هەشت پرسیار و هەشت هەزار داخ

هەشت پرسیار و هەشت هەزار داخ

 

لە کۆتایی حەفتاکاندا بە سەدان خانەوادەی بارزانی لە چەند ئۆردگایەکی زۆرەملێدا لەژێر چاودێرییەکی تووندی ئەمن و جاش و ڕاپۆرت نووسەکاندا، چەند ساڵێک دەستبەسەرکران.

بەرەبەیانی 31/7/1983 دڕندەکانی بەعسی فاشیست، گەمارۆ و پەلاماری ئۆردوگاکانی قوشتەپە و هەریر و بەحرکە و ڕزگاری و چەند جێیەکی تریاندا.

لە تەمەنی 9 تا 90 ساڵان، هەشت هەزار نێریان کۆکردەوە و ڕاپێچی  سەحراو ئاموونی سەماوەیان کردن. لەوێش بەوپەڕی وەحشییەتی و خەمساردییەوە هەر هەشت هەزاریان زیندەبەچاڵکردن. هەشت هەزار ڕۆحی بێتاوان، بێ دادگایی، بێ منەتانە کران بەژێر لمی سەحرای عروبە، هەشت هەزار نا، هەشت ملیۆن هاوار و فیغانی بێ دادیی کە هیچ کەسێک لەم دنیا بەرینەدا نەیبیستن و کەسیشی لە خەونی قووڵی دادپەروەریی ڕانەچڵەکاند.  

لە چل و دووهەمین ساڵیادی کۆکوژیی هەشت هەزار مرۆڤی کورد دا، تووڕەیی بورکانی تەقیوی ناخم لە هەشت پرسیاردا دەدەم بەڕووی دونیادا: 

1.  بە چ تاوانێک زیندەبەچاڵکران ؟

کێ وەڵامم دەداتەوە: ئەو تاوانە گەورە و مەترسیدارە چی بوو کە وای پێویست دەکرد هەشت هەزار کورد بەبێ دادگا، بێ دادوەر و بێ کۆنووسێکی یاسایی تاوانبارکردن، بێ  پارێزەرێکی بەرگری، کۆمەڵکوژ بکرێن؟ ئایا بە تەنها تاوانی "بارزانی"بوونیان بەسبوو بۆ ئەوەی هەرهەموویان بەم دڕندەییە لەناو ببرێن ؟

2.  جیهان بۆچی بێدەنگ بوو؟

ئەو پایتەختانەی شەو و ڕۆژ باسی مافی مرۆڤ و دادپەروەریی برایەتیی ئوممەی ئیسلامی وێردی سەر زمانیان بوو، ئەو ساتە وەختانە لە گوێی کام گای پترۆلیدا خەوتبوون؟ ئایا خوێن و ڕۆحی مرۆڤی کورد هێندە بێ ڕەنگ و بێ بەهابوو کە سەرنجی هیچ کامیانی ڕانەکێشا؟

3.  ئایا ڕاستە هەندێک دەڵێن: سەددامی تاوانبار، هۆشی لەدەستدابوو ؟

نەخێر، سەددام لەوپەڕی هۆشیاریی خۆیدا بوو، شێت نەبوو بەڵام ستەمکارێکی هەڵقوڵاوی ژینگەیەک بوو کە کوشتن و ئاوخواردنەوەی بەلاوە وەک یەک وابوو، گۆشکراوی بیرو باوەڕێکی تووندڕەوی خۆپەرست و دەمارگیربوو، کوڕی بەوەفای مێژووییەکی پڕ لە غەدر و خوێنڕێژی و فتوحاتی هەزار ساڵەبوو کە لە تاریکستانەکانی سەحراوە  سەریهەڵدابوو.

سەددام خوێنڕێژێکی ژیر و هۆشیار بوو، جگە لە سوپایەکی ملیۆنی و چەندین دەستگای ئەمنی و هەواڵگریی، ملیۆنان ئەندامی دڵسۆزی بەعس و دەیان دەزگای پەخش و پڕوپاگەندە و ڕاگەیاندنی ناوخۆ و دەوروبەر لەخزمەتیدا بوون.

ئەنفال و کۆمەڵکوژیی کوردان، بڕیارێکی ستراتیژیی دەوڵەتی بەعسی عروبە بوو، نەک کاردانەوە و توڕەییەکی لەناکاوی شێتێکی زۆردار و لە کۆنترۆڵ دەرچوو .

4.  بۆچی وەک قوربانییانی هۆڵۆکۆست مامەڵە لەگەڵ قوربانییانی ئەنفال نەکرا؟


بۆچی ئەنفال نەبووە قەیران و خەمێکی مرۆیی گەورە لە دونیادا؟ کوان فیلمەکانی هۆڵیوود؟ کوان پەخشنامەی بەڵگەکانی تاوان، کوان دادگا نێودەوڵەتیەکان، مۆزەخانەکان؟ زانکۆ و سەنتەرەکانی جینۆساید لە دونیای دیموکراسیدا لە کوێ بوون؟ یان وادیارە ئازار و مەینەتییەکانی هەزارساڵەی کورد موویەک لە جەستەی سەرمایەداری و سۆشیالزم و دیموکراسی و شەرع و بەناو خواناسان ڕاستناکاتەوە؟

5.  کێن ئەوانەی یادی ژیانی پڕ ئاسوودەیی لە سایەی دەوڵەتەکەی سەددامدا دەکەنەوە ؟

پاش 22 ساڵ لە لەگۆڕنانی سەددام و ڕژێمەکەی، هێشتا لە دونیای عەرەبی و ئیسلامی و ناوخۆشدا خەڵکانێک هەن شیعر و شانامە بە جوانی و خۆشی و ئاسوودەیی 30 ساڵ حوکمی سەددامدا هەڵدەدەن و بە " سەردمی زێرین " و " زمن العز " ناوی دەبەن!

 هەر بەڕاستی دەمەوێت بزانم ئەوە چ ئاسوودەیی و خۆشییەکە، دەوڵەتێک گشت پایەکانی خۆی لەسەر گۆڕی بە کۆمەڵ و ئێسکو پروسکی هاووڵاتییانی بێ تاوانی خۆی ڕاگرتبێ !؟  ئەوە  چ ویژدانێکە دەریایەک خوێنی بە ناهەق ڕژاوی  ملیۆنەها مرۆڤی ئەم وڵاتە نادیدە دەگیرێت و بۆ خوێنڕێژەکان دەپاڕیتەوە و دەلاوێنێتەوە ؟

6. ئایا ئەمڕۆ ئێمەی کورد و هەموو لایەنە سیاسییەکانمان لە ئاستیی هەڵگرتنی ئەمانەتی خوێنی دەیان هەزار شەهیدی ئەنفالەکانداین ؟ 

زۆر بەکورتی و بەکوردی : بەداخەوە .. نەخێر

7.  ئایا تاکەی تەنها بە خەم و فرمێسک ئەم یادانە دەکەینەوە ؟

ئەنفالەکان تەنها چەند لاپەڕەیەکی ڕەش و شوومی مێژووی ئێمە نین. ئەنفالەکان هاوار و بانگەوازێکی بەردەوام و نەبڕاوەی میللەتێکی قوربانیدەر و خەباتکارە لە قووڵایی مێژووەوە پێمان دەڵێ و دەیڵێتەوە : ( یەک هەڵوێست و یەک ئامانج بن ..  ئەم خاک و ئاوو هەوایە وا لە ئەستۆی ئێوەدایە..  بنیادیبنێنەوە و گوند و شار وشارۆچکەکانی ئاوەدانبکەنەوە، کەرامەت و سەروەریی تاک بەتاکی خەڵکی ئەم کوردستانە بپارێزن،  با تەنها یادکردنەوەکانتان نەریتێکی ساڵانە نەبێت ... بەڵکو بیکەنە ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمان و بەلێنی نیشتمانی و کوردایەتی.)

8.  ئایا ئەنفال دووبارە دەبێتەوە ؟

بەڵێ لە  2014  بەدواوە هەتا ئێستا، ڤێرژنێکی نوێی ئەنفال بەردوامە، بە چەکو چۆڵ و بە تۆپ و تەیارەو زیندەبەچاڵکردن نا.. بە غەدر و بە ناپاکی و بە هەڵگەڕانەوە و پەشیمانبوونەوەی "هاوپەیمانەکانی دوێنێمان" لە هەموو پەیمان و بەڵێنەکانیان! ئەنفال بەردەوامە بە پاساوی هیچ و پووچ و بە بڕینی بوودجە و مووچە و برسیکردن و بە درۆن بارانکردن و بە بڕیاری قەرەقوشیی دادگا و هاندان و دنەدانی شەقام و کڕینی سیخوڕ و ڕاپۆرتنووس و وەرگێڕی دەملووسی بەردەم مایکرۆفۆنە ڕەنگاوڕەنگەکان.  

با هەموو دونیا بزانێت: خوێنی کورد شەربەت نییە! فرمێسکی دایکی ئەنفالکراوێکی بارزان و گەرمیانیش ئاوێکی لیخن نییە. هەزار ساڵە تابلۆی شەفەقی ئازادیی کورد بە ڕەنگی ئاڵی ئەو خوێنە دەنەخشێنیین.  بە سوێراوی دەریایەک فرمێسکی خوێنینی ئەو دایکانە، گوڵی بەریەخەی شاهیدانمان ئاو دەدەین !

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: