گوتاری خودی (خۆدواندن)

گوتاری خودی (خۆدواندن)

گرافیک، ئاڤا نیوز

خۆدواندن یان قسەکردن لەگەڵ خودی خۆت شێوازێکی باوی پەیوەندیکردنە کە مرۆڤ ڕۆژانە بە ئاگایی یان بێئاگایی خەریکی دەبێت، ئەمەش چەندین جۆر لەخۆدەگرێت لەوانە لەبەرخۆوە قسەکردن، خەیاڵبردنەوە، لێکدانەوەی شتەکان لە مێشکی خۆت، وێنەی هزری، لێکدانەوەی یادگارییەکان و گەلێکی تر.

ئەم جۆرە پەیوەندیکردن و قسە لەگەڵ خۆکردنە زۆر گرنگە بۆ لێکدانەوەی شتەکان و بڕیاردان و هەڵوەستەکردن. بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤ تاوەکو لەگەڵ خۆی تاوتوێی بیرۆکەکان نەکات پێشناکەوێت، چونکە ئەمە پرۆسەیەکە بەهۆیەوە مرۆڤ لەخۆی دەگات و ئاشنا دەبێت بە هەست و نەست و پاڵنەر و کاردانەوەکان لە بارودۆخ و کۆنتێکستە جیاجیاکاندا.


لە شەنوکەوکردنی ئەم پەیوەندییەدا (خۆدواندن) مرۆڤ دەبێتە خاوەنی گوتارێکی تایبەت بە خۆی، کە جیاوازە لە گوتاری کەسانی دیکە، ئەمەش دەبێتە پلان و ستراتیژیەتێک ڕێڕەوی ژیانی ئەم کەسە دیاری دەکات. چۆن دامەزراوە و پارت و هەتا حکومەتەکانیش گوتاری تایبەت بە خۆیان هەیە، لەسەر ئاستی تاکەکەسیش مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە کە گوتاری تایبەت بە خۆی هەبێت.


ڕاستە لەم جۆرە پەیوەندیکردنەدا بیر و هۆش و هزر بەکاردێت، بەڵام ئەمەش لەڕێگەی زمانەوە دەکرێت. هەرچەندە ئەمە مشتومڕی زۆری لەسەرە کە ئایا بیرکردنەوە لە پێش زمان دێت یان زمان لە پێش بیرکردنەوە، بەشێوەیەکی تر ئایا بەبێ زمان مرۆڤ دەتوانێت بیربکاتەوە؟ بۆ زیاتر ئاشنابوون بەم بابەتە دەتوانیت گریمانەی ساپیر-وۆرف Sapir–Whorf hypothesis  بخوێنیتەوە). من پێموایە لە کاتی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی شتەکان مرۆڤ بە بێدەنگی زمان بەکاردێنێت و جۆر و ئاستی ئەو زمانەی (یان زمانانەی) کە مرۆڤ دەیزانێت لە بیرکردنەوەکانیدا ڕەنگدەداتەوە. ئەوانەی زمانێک یان چەند زمانێکی دەوڵەمەند دەزانن بیرکردنەوەیان فراونتر و دەوڵەمەندترە.


قسەکردن لەگەڵ خود دوو جۆری هەیە، یان پەیوەندییەکی ئەرێنی و پۆزەتیڤە، یانیش نەرێنی و نێگەتیڤە. کاتێک بەشێوەیەکی پۆزەتیڤانە قسە لەگەڵ خۆمان دەکەین و شتەکان لێکدەدەینەوە، ئەوا بیرکردنەوەمان ئەرێنی دەبێت و کێشە و گرفتە گەورە و ئاڵۆزەکانمان لا ئاسان دەبێت و ئاڵەنگارییەکانمان لا دەبێتە دەرفەت. بە پێچەوانەشەوە کاتێک بەشێوەیەکی نێگەتیڤانە بیردەکەینەوە و شتەکان بە ڕەشبینی لە مێشکی خۆمان لێکدەدەینەوە، ئەوا گرفتی زۆر بچووک گەورە دەکەین، بەرامبەر ژیان و کەسانی دەوەروبەرمان ڕەشبین دەبین و وادەزانین بەخت لەگەڵمان نییە و هەموو دەوروبەرمان لێ دەبێتە دوژمن. لێرەدا وشە و زمان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن. لە بیرکردنەوەی نەرێبییانە وشەی خراپ و نێگەتیڤ بەکاردێنین و لە بیرکردنەوەی ئەرێنییانەش وشەی جوان و پۆزەتیڤ بەکاردێنین.


جۆردن پیتەرسۆن دەروونناسی کەنەدی لە کتێبی (١٢ ڕێسای ژیان) زۆر بە جوانی ئەم بابەتەی شیکردووەتەوە. لە ڕێسای ژمارە ٢ دا دەڵێت (بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ خودی خۆت بکە، وەک ئەوەی مامەڵە لەگەڵ کەسێکی خۆشەویستی خۆت دەکەی کە تۆ بەرپرسی لە یارمەتیدانی). هەریەک لە ئێمە لە ژیاندا بەرپرسین لە گرنگیدان بە کەسانێک، جا ئەو کەسانە مداڵەکانمان بن، دایک و باوکمان بن یان هەر کەسێکی تری خۆشەویست بێت. ئاگامان لێیان دەبێت و خزمەتیان دەکەین و ڕێگەی باشیان پێ نیشان دەدەین. پێیان دەڵێین وەرزش بکەن، باش بخەون و هەموو خواردنێک مەخۆن و خەم مەخۆن و بیر لە شتی خراپ مەکەنەوە. ئێ باشە بۆ بەم شێوەیە لەگەڵ خۆمان نادوێین، بۆ ناڵێین با چیتر بیرکردنەوەی خراپمان نەبێت و چیتر رێگە نەدەین وشەی نێگەتیڤ هەراسانمان بکات و خەو و خۆراکمان لێ حەرام بکات؟ بۆ نەبینە خاوەن گوتارێکی پۆزەتیڤانەی خۆمان کە خەڵک بەم گوتارە بماناسێتەوە و جیامان بکاتەوە؟

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: