سەد ساڵ ستەم؛ بەڵێنەکانتان بە ئاو نووسران و بە خوێن شۆردرانەوە

سەد ساڵ ستەم؛ بەڵێنەکانتان بە ئاو نووسران و بە خوێن شۆردرانەوە

ئاڤا نیوز

 

لە سەد ساڵ لەمەوبەرەوە تا ئیستا ... کوردستانمان باش.

بمبەخشن کە لەم زستانە ئێوارەیەی نیشتماندا، دەتانگێڕمەوە بۆ ناو خەونی خنکاوو دنیای پڕ چڕەدووکەڵ و زریکەو هاوارو دادو بێدادیی خۆمان و خۆتان و باوو باپیرانمان، کە سەد ساڵە لە چاوەڕوانی و ئازاردا، لەناو ئاگرێکی خامۆش نەبوودا مەمرە و مەژی، دەیان ساڵمان بەسەربرد و دەبەین .

 

پەخشان و وتار تەنیا بە پێنووس و بە کیبۆرد نانووسرێن، بەڵکو بە هەنسکێ، هەناسەیەک، بە تاسەیەک، بە فرمیسکی گەرمی پێشکەشکارێک، جوانتر و قووڵتر دەنووسرێنەوە! ئەم وتارەم بۆ کولاندنەوەی برینەکانی جەستەی نیشتمان و نەتەوە نییە، بەڵکو بۆ سەرلەنوێ دیزاینکردنەویانە لە قووڵایی هەست و هۆشی خۆمان و مرۆڤایەتیشدا.

 

سەد و بیست ساڵە، ستەمی داگیرکەر، بۆ یەک ڕۆژو شەو، مۆتەکە ئاسا لە ناو گۆڕیشدا بەرۆکی بەرنەداوین و جێی نەهێشتووین. سەد و بیست ساڵە خاکی کوردستان لکێندراوە بە نەخشەیەکەوە کە هیچ خواست و ئیرادەیەکی کوردی لەگەڵدا نەبووە، سەدو بیست ساڵە داگیرکەران نانێکی تاڵ و بەڵێنی شیرینمان دەرخوارد دەدەن .. سەد بەهاری غەمگین هات و تێپەڕی، نە ئەگەرەکانی سێڤەر سەوز بوون و نە هیچ بەڵێنێکی لۆزانیش گوڵی کرد !

 

سەد ساڵە ئەم میللەتە لە زەلکاوی بێ ویژدانیی جیهاندا تێوەگلاوە و لە ناو تەپوتۆز و دووکەڵی شەڕێکەوە دێینە دەرێ و بۆ ناو شەڕ و دۆزەخێکی تر ڕاپێچماندەکەن .. سەد ساڵە داگیرکەر بەناوی برایەتییەوە، شارمان دەکاتە زیندانێکی گەورە و گوند و ئاواییمان لەسەر نەخشە دەسڕێتەوە. ملمان دەکات بە پەتاو قەدی کەلتوور و زمان و مێژوومان دەبڕێتەوە. کەچی ... ئەوەتا ئێمە هێشتا هەر لێرەین... شین و شایی، شیعر و سەنگەر، بەرخۆدان و زەماوەند، ئەی ڕەقیب و سێدارە، شارمان جەنجاڵ و گوندمان ئارام لەو بنارە، هەموو بەهارێک بەگژ مەرگا دەچینەوە و سەیران دەکەین، نەورۆزیشمان پیرۆزدەکەین... ژیاندۆستی کەلتوورمانە. شیعر دەنووسین، نیگارو تابلۆ دەکێشین، گۆڤەندو سەما دەگێڕین. سیمورغ و تەیری عەنقاین ؛ لە پاش سووتان، خۆڵەمێشی سەر جەستە و ڕۆح ڕادەماڵین، دیسانەوە بەرز بەرز دەفڕین! پڕ بە گەروو پڕ بە دنیا، ئەی ڕەقیب و ژن و ژیان و ئازادی، دەچڕینەوە!

 

بێڕەنگیمان دەکەینە ڕەنگی شەفەقی ئازادی ! بێدەنگیشمان سەدایەکی زۆر بڵندە بۆ گشت جیهان: (سەد ساڵ و ئیتر بەسە). لە ڕاگواستنەوە تا تەعریب، تەتریک، تەفریس، لە دەربەندی بازیان و ئەسارەتی شێخمانەوە تا سیدارەکانی چوار چرا، لە هەڵواسینی پیرانەوە تا دەربەدەریی بارزانیان، لە هەڵەبجەوە تا ئەنفال،لە هەوڵی چۆک پێدادانمان لە ترسانا، تا گەمارۆدان و کوشتنمان لە برسانا ،لە بێدەنگیەوە بۆ خۆڕاگری و بۆ بەرخۆدان، لە شۆڕشەوە تا ڕاپەڕین، هەر هەموویان بۆ ئێمەی کورد بوونەتە لۆگۆ و ناوونیشان .

 

ئەمڕۆش لە پاش سەدەیەک خەمساردی و بێ ویژدانی، هەفتەیەکە بەبەرچاوی دنیای دوور و نزیکەوە، سەدان هەزار کوردی سیڤیل لە ڕۆژاڤای کوردستانم ،بوونەتە نێچیری بەر قەپ و چنگی خوێناویی جڕو جانەوەری فرە نەژادی داعشی، جگە لە کورد، هەر هیچ کەسێ، هیچ دەوڵەتێ، هیچ میدیایەک نەک هەر لەسەریان نەهاتۆتە دەنگ ! بگرە پاساویش بۆ تاوانەکانی داعش دەهۆننەوە !

 

ئەمڕۆ هەموو کورد، بەیەک دەنگ و بەیەک ڕەنگ هاواردەکەن: ئیتر بەسە ! بەڵێنی درۆو سەر کاخەز بەسە .. بەڵێن و درووشمەکانی یەکسانی و ئازادیتان بە ئاوی ئێوە نووسرابوون، بە خوێنی ئێمە شۆردرانەوە. سەد ساڵە و ئیتر بەسە!

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: