تاوانی بڕینی مووچەی فەرمانبەران، لە ڕوانگەی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان

هاوار محەممەد یوسف

هاوار محەممەد یوسف

مامۆستای زانکۆ

تاوانی بڕینی مووچەی فەرمانبەران، لە ڕوانگەی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان

گرافیکی ئاڤا

یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، داکۆکیکردنە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتنە لە مافی هاوڵاتیبوون و پاراستنی مافەکانی هاوسێیەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلان، چ لە چوارچێوەی سنووری وڵاتێکدا بن یان زیاتر، چونکە ئەمە بە بنەمای پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی نێودەوڵەتی دادەنرێت کە بنەمایەکی سەرەکییە لە پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان.

لە ساڵانی ڕابردوودا، دیاردەی دەستوەردانی سەربازی و سەپاندنی سزای ئابووری لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان وەک نەریتێکی یاسایی لە چەندین وڵات لە سەر بنەمای پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی مافە مەدەنییەکانی هاووڵاتیان هاتە ئارا، کە دیارترینیان؛ لە لیبیا ساڵی 2011، هاییتی لە ساڵی 1994 و 2004، سیرالیۆن لە ساڵی 1997، کۆسۆڤۆ لە ساڵی 1999و هەروەها عێراق لە ساڵی 2003 و چەندین نموونەی دیکەی هاوشێوەش هەن.


لە سایەی دەستوەردانەکاندا، چەمکی سەروەری و پیرۆزی سنووری وڵاتان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هات و کێشە ناوخۆییەکان لەناویشیاندا،  پێشێلکردنی مافە مەدەنییەکان بوونە ئاستەنگ و ئاڵنگاری بەردەم سەقامگیری و ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆیە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و، بەشێکی زۆریان بە کردەی سەربازی و سەپاندنی سزای ئابووری تووند یەکلا کرانەوە و سیستەمە سیاسییەکانیان لەنێوبران.

ئەو ڕەفتارەی حکومەتی عێڕاق لە بەرامبەر هاووڵاتیانی مەدەنی و فەرمانبەرانی کوردستان دەیکات، ئەگەر لە ڕوانگەی دەقە یاسایی و نێوەڕۆکی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان شرۆڤەی بۆ بکەین، هاوتایە لەگەڵ ئەو هەڵسوکەوتانەی زۆرێک لە وڵاتانی لەسەر سزا دراوە و ڕێکاری تووندیان لەبەرامبەردا گیراوەتەبەر، چونکە هەرێمی کوردستان وەک دیفاکتۆ و قەوارەیەکی سیاسی کارا، لە بواری سەقامگیری ئاشتی لە ناوچەکە ڕۆڵ و پابەندی لەسەر بووە، بەتایبەتیش لە شەڕی تیرۆریستانی داعش کە زۆرجار لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەوروپا و ئەمریکا لێدوانی ئەوە دەدرا کە کوردستان لە بری مرۆڤایەتی شەڕی تیرۆر دەکات.

پەند و ئەزموون:

هەرێمی کوردستان بەشێکە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئاشتی نێودەوڵەتی، بۆیە گرنگە قەوارەکەی لە دۆخێکدا بێت بتوانێت ئەم ڕۆڵە بەتەواوی جێبەجێ بکات، لێدوانی بەرپرسانی ئەوروپا و ئەمریکاش لەم ڕوانگەوەیە کە دەڵێن؛ هەرێمێکی بەهێزمان دەوێت و شێوازی مامەڵەی ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێڕاق، لەسەر بنەمای مامەڵەی حکومەتی عێراق دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

بە واتایەکی تر، ئەگەر حکومەتی عێڕاق مامەڵەی دروست و ئەرێنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکات، ئەم وڵاتانەش مامەڵەیەکی دروست و باش لەگەڵ حکومەتی عێراق ناکەن، ئەگەر ئاوڕێکیش لە مێژووی نزیکی عێڕاق بدەینەوە، دەبینین زۆربەی ئەو کێشانەی رووبەڕووی عێڕاق بوونەتەوە سەرچاوەکەی لەوەوە بووە کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق مامەڵەی واقیعی و دروستیان لەگەڵ کێشەی کوردستان نەکردووە، بۆیە عێراق لە سەرەتای دروستبوونیەوە سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، دوایین نموونەش بەخشینی بەشێکی خاکی عێراق بوو بە وڵاتی ئێران لەپێناو لەباربردنی شۆڕشی کورد، پاشان سەری کێشا بۆ هەڵگیرسانی شەڕی نێوان عێڕاق و ئێران و ئینجا داگیرکردنی دەوڵەتی کوێت، دواتر لەناوچوونی ڕژێمی سەددام حوسێن، ئەمە سەرەڕای ئەو هەموو زیانەی لە ئەنجامی شۆڕشی کورد بەر عێراق کەوت، بۆیە پێویستە ئەم بابەتە وەک پەندێک وانەی لێ وەربگیرێت و جارێکی تر دەسەڵاتدارانی عێراق پەنا بۆ ئەم ڕەفتار و مامەڵە نەگونجاوانە نەبەنەوە.

دەقی ئەو یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی داکۆکی لە مافە مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ دەکەنەوە:

بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە دەتوانرێت لە چەند ڕوانگەیەکەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت و بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و جیاکاریی ڕەگەزی یان نەتەوەیی هەژمار بکرێت، بەمشێوەی خوارەوە:

یەکەم: لە ڕوانگەی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ کە لە ساڵی 1948 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاگەیێنراوە:

ئەلف- مافی ژیانێکی شایستە (Right to an adequate standard of living): مووچە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی زۆرێک لە خێزانەکانە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک؛ خۆراک، پۆشاک، شوێنی نیشتەجێبوون، تەندروستی و پەروەردە. بڕینی مووچە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەم مافە دادەنێت و دەبێتە هۆی خراپبوونی گوزەران و ژیانی هاووڵاتیان. ئەم مافە لە بەندی 11ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکاندا (ICESCR) هاتووە، کە عێراق ئەندامە تێیدا.

باء- مافی کار و مووچەی دادپەروەرانە (Right to work and fair wages): ئەم خاڵە پەیوەستە بە خودی مافی فەرمانبەرانەوە، کاتێک حکومەتێک بەبێ هۆکارێکی یاسایی و ڕەوا مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دەبڕێت، ئەوا پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر بە دابینکردنی هەلومەرجێکی کاری گونجاو و مووچەی دادپەروەرانە پێشێل دەکات.

جیم- مافی ئاسایشی کۆمەڵایەتی (Right to social security): مووچە بەشێکە لە سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بڕینی دەبێتە هۆی ناجێگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دڵەڕاوکێ بۆ تاک و خێزانەکان.

دال- سزای بەکۆمەڵ (Collective punishment): کاتێک بڕینی مووچە وەک کاردانەوەیەک دەبێت لە بەرامبەر هەڵوێستێکی سیاسی یان ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەکرێت وەک سزایەکی بەکۆمەڵ بۆ سەرجەم هاوڵاتیان لێکبدرێتەوە و وەک سزای بەکۆمەڵ هەژمار بکرێت، ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێلکارییە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ.

هاء- بەرپرسیارێتیی دەوڵەت: دەوڵەت (لێرەدا حکومەتی فیدراڵی) بەرپرسیارێتی سەرەکی هەیە لە پاراستنی ماف و خۆشگوزەرانی هەموو هاووڵاتیانی خۆی بەبێ جیاوازی.

دووەم: لە ڕوانگەی جیاکاریی ڕەگەزی یان نەتەوەیی، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاریی ڕەگەزی (ICERD) لە ساڵی 1970: کە عێراق یەکێکە لە وڵاتانی ئەندامی ئەم پەیماننامەیە و پابەندە بە نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک، کردەوەی لەم شێوەیە دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی ئەم پەیماننامەیە و ئەم لێکەوتانەی لێ دەکەوێتەوە:

ئەلف- بەوپێیەی بڕینی مووچە بە تەنها خەڵکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بۆیە وەک جیاکاری لەسەر بنەمای نەتەوەیی  یان دانیشتووانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان سەیر دەکرێت.

باء- ماددەی 14 لە دەستووری عێراق، جەخت لەسەر یەکسانیی هەموو عێراقییەکان دەکاتەوە لەبەردەم یاسادا بەبێ جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، یان ئایین. بڕینی مووچەی بەشێک لە هاووڵاتیان لەسەر بنەمای شوێنی جوگرافی یان ناسنامەی نەتەوەیی، یاخود لەژێر هەر پاساوێکی دیکە دەچێتە خانەی پێشێلکردنی ئەم ماددە دەستوورییە.

شێوازی بەدواداچوون و چارەسەر:

یاسای نێودەوڵەتی چەندین ڕێگا و میکانیزمی هەیە کە دەتوانێت لە ڕێگەیانەوە دەستوەردان لە پرسی وەک بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمێک بکات، بەتایبەتی ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ یان بنەماکانی جیاکاری، کە ئەمانەی لای خوارەوە بەشێکن لەو ڕێکارانە:

یەکەم: ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی مافی مرۆڤ:

کۆمیتەی پەیماننامەکان (Treaty Bodies): وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ (وەک پەیماننامەی مافەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان ICESCR، یان پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاریی ڕەگەزی ICERD) ڕاپۆرتی دەوری پێشکەش دەکەن، دەکرێت لەو ڕێگەیەوە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و مونەسیقی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ڕاپۆرت یان سکاڵا پێشکەش بکەن، ئەم کۆمیتانەش لای خۆیانەوە دەتوانن  ڕاسپاردە (recommendations) دەربکەن و داوا لە دەوڵەت بکەن پابەندییەکانی جێبەجێ بکات.


دووەم: ڕاپۆرتدەرە تایبەتەکان (Special Rapporteurs): نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتدەری تایبەتی هەیە بۆ پرسە جیاوازەکان (بۆ نموونە، ڕاپۆرتدەری تایبەت بە هەژاریی، مافی خۆراک، مافی کەمینەکان)، ئەمانە دەتوانن سەردانی وڵاتان بکەن، لێکۆڵینەوە بکەن و ڕاپۆرت و ڕاسپاردە دەربکەن، هەروەها دەتوانن نامەی تایبەت ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ بکەن سەبارەت بە پێشێلکارییەکان.

سێیەم: پێداچوونەوەی خولی گشتگیر (Universal Periodic Review - UPR): میکانیزمێکە کە تیایدا هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەوشی مافەکانی مرۆڤیان لەلایەن وڵاتانی دیکەوە هەڵدەسەنگێنرێت، ئەم پرسە دەکرێت لەکاتی پێداچوونەوەی عێراقدا بخرێتە بەر باس.

چوارەم: کۆبوونەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆز و کونسوڵگەرییەکان و ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە بۆیان لە ڕێگەی نمایشکردنی داتاو خشتەی ورد، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە ئەجێندای ئەم وڵاتانە بۆ ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە  ئەم ئەنجوومەنە دەتوانێت بڕیارنامە دەربکات و سەرنج بخاتە سەر پێشێلکارییەکان.

پێنجەم: ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان (INGO): ڕێکخراوەکانی وەک Amnesty International، Human Rights Watch و هیتر دەتوانن لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بکەن، ڕاپۆرت بڵاوبکەنەوە و فشار بخەنە سەر حکومەتەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

شەشەم:
  فشاری دیپلۆماسی و سیاسی:

ئەلف: دەکرێت ئەم بابەتە بەشێوەیەک بخرێتەڕوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش وڵاتانی ئەوروپا،  کە دەبێتە  هۆکاری دەستپێکردنەوەی لێشاوی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەش دەبێتە هۆکاری تێکچوونی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی کە یەکێکە لە پڕەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

با: وڵاتانی تر و یەکێتییە هەرێمییەکان (وەک یەکێتیی ئەوروپا) دەتوانن لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە نیگەرانیی خۆیان دەرببڕن و فشار بخەنە سەر حکومەتی عێڕاق، بۆ ڕێزگرتن لە ماف و پابەندبوونەکانیان.

حەوتەم: دادگا نێودەوڵەتییەکان (بۆ ئەم پرسە کەمتر ڕاستەوخۆیە):

ئەلف: دادگای دادی نێودەوڵەتی (ICJ): بەشێوەیەکی سەرەکی ناکۆکی نێوان دەوڵەتان چارەسەر دەکات. ئەگەری کەمە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە پرسە ناوخۆییانە بکات، مەگەر ئەوەی ببێتە پێشێلکردنی پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی کە پەیماننامەی نەهێشتنی جیاکاریی ڕەگەزی ساڵی 1970 یە و عێڕاق تیایدا ئەندامە.

با: دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC): لێکۆڵینەوە لە تاوانە هەرە گەورەکان دەکات وەک جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، ئەم دادگایە لەکاتێکدا دەتوانێت کەیسێکی لەم جۆرە وەربگرێت کە پڕۆسەکە بەشێک بێت لە هێرشێکی بەرفراوان و سیستماتیک دژی دانیشتووانی مەدەنی کە بگاتە ئاستی "کردەوەی نامرۆڤانە" وەک بەشێک لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی (بۆ نموونە ئەگەر ببێتە هۆی برسێتی بەرفراوان و مەبەستدار) کە بێگومان بەردەوامی مووچەبڕین بۆ ماوەی درێژخایەن ئەم لێکەوتەی دەبێت.

دەرئەنجام و سزاکان لە ڕوانگەی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیانەی باسمان لێوە کردن:

‎1. دەرکردنی بڕیار و ڕاسپاردە: کۆمیتەکانی پەیماننامەکان و ڕاپۆرتدەرە تایبەتەکان دەتوانن بەفەرمی دان بەوەدا بنێن کە پێشێلکاری کراوە، لەم دۆخەشدا حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان دەتوانن داوای ڕاستکردنەوە و قەرەبووکردنەوە ماددی و مەعنەوی بکەن.

زیانی ناوبانگ (Reputational Damage): ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی و بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکان دەتوانێت زیان بە ناوبانگی وڵاتەکە بگەیەنێت لەسەر ئاستی جیهان.


فشار بۆ گۆڕینی سیاسەت: فشاری نێودەوڵەتی دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی حکومەتی فیدراڵ سیاسەتەکانی بگۆڕێت و پابەندییەکانی جێبەجێ بکات. مەرجدارکردنی هاوکارییەکان: هەندێکجار وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری و یارمەتییەکانیان بۆ وڵاتێک بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤەوە دەبەستنەوە.

بەرپرسیارێتیی دەوڵەت (State Responsibility): ئەگەر پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی بسەلمێنرێت، دەوڵەت بەرپرسیارە لە ڕاگرتنی کردەوە نایاساییەکە، دڵنیاییدان لە دووبارەنەبوونەوەی و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان (بۆ نموونە، گەڕاندنەوەی مووچە بڕاوەکان).

لە حاڵەتی زۆر تووند و سیستماتیکدا کە بگاتە ئاستی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی: ئەوا دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەتوانێت دەستوەردان بکات و لێکۆڵینەوە لە بەرپرسیارێتیی تاکەکەسیی بەرپرسە باڵاکان بکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: