەوە و شکستی سوپای عێراق، شارەکە بە تەواوەتی کەوتە دەست ئەو ڕێکخراوە.

 

وێنە گەوەرەکە: سەرەڕای هۆشدارییەکانی سەرۆک بارزانی بە نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق پێش حەوت مانگ لە هێرشی داعش بۆسەر شارەکە، بەڵام ئەوکات مالیکی گرنگی بەو هۆشدارییەدا نەدا و دواجار لە 10-6-2024 مووسڵ کەوتە دەست داعش.

 

کاریگەریی و لێکەوتەکان: بەهۆی هێرشی داعش بۆسەر شارەکە و شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی لە نێوان ساڵی 2014 بۆ 2017، زیاتر لە 250 هه‌زار که‌س بوونه‌ قوربانی، ئەمە جیا لە ڕفاندن و بێسەر و شوێنبوونی دەیان هەزار کەسی دیکە و وێرانبوونی ته‌واوی ژێرخانی شارەکە کە تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە.

 

ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێت: فەخری کەریم، سەرۆکی دەزگای مەدا، لەبارەی کەوتنی مووسڵ پلانێکی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "مالیکی بیرۆکەی لکاندنی پارێزگای نەینەوای بە هەرێمی کوردستان هەبوو، پێی وابووە ئەو شارە مۆڵگەی عەرەبە قەومی و بەعسییەکان و تیرۆریستانە".

 

لێدوانە فەرمییەکان: لە ساڵیادی کەوتنی موسڵ، دووشەممە 10-6-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند "پاشماوەکانی تیرۆر چیتر مەترسی لەسەر بوونی دەوڵەتی عێراق دروست ناکەن"، هاوکات ستایشی ئەو هەڵوێستە یەکگرتووەی کرد کە "گەلی عێراق لە دەوری هێزە چەکدارەکانیان کۆبوونەوە بۆ پاککردنەوەی چەتە تیرۆریستییەکانی داعش لە خاکی عێراق".

 

درێژەی ڕاپۆرت...

شەوێک پێش کەوتنی موسڵ
شەوی 9-6-2014، چوار فیرقەی سەربازی کە لە دەیان هەزار کارمەندی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق پێکهاتبوون لە تەواوی پارێزگای نەینەوا‌ بڵاوەیان پێکرابوو، هاوکات جۆرەها چەک و تانکی پێشکەوتوویان پێبوو، بەڵام لە ماوەی شەو و ڕۆژێک دا شارەکە بە تەواوەتی کەوتە دەستی چەکدارانی داعش و هەرچی چەکی دەست هێزەکانی عێراقیش بوو کەوتە دەستی چەکدارانی داعش.

 

هۆشدارییەکان لەبارەی هێرشی داعش
پێش حەوت مانگ لە کەوتنی مووسڵ، سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق لە مەترسیی دروستبوونی داعش و هەڕەشە و جموجوڵەکانیان لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ ئاگەدار دەکاتەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستان پیشان دەدات بۆ ئۆپەڕاسیۆنێکی هاوبەش تاوەکو یارمەتیی هێزەکانی عێراق بدات و ڕێگە لە گەشە و بەهێزبوونی تیرۆریستان لەو ناوچەیەدا بگیرێت.

 

بە هەند وەرنەگرتنی هۆشدارییەکەی سەرۆک بارزانی
نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق ئەم ئاگەدارکردنەوە و پێشنیازەی سەرۆک بارزانی بە هەند وەرناگرت و گوێی لێ نەگرت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ڕاگەیێنراوێکی نووسینگەی نووری مالیکی لە 18-12-2014 بەرپرسیاریێتیی کەوتنی مووسڵی خستەی ئەستۆی مالیکی و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە "بەڕێز سەید عەمار حەکیم و د.ڕۆژ نوری شاوێس، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەو کاتی ئەمریکا لە عێراق شاهیدی ئەوەن کە سەرۆک بارزانی لەڕێی ئەوانەوە سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەو مەترسیە ئاگەدار کردووەتەوە.

 

ئاشکراکردنی پلانێکی مالیکی پێش کەوتنی موسڵ

فەخری کەریم، سەرۆکی دەزگای مەدا و ڕاوێژکاری باڵای مام جەلال، سەرۆککۆماری کۆچکردووی عێراق لە ماوەی نێوان 2006-2014 لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لەبارەی کەوتنی مووسڵ پلانێکی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "مالیکی بیرۆکەی لکاندنی پارێزگای نەینەوای بە هەرێمی کوردستان هەبوو، پێی وابووە ئەو شارە مۆڵگەی عەرەبە قەومی و بەعسییەکان و تیرۆریستانە، ئەگەر لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان بێت، بۆ ئەوان باشترە، ئەو بیرۆکەیەی لەگەڵ مام جەلال دا باسکردووە بەڵام پێشوازی لێنەکراوە".

 

پێش کەوتنی مووسڵ بۆچی سەرۆک بارزانی پێشمەرگەی نەناردە ئەو شارە

فەخری کەریم لە دیمانەکەدا دەڵێت: سەرۆک بارزانی لە سەرەتای 2014 پەیوەندی بە نووری مالیکییەوە کرد و پێی ڕاگەیاند: دۆخی موسڵ مەترسیدارە و با ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش دەستپێبکەین، من ناتوانم بە تەنیا پێشمەرگە بنێرم، ئەو پرسە هەستیاری لەنێوان کورد و عەرەبدا دەوروژێنێت و هێزەکانی حکومەت لە ناوچەکەدا ئامادەن. فیرقەی دووەمی سوپای عێراق هەیە، پۆلیسی فیدراڵی و یەکەکانی دیکەش هەن. ئێمە ئامادەین زەحمەتییەکە هەڵبگرین، بەڵام با پرۆسەیەکی هاوبەش بێت.
لە بەرامبەردا وەڵامی مالیکی بۆ سەرۆک بارزانی بە گوتەی فەخری کەریم ئەوە بوو: "تۆ هەرێمی کوردستان بپارێزە و خەمی دەرەوەی هەرێمت نەبێت، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە".

 

داعش بەنیازی چ بوو؟

بەپێی زانیارییەکانی فەخری کەریم، سەرۆک بارزانی باسی لەوە کردووە: داعش خەونیشی بە کۆنترۆڵکردنی موسڵەوە نەبینیبوو، تەنیا دەیانویست یەکینەکانی سوپای عێراق سەرقاڵ بکەن تاوەکو ئەندامانی خۆیان لە زیندانی بادۆش لە خۆرئاوای شارەکە ئازاد بکەن، بەڵام دواتر ئەو ئەفسەرانەی مالیکی ناردبوویانی، هەڵاتن و پەنایان بۆ بازگەیەکی پێشمەرگە هێنا و دواتریش لەسەر داوای ئەوانیش ڕەوانەی بەغدا کرانەوە.

 

10ی حوزەیران چی ڕوویدا؟

لە مانگی حوزەیرانی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش کە لە سنووری سووریاوە دزەیان کردبووە ناو خکی عێراق، ڕۆژی 10ی هەمان مانگ بەبێ ھیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی لە ماوەی کەمتر لە شەو و ڕۆژێک توانیان دەست بەسەر تەواوی شارەکە و چەندین چەک و جبەخانەی سوپای عێراقدا بگرن. دوای کەمتر لە یەک مانگ ئەبوبەکر بەغدادی،  لە گوتاری نوێژی ھەینیی لە مزگەوتی نوریی شاری مووسڵ بەدیار کەوت و "خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" ڕایگەیاند و خۆشی وەک خەلیفە دیاریکرد.

 

چی بەدوای کەوتنی موسڵ هات؟
کەوتنی موسڵ، کۆنترۆڵکردنی شاری تکریت سەنتەری پارێزگای سەڵاحەددین و بەشێکی سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و دیالەی بەدوا داهات لەلایەن چەکدارانی داعشەوە. سەرەڕای هەوڵەکانی هاوپەیمانان، بەڵام نەتوانرا ڕێگە لە پێشڕەوییەکانی ئەو ڕێکخراوە بگیرێت، بەڵام بە دەستی پێشمەرگە "ئەفسانەی داعش تێک شکێنرا" کاتێک ئاراستەی هێرشەکانی بەرەو هەرێمی کوردستان گۆڕی.

 

کاریگەریی و لێکەوتەکان

بەهۆی هێرشی داعش بۆسەر مووسڵ و شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە لە نێوان ساڵی 2014 بۆ 2017، زیاتر لە 250 هه‌زار که‌س بوونه‌ قوربانی، ئەمە جیا لە ڕفاندن و بێسەروشوێنبوونی دەیان هەزار کەسی دیکە و وێرانبوونی ته‌واوی ژێرخانی شارەکە کە تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە.

 


پێشوازیی ئاوارەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە

دوای پەلامارەکانی داعش، هەرێمی کوردستان پێشوازیی دەیان هەزار لە ئاوارەکانی ئەو ناوچانە کرد کە لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوون. هەرێمی کوردستان چەندین کەمپی دروستکردن بۆ لەخۆگرتنی ئەو ئاوارانە و ئیدارەدانی ئەو کەمپانە لەنێو مووسڵ و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەوانە: کەمپی چیای شنگال، ماملیان، مام ڕەشان، شێخان، ئیسیان، حەسەن شام 2، حەسەن شام3 و کەمپی خازر.


ھێشتا ئاسەواری وێرانکاری شەڕ بە مووسڵەوە دیارە

ئەگەرچی حەوتە ساڵە شاری مووسڵ کۆنترۆڵکراوەتەوە، ھێشتا ئاسەواری جەنگ و وێرانکاریبە شارەکەوە دیارە بە دیاریکراویش ناوچەی مووسڵی کۆن، هاوکات قەزای شنگال و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگاکە، کە بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری ئاوارەکان بە تایبەت کوردانی ئێزدی بەهۆی ناسەقامگیری و ئاوەدان نەکردنەوەی ناوچەکانیان، نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

 

پارێزگای نەینەوا، دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە و دەکەوێتە باکووری خۆرئاوا. بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2003 ژمارەی دانیشتوانەکەی ئەوکات نزیکەی  دوو ملیۆن و 450 هەزار کەس بووە. کورد و عەرەب و پێکهاتە ئاینییەکانی ئاشوور و کوردی شەبەک و ئێزدی لەو شارە ژیاون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: