ڕەتكردنەوەی مەرجدارانە: جیهان كام تووندوتیژییە ڕەتدەكاتەوە؟
- بیروڕا
- 15 تەممووز

د. هۆشەنگ دارا
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر

گرافیکی ئاڤا نیوز
كاردانەوە جیهانییەكان بەرامبەر بە ڕووداوی تەقەكردن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوو و بەربژێری سەرۆكایەتیی ئەمریكا دڵخۆشكەر بوون. هاوسۆزییەكی جیهانیی فراوان بۆ ترەمپ و ئەمریكا درووست بوو. لەوەش گرنگتر هاوبیری بوو بەرامبەر بە ڕەتكردنەوەی تووندوتیژی لە سیاسەتدا. دەقی پەیام و بەیاننامەكان پڕاوپڕ بوون لەو وشانەی كە هەزاران ساڵە مرۆڤایەتی خەونیان پێوە دەبینێت، پلانیان بۆ دادەنێت و كاریان لە پێناودا دەكات، وەك: ئاشتی.
لە ڕووانینی یەكەمدا، هەموو شت باش، یان لانیكەم جوان، دێتە بەرچاو. تەنیا هەڵەیەك ڕوویداوە، گەنجێكی بیست ساڵان تەقەی كردووە و 'بەشی سەرەوەی گوێی ڕاستی ترەمپ' بە سووكی بریندار بووە. ئەمە هەمووانی هێناوەتە سەر هێڵ و هەموو جیهانی كردووەتە یەك بەرە: بەرەی ناتووندوتیژی، ئەو بەرەیەی كە هیچ كات لە دەرەوەی بەیاننامەكاندا بوونی نەبووە. تامەزرۆیی بۆ ئاشتی وایكردووە جیهانیان بە بەیاننامەش دڵخۆش بن و تەنانەت سوپاسگوزار بن بۆ ڕووداوەكە، بە تایبەت كە بە سەلامەتیی ترەمپ كۆتایی هات.
دیوی دووەم و ڕووانینی قووڵتر شتێكی دیكە دەڵێت: هاوسۆزییەكان بۆ ترەمپ زۆریش نیازپاكانە نین و لە پشتیانەوە بەرژەوندی هەیە. ئەگەری هەڵبژاردنەوەی ترەمپ و بوونەوەی بە سەرۆكی ئەمریكا بەهێز و بەم ڕووداوەش بەهێزتر بوو. دەربڕینی هاوبیرییەكانیش نمایشێكی دیكەیە لە نمایشەكانی دیموكراسیی سەردەم و دیموكراسییە ساختەكان. بەشی زۆری ڕەتكەرەوانی تووندوتیژی بەرهەمی خودی تووندوتیژین و مانەوەشیان هەر بە تووندوتیژی گەرەنتی كراوە.
گۆشەیەكی دیكە لە وێنە گەورەكەی جیهانی سەردەم بابەتەكە ڕوونتر دەكاتەوە. هەر هەمان ئەو ڕۆژەی كە 'بەشی سەرەوەی گوێی ڕاستی ترەمپ' بە سووكی بریندار بوو، ئیسرائیل بە پێنج مووشەكی كاریگەر 'چوارگۆشەی ئارام'ی كەمپی ئاوارەكانی مەواسی لە خان یونسی كەرتی غەززە بۆردومان كرد. تووندوتیژییەكی كەموێنە كە بە هۆیەوە نزیكەی سەد كەس كوژران و لەو ژمارەیەش زیاتر بریندار بوون. جیهانیش لە بێدەنگی خۆیدا مایەوە و بە نزیكەییش هیچ كەس و لایەنێك هیچی نەوت.
ئەم دووڕووییەی جیهانی سەردەم، جارێكی دیكە بەهای بە وتە بەناوبانگەكەی جۆرج ئوروێڵ، لە مەزرای ئاژەڵان، بەخشیەوە كاتێك دەڵێت "هەموو ئاژەڵەكان یەكسانن، بەڵام هەندێكیان لەوانی دیكە یەكسانترن". دیارە هەموو مرۆڤەكانیش یەكسانن، بەڵام هەندێكیان لەوانی دیكە یەكسانترن. بۆ نموونە ڕۆژئاواییەكان لە ڕۆژهەڵاتییەكان، ئەمریكییەكان لە فەلەستینییەكان و بەربژێرەكان لە منداڵەكان یەكسانترن. بۆیە دەبینرێت، لە واقیعدا و بە پێچەوانەی بەیاننامەكانەوە، ڕەتكردنەوەی تووندوتیژی مەرجدار و سنووردارە، نەك بێمەرج و گشتگیر.
جیهانی ئەمڕۆی ناو بەیاننامەكان جیهانێكی پڕ لە ئاشتی و یەكسانییە كە تیایدا هەمووان هاواری ناتووندوتیژییان بەرز كردووەتەوە. جیهانێكە تەنانەت بنیامین نەتانیاهو بە بیستنی ڕووداوی تەقەكردن "شۆك" دەبێت و نزا بۆ "ئارامی" دەكات. جیهانێكە تووندوتیژی بە هەموو جۆرەكانیەوە ڕەتدەكرێتەوە و تووندوتیژەكانیش سەركۆنە دەكرێن. هیچ كات ئەدەبیاتی سیاسیی جیهان هێندەی ئێستا لە ستایشی ئاشتیدا دەوڵەمەند نەبووە. هیچ كات سیاسییەكان هێندەی ئێستا شاعیرانە سیاسەتیان نەكردووە.
هەرچەندە بەلاغەتی سیاسی پێویستییەكی ناو دونیای سیاسەتە و تەنانەت دەشێت بە سەرەتایەكیش بۆ واقیعی سیاسی لێك بدرێتەوە، بەڵام زیادەڕەویكردن تیایدا دەبێتە هۆی ئەوەی سیاسەت لە واقیعەوە بۆ وەهم بگوازرێتەوە. ئێستا لە بەر زۆری و جوانیی بەیاننامە پڕ لە بەلاغەتەكان وەهمی ئەوەی كە جیهانێكی بەرگریكار لە ئاشتی لە ئارادایە درووست بووە. لە ڕاستیدا، ئەم وەهمە یەكێكە لە ڕێگرییە جیدییەكانی بەردەم هەوڵدان بۆ هێنانەئارای جیهانێكی ڕاستەقینەی پڕ لە ئاشتی.
نوێترین بیروڕا
هاوبەشیی نیشتمانی لە سووریا... پرسی کورد وەک نموونە
17 کاتژمێر لەمەوپێش
ژ خورشید هەرکی هەتا عەمێ گۆزێ؛ ژ فتنە و بەلبەلەیا دەنگبێژان هەتا فتنە و بەلبەلەیا میدیایا جڤاکی
12 تەممووز
شەش ساڵ خۆڕاگری و شکۆی خەونی نەتەوەیەک
11 تەممووز
قسەی دڵی خەڵک لەبارەی مووچە؛ کاتی هەڵوێست و بڕیارە بەرامبەر بەغدا
10 تەممووز
پەتای بەکەلۆری؛ ترس و تۆقاندن لە پێستی زانستدا
9 تەممووز
ئاسایشی قەوارەی هەرێم لە سەروو ململانێ سیاسییەكانەوە
5 تەممووز
ئاڤا تیڤی.. ئەو کەناڵەی هاوسەنگی میدیای کوردی گۆڕی، چۆن؟
2 تەممووز
دۆزی کورد و هاوکێشەکانی شەڕ و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
2 تەممووز
جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هاتووە یان تەنیا وەرگرتنی پشوویەکە؟
29 حوزەیران
کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران.. کرانەوەی نوێ یان مەترسییە کۆنەکان؟
26 حوزەیران
- بیروڕا
- 17 کاتژمێر لەمەوپێش
هاوبەشیی نیشتمانی لە سووریا... پرسی کورد وەک نموونە
- بیروڕا
- 11 تەممووز
شەش ساڵ خۆڕاگری و شکۆی خەونی نەتەوەیەک