
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا خاوەنی تایبەتمەندی و سیفەتی هاوشێوەی شی جینپینگی سەرۆکی چینە. هەردووکیان لە دامەزراوەی حوکمڕانیدا پلە بە پلە سەرکەوتوون و لە پشت پەردەوە کاریان کردووە، هەردووکیان بڕوایان بە هێز و کۆنترۆڵی دەوڵەت هەیە، هەردووکیان بڕوایان بە گۆڕینی سیستمی نێودەوڵەتیی لیبڕاڵ هەیە. ئەم هۆکارانەش بەسن بۆ ئەوەی ببنە هاوپەیمانی جێ متمانەی یەکدی.
سەرۆک پووتین هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر سیستمی لیبڕاڵ ناشارێتەوە و ئەمەش بووەتە خاڵێکی بنەڕەتی لە شێوازی بیرکردنەوەیدا. دەربارەی ئەو سیستمە وتوویەتی کە سیستمێکی مردووە، سیستمێکە بۆ خزمەتی ڕۆژئاوا و بۆ سزادانی دوژمنەکانی، بەتایبەتیش ڕووسیا، دیزاینکراوە. لە دانیشتنە دوور و درێژەکاندا، سەرۆک پووتین بە درێژی بۆ چەندین کاتژمێر باسی پێگە و میرات و ڕۆڵی ڕووسیا دەکات و بەشە جیاوازەکانی مێژووەکەی دەخاتەڕوو. لە دیمانە بەناوبانگەکەی لەگەڵ پێشکەشکاری ئەمریکی تەکەر کارلسۆن، کە لە سەرەتادا قسەکانی پێبڕی، پووتین داوای لە پێشکەشکارەکە کرد بێدەنگ بێت و لێیگەڕێت بیرۆکەکانی ڕوون بکاتەوە. پاشان بە قووڵیی ڕۆچووە ناو مێژووی ڕووسیا و کڵێسای ئەرتۆدۆکسی و زیادەڕەوییەکانی ستالین لە کیێڤ. ئەنجامی قسەکانیشی لەوەدا کورت کردەوە کە ئۆکرانیای ئێستا وڵاتێکی دەستکردە و زێلێنسکی جوولەکەیەکی لایەنگری نازییە.
مێژوو ڕۆڵێکی گەورە لە بیرکردنەوەی سەرۆک پووتیندا دەگێڕێت، ئەمەش وای لێدەکات جیاواز بێت لە سەرۆکی چین کە لە خەمی گەڕانەوەی شکۆی چیندایە بەبێ ئەوەی لە ڕابردوودا نوقم بێت. سەرۆکی ڕووسیا پێی وایە ڕۆژئاوا وەک پێویست ڕێز لە یەکێتی سۆڤیەت ناگرێت لە کاتێکدا ڕۆژێک لە ڕۆژان جەمسەرێکی جیهانی بووە، بەڵام بەهۆی شەڕی ساردی ڕۆژئاواوە داڕما. بەڵام کەس چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد کە مۆسکۆ بگەڕێتەوە بۆ هێزی خۆی و بەشێک لە بەهێزیی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و دووبارە خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا جێگیر بکاتەوە. بەڵام سەرۆک پووتین ئەمەی کرد، ئابووریی هەڵوەشاوەی ڕووسیای نۆژەنکردەوە، متمانەی بۆ گەلی شکستخواردووی ڕووسیا گەڕاندەوە، گۆڕانکاری لە وتارە ئایدیۆلۆژییە کۆمۆنیستی و مارکسیستییەکاندا کرد و وازی لە دروشمە کرێکارییەکان هێنا، چووە سەر وتاری پارێزکارانەی ڕاستڕەو کە جەخت لەسەر هێزی دەوڵەت دەکاتەوە و کڵێسای بۆ چەقی ناسنامەی ڕووسی گەڕاندەوە کە شۆڕشی بەلشەفی سڕیبوویەوە.
سەرۆک لە چاکسازیی ئابووریی ڕووسیا سەرکەوتوو بوو، بەتایبەتی لە سەرەتای حوکمڕانییەوە تا داگیرکردنی دوورگەی کریمیا. پووتین دژی شۆڕشەکانە و پێی وایە شۆڕشە ڕەنگینەکان کە لە وڵاتانی دراوسێدا ڕوویان دا بەهۆی هۆکاری ناوخۆییەوە نەبوون، بەڵکو بە دەستی ڕۆژئاوا ڕێکخرابوون و ئامانجی یەکەمیان ئەو وڵاتانە نەبوو، بەڵکو لاوازکردنی مۆسکۆ بوو، ئەگەر ڕووخاندنی نەبێت. فراوانبوونی ناتۆ لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا بەسەر پێنج شەپۆلدا ئەم نیازانەی سەلماند و هەندێک لە سەرکردە ڕۆژئاواییەکان نایشارنەوە کە بڕوایان وابووە ڕووسیا لە گەمەی کێبڕکێی جیۆستراتیژی دەرچوو بوو، بەڵام پووتین بۆ سەر نەخشەکەی گەڕاندەوە.
پووتین بڕوای بە بیرۆکەی هێزی دەوڵەت بۆ پاراستنی وڵات و سەپاندنی سیستم لە ناوخۆ و هەروەها ڕێگرتن لە گورگە برسییەکان لە هێرشکردنە سەر ڕووسیا هەیە کە بەهۆی سامانە سروشتییەکانیەوە چاویان لەسەریەتی. پووتین جارێک لە یەکێک لە وتارەکانیدا وتی 'ئەگەر بەهێز نەبیت، لەلایەن زۆردارانەوە تووشی لێدان و سووکایەتی دەبیت'. وشەکانی وەک 'ڕێز' و 'سووکایەتی' و 'پێگە' و فاکتەری گرنگی جیهانبینیی پووتینن. ئەمەش هاوئاهەنگە لەگەڵ ڕەوتێک لە مێژووی ڕووسیادا کە پێی وایە نەتەوەی ڕووس ئەو پێگەیەی وەرنەگرتووە کە شایستەیەتی و هێزە ڕۆژئاواییەکان گەمارۆیان داوە و نەیانهێشتووە هەژموونی خۆی بە جیهاندا بڵاو بکاتەوە.
بەلای پووتینەوە، هەروەک چۆن ئاوارتەی ئەمریکی هەیە، بە هەمانشێوەش ئاوارتەی ڕووسی هەیە. نەتەوەی ڕووس لە نەتەوەی ئەمریکی دێرینترە. لەبەر ئەمە پووتین هەوڵی دا نەک هەر ڕووسیا بەهێز بکات، بەڵکو هێزی خۆیشی بەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بسەپێنێت کاتێک لە جۆرجیا و سووریا دەستێوەردانی کرد و ئامادەیی مۆسکۆی لە ئەفریقا بەهێزکرد و کریمیای داگیرکرد. دوای ئەوەش شەڕی ئۆکرانیا هات کە سەرۆک پووتین، بەپێی قسەکانی خۆی، ڕوونی دەکاتەوە کە ئەوانە خاکی ڕووسیان کە بەلشەفییەکان بەبێ هۆیەکی ڕوون لەدەستیان داوە. لە کاتێکدا ئەوانی دیکە پێیان وایە ئەوەی مۆسکۆ کردوویەتی داگیرکارییەکی ناڕەوایە، پووتین پێی وایە ئەوە ئەرکێکی نەتەوەییە بۆ پاراستنی ڕووسیا لە چەکی ئۆکراینی کە بووەتە دەستی ڕۆژئاوا لەسەر سنوورەکانی و لە ناوچەکانی نفوزی. لە ڕووی مێژووییەوە، پووتین پێی سەختە دان بە ئۆکرانیادا بنێت وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە پێشتر بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەتی. پووتین پیاوی دەوڵەت و پیاوی مێژووە و ئێستا ئەو پیاوەیە کە ئەرکی سەپاندنی هێزی ڕووسی لەسەر شانۆی جیهانی هەڵگرتووە، ئەمەش سەرەڕای سەپاندنی گۆشەگیری و سزاکانی ڕۆژئاوا بەسەریدا.
ڕووبەڕووبوونەوەی سیستمی نێودەوڵەتیی ڕۆژئاوایی و شکاندنی یاساکانی یەکێکە لە گرنگترین کارە لەپێشێنەکانی پووتین. بۆئەوەی برا گەورەی ئەمریکی بشکێنێت کە هەموو کەسێک سزا دەدات، دەبێت لەگەڵ برا گەورەی دووەم واتە پەکین هاوپەیمانی ببەستێت و لەمەشدا سەرکەوتوو بووە. پەیوەندیی لەگەڵ پەکین لە شەڕەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا و سزاکانی ڕۆژئاوا فریای کەوت. هەردووکیشیان پێیان وایە هاوپەیمانێتییەکەیان هاوپەیمانێتییەکی پێویستە بۆ پێکهێنانی هێزێک لە بەرامبەر هەژموونی ڕۆژئاوا. کۆریای باکوور کە بە سەرباز و ئێران کە بە درۆن پشتگیریی ڕووسیایان کرد، تەوەری بچووکن لەم پێکهاتە نوێیەدا.
پووتین دوو جیهانی کولتووری وێنا دەکات، جیهانێکی پارێزکارانەی خۆی کە پابەندە بە بەهاکانی خێزان و ئایین و جیهانێکی ڕۆژئاوایی لیبڕاڵ کە بڕوای بە ئازادیی ناسنامەی جێندەری و فرەیی سێکسی و تێکشکاندنی نەریتەکانی هاوسەرگیری هەیە. ئەم دیدگایە تەنانەت لە ڕۆژئاواش لایەنگری زۆری هەیە، بە تایبەتیش لە ناو ئەوانەی کە بێزارن لەو کولتوورە. لە ناو ئەوانەشدا کەسێکی گرنگ بە ناوی دۆناڵد ترامپ هەیە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
هاوسەنگی لە سەردەمی گۆڕانکارییەکاندا
9 کاتژمێر لەمەوپێش
هێڵکێشانێک بە ژێر وتارەکەی سوودانی دا
8 ئایار
لوتکەی بەغدا؛ بەرەو ڕێبازێکی نوێی عەرەبی
8 ئایار
شی جینپینگ چۆن بیر دەکاتەوە؟
6 ئایار
بەغدا لە نێوان میوانداریکردنی لووتکەی عەرەبی و ئالنگارییەکانی ناوخۆ
5 ئایار
دووبارە دواكەوتنی واژۆكەی تەیف سامی
5 ئایار
لەوێ بووین - لە ستایشی ڕەنگینیی دهۆکدا
3 ئایار
کار و کرێکاری لە دیدێکی ئایینی
2 ئایار
كورد لەناو بەها جیهانیەكانی سەردەمی نوێدا
1 ئایار
"زیندووکردنەوەی میراتی هەولێر: سەردەمێکی نوێی ئاسایشی ئاو و خۆشگوزەرانی"
30 نیسان
- بیروڕا
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
هاوسەنگی لە سەردەمی گۆڕانکارییەکاندا