
خودایە! ئەم عێراقە چ جۆرە ئەژدیهایەکە کە تەنها بەخوێنی ئاڵی ڕۆڵەکانی تێر دەبێت؟ ئەمە چ جۆرە وڵاتێکە کە بەسەر دەریالووشێک نەوت و غازەوەیە کەچی ساڵانە بایی ملیارەها دۆلار غاز لە دراوسێکەی دەکڕێت و تائێستاش چوار سەعات کارەبای بەردەوامی پێ دابین نەکراوە، بایی ملیۆنان دۆلار کەوچک و چەتاڵی زێر بۆ فاشیلترین کۆنگرە لە مێژوودا خەرجدەکات کەچی خەڵکی بەسڕە و دیوانیە لەتاو بۆگەنی زێراب و مێشومەگەز و مشک و مار ژیانیان لێ بۆتە دۆزەخ! خودایە ئەمە چ دەوڵەتدارییەکە کە بۆ نمایشێکی سەقەت بە دەیان ملیۆن دۆلار دەبەخشێ بە لێقەوماوانی ئەم وڵات و ئەو وڵات، مانگانە بە دەیان ملیۆن دۆلاری بێ تۆمار و بێ میزان موراجەعە بۆ مووچەی موجاهیدینی بەرەی موقاوەمە و مقاوەلە لێرە و لەوێ خەرج دەکات کەچی شەقامێکی پێ قیرتاو ناکرێت، قوتابخانەیەکی کاولی پێ نۆژەن ناکرێتەوە، سەرباری هەموو ئەوانە زۆر بێ شەرمانە دێت و مووچە و بژێویی هاووڵاتیانی کوردستان دەبڕێت؟ بۆ مانگێک و دوانیش نا.. بۆ هەشت مانگ !!
خودایە! ئەمە چ جۆرە دیموکراسی و فیدراڵیزمێکە کە ڕێ دەدات بە وەزیری دارایی لەچاو تروکاندنێکدا بڕیاری بڕینی نانی زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆر بدات ؟. ئێمە باسی ژمارە بێ گیانەکان و هاوکێشە ساردەکانی ژمێریاری و تۆمارەکانی دارایی ناکەین، ئێمە باسی هەنسکی هەزاران پیرەژن و حەسرەتی ناو سینگی هەزاران پیرەپیاوی خانەنشین و نائومێدییەکانی دەیان هەزار پێشمەرگە و مامۆستا و پزیشک و فەرمانبەری کوردستان دەکەین کە ساڵانێکە توانا و وزەی گەنجێتی خۆیان بۆ خزمەتی گشتی تەرخان کردووە، کەچی دەوڵەتی عێراق بە زەلیلکردن و برسیکردنیان پاداشتیان دەداتەوە!
ئایا ئەگەر ناکۆکییەک لەنێوان پارێزگاری بەسڕە و وەزارەتی دارایی عێراقدا سەریهەڵدا، کەس غیرەتی ئەوە دەکات مووچەی خەڵکی بەسڕە ببڕێت!؟ ئایا کەس بیستوویەتی نەبوونی لیستی مووچە و UPN و میزان موراجەعە، بووبێتە پاساو بۆ بڕین نا، بەڵکو بۆ دواخستنی مووچەی حەشدی شەعبی بۆ تەنها یەک ڕۆژیش؟! بە دڵنیاییەوە نەخێر... ئەو ڕەفتارانە تەنها لەبەرامبەر کوردستاندا دەکرێت.. دەپرسم ئایا ڕەوایە هاووڵاتیی کورد و کوردستانی لەم عێراقە بەناو دیموکراسی و فیدراڵەدا بکرێتە ئامانجی سزادانی سیاسی؟ ئەی کەواتە کوا دەستوور؟ کوا هاوبەشی و برایەتیی کورد و عەرەب کە سەد ساڵە دەست وپێمانی لە کۆت و زنجیر ناوە ؟ کوا ڕێکەوتن و ئیمزا و تەوقە و باوشە گەرمەکانی نێوان بەرپرسانی هەردوولا؟ لە هەموو ئەوانەش گەڕێ، ئەی کوا خوا ناسی و کوا ویژدانی مرۆیی؟
ئیتر وەک دەڵێن کاسە پڕبووە و لێی دەڕژێ.
بە بڕیارێکی لەناکاوی لێوان لێو لە ڕک و کینەی سەندنەوەی تۆڵەی شکستی دەیان ساڵەی حوکمڕانیەکەیان، وەزیری دارایی عێراق بڕیاری داوە بۆ ماوەی هەشت مانگ دەست بنێتە بینی خەڵکی کوردستان تا ئەو کاتەی لە برساندا بەچۆکدا دێین و کەرامەت و شکۆمان دەشکێت و لەبەرامبەر پارچەنانێک و چەند دینارێکی بێ بەهادا خۆمان، خاک و سەروەت و سامانی وڵاتمانیان ڕادەستدەکەین و خەون و خوێنی سەدان هەزار شەهیدمان بەهەدەردەدەین..
لەوەش شۆکتر، ئەوەیە ئەم وەزیرە نوورانییە لە خواترسە، خەڵکی عێراق لەناو زۆنگاوی هەژاری و برسێتی و گەرما پڕوکێنەکەی ئەم هاوینەی شارە بێ کارەباکانی عێراقی عرووبەدا بە سەرگەردانی بەجێ دەهێڵێ و بە دڵێکی ساف و بە ویژدانێکی ئاسوودەوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج بەڕێدەکەوێت. ئەم خاتوونە لەسەر بڕوای مەرجەعە مەزهەبییەکانی کە کوردیان بە نەوەی جنۆکە پێناسەکردووە، بە پێویستی زانیوە بەر لەوەی ئیبلیس بەردەباران بکات، نانی وەچەکانی جنۆکە ببڕێت و دەیان هەزار خێزان لە کوردستان بێ کاسە و سفرەی جەژن لەدوای خۆی بەجێبهێڵێت و مێشێکیش میوانی نەبێت!
ئەمە چ جۆرە ئیماندارییەکە کە ڕێگەت پێ دەدات بژێوی خەڵک ببڕیت و پاشان بەڕێبکەویت بۆ ماڵی خودا؟ ئەی نەتبیستووە: "قطع الأعناق ولا قطع الأرزاق"! بڕیارێکی لەم جۆرەو بەم خەمساردیەوە، تەنها چەند ڕۆژێک پێشی جەژن، تەنها سەلـمێنەری هەژموون و باڵادەستیی مەزهەبگەرایی و ڕەگەزپەرستیی دەستەڵاتی سیاسیی نییە و بەس، بەڵکو نیشانەیەکی ئاشکرای قەیرانی ئەخلاق و قەیرانی ویژدانیشە !
با ناحەزان دڵنیابن، کوردستان هەرگیز پاروویەکی نەرمەقووت نەبووە و نییە و نابێت. خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش پشوودرێژ و زۆر بەسەبرن، بەڵام وەک دەڵێن: کا هاتنە مەیدان گەلەک بەزەبرن!.
با بە ڕوونتر بیڵێم: نان و مووچە و بژێوی خەڵک چاکەو خێر و سەدەقە نییە و خەڵکی کوردستانیش دەرۆزەکەری بەرقاپیی کەس نەبوون و ناشبن ... ئەوانەی لە ئاست حەقیقەتیشدا بێدەنگ و کەڕ و کاسن، ئەهریمەنێکی ترسنۆک و و خوێنڕێژێکی بێدەنگن.
نوێترین بیروڕا
جامی عێراق ئەمجارە كوردستانییە
5 کاتژمێر لەمەوپێش
هاوبەشیی نیشتمانی لە سووریا... پرسی کورد وەک نموونە
22 کاتژمێر لەمەوپێش
ژ خورشید هەرکی هەتا عەمێ گۆزێ؛ ژ فتنە و بەلبەلەیا دەنگبێژان هەتا فتنە و بەلبەلەیا میدیایا جڤاکی
12 تەممووز
شەش ساڵ خۆڕاگری و شکۆی خەونی نەتەوەیەک
11 تەممووز
قسەی دڵی خەڵک لەبارەی مووچە؛ کاتی هەڵوێست و بڕیارە بەرامبەر بەغدا
10 تەممووز
پەتای بەکەلۆری؛ ترس و تۆقاندن لە پێستی زانستدا
9 تەممووز
ئاسایشی قەوارەی هەرێم لە سەروو ململانێ سیاسییەكانەوە
5 تەممووز
ئاڤا تیڤی.. ئەو کەناڵەی هاوسەنگی میدیای کوردی گۆڕی، چۆن؟
2 تەممووز
دۆزی کورد و هاوکێشەکانی شەڕ و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
2 تەممووز
جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هاتووە یان تەنیا وەرگرتنی پشوویەکە؟
29 حوزەیران
- بیروڕا
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
جامی عێراق ئەمجارە كوردستانییە
- بیروڕا
- 22 کاتژمێر لەمەوپێش
هاوبەشیی نیشتمانی لە سووریا... پرسی کورد وەک نموونە
- بیروڕا
- 11 تەممووز
شەش ساڵ خۆڕاگری و شکۆی خەونی نەتەوەیەک