شوان کەمال؛ پەیکەرسازێکی کورد لە ئاستی پەیکەرسازانی جیهاندا

شەیری بکە لە:
شوان کەمال؛ پەیکەرسازێکی کورد لە ئاستی پەیکەرسازانی جیهاندا

شوان کەمال لەکاتی دروستکردنی پەیکەرێک. وێنە: تایبەت بە ئاڤا

ئاڤا نیوز

 

شوان کەمال ساڵی 1967 لە سلێمانی لەدایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانکۆی ستۆکهۆڵم؛ شوان، ئێستا لەسەر ئاستی جیهان پەیکەرسازێکی ناسراوە. لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ ئاڤا نیوز وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە:

 

ئاڤا نیوز: کارەکانت لە دەرەوەی وڵات زیاتر دەبینرێن و ناسراون لەچاو ناوخۆدا، هۆکاری ئەمە چییە؟


شوان کەمال: دیارە مرۆڤ لەو شوێنەی تێیدا دەژی و کاردەکات زیاتر پرۆژە و خەون و خەیاڵەکانی دێنە دروستکردن، منیش ماوەی ٣٠ ساڵە لە دەرەوەی کوردستان دەژیم (٢٠ ساڵ لە ئەڵمانیا و ١٠ ساڵیشە لەبەر باری خێزانی لە وڵاتی سوید دەژیم).


جێهێشتنی کوردستان هەرگیز بە ویستی خۆم و بۆ گەشت و گوزار نەبوو، گەنجێکی چالاك و پڕ وزە و پڕ خەون و  خەیاڵ بووم، دوای ئەوەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی هونەری پەیکەرسازیم بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کوردستان و دواتریش لەزانکۆی بەغدا هەر بەپلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق تەواو کرد، حەزم دەکرد کەردستان و شارەکانی پڕبکەم لە پەیکەر و کاری جوان. 


کاریشم بۆکردبوو، دوای ئەوەی بووم بە مامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، شانبەشانی ئەوە شوێنی کاری خۆمم هەبوو لە زانکۆی سلێمانیی کۆن . ئەو ساڵانە کۆمەڵێك پەیکەرم بۆ شارەکانی سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە دروستکرد.


دواتر لەبەر بارودۆخی نالەباری ئەو کاتەی کوردستان بڕیارمدا کوردستان بە یەکجاری بەجێبهێڵم، ئەوە هۆکاری سەرەکییە کە زۆربەی کار و پرۆژەکانم لە ئەوروپا و جیهانن.


هۆکارێكی دیکە ئەوەیە ئەو بڕە پارەیەی بۆ پرۆژەی پەیکەرسازی پێویستە لای خۆمان لە کوردستان خەرجی ناکەن. لە راستیدا دروستکردنی پەیکەر بە کوالێتیی بەرز و بە ماددەی برۆنز قۆناغی زۆرە، جگە لە ئەرك و ماندووبوون بڕە پارەیەکی زۆریشی پێویستە.


لە ئەوروپا و جیهانی رۆژئاوا هەر لە کۆنەوە گرنگی بەم هونەرە دەدەن و پارە و بودجەیەکی باشی بۆ تەرخان دەکەن، پاشماوەکانی یۆنان و رۆمەکان و دواتریش رازاندنەوەی کەنیسە و شوێنە گشتییەکان بەڵگەیەکی باشە بۆ ئەم قسانەم.

 

ئاڤا نیوز: هۆکاری سەرکەوتنەکانت بەو شێوەیە دەگەڕێنیتەوە بۆچی؟ 


شوان کەمال: بڕوام بەوە هەیە مرۆڤ ئەگەر بەڕاستی شتێکی بوێت دەتوانێت بیکات یان بەدەستی بهێنێت ئەگەر کۆڵ نەدات و سوربێت لەسەری. جا من لەم بڕوا بوەنەوە گەیشتوم بەمەی ئێستا هەم.


لەوانەیە زۆر کەس نەزانن یان بیزانن و باسی نەکەن “پێش من هیچ پەیکەرسازێکی کورد یان عەرەب نەیتوانیوە لە ئەوروپا ئەو هەموو کارە هونەرییە بکات، بە تایبەتی لە پارك و شوێنە گشتییەکان.”


من لە هەر شوێنێك بژیم دەبێت کاری هونەری بە تایبەتی پەیکەرسازی بدۆزمەوە، من پێش ئەوەی بێمە ئەوروپا ماوەیەك بە نایاسایی لە تورکیا و یۆنان ژیاوم بەڵام کاری پەیکەرسازیم دۆزییەوە و کردم. 


کەواتە وازنەهێنان و بەردوامبوون هۆکارێکە، دڵسۆزی و خۆشەویستیم بۆ کارەکەم هۆکارێکی دیکەیە، زۆر بە وردی و خۆشەویستییەکی راستەقینە کار و پرۆژەکانم تەواو دەکەم و دەیانگەیەنمە خاڵی کۆتایی.


هۆکارێکی تر لەوانەیە کراوەیی و گەڕان و بەدواداچوون بێت، کەسێکی دەمارگیر نیم ، ئەگەر بزانم کەسێك بیرۆکە و شیوازی جوانتر یان باشترە لەگەڵی دەڕۆم و لێوەی فێردەبم جار هەبووە بۆ فێربوونی قاڵبێك یان سەیرکردنی دەستی کەسێکی بە ئەزموون لە ئەڵمانیاوە چووم بۆ ئیتاڵیا.


کەچی بەداخەوە ساڵێکیان لە کوردستان وۆرك شۆپێکم کردەوە بۆ تەکنیکەکانی هونەری پەیکەرسازی چوار کەس بەشداربوون سیانیان پەیکەرساز نەبوون. 

 

ئاڤا نیوز: جگە لە پەیکەرسازی لەئێستادا سەرقاڵی چ کارێکی دیکەیت؟


شوان کەمال: لە راستیدا وەك پیشە و کار تەنیا شارەزاییم لە بواری هونەری پەیکەرسازیدا هەیە، سەرەتا لە کوردستان دواتر لە تورکیا و یۆنان و ماوەی ٣٠ ساڵیشە لە ئەڵمانیا و سوید دەژیم هەر بە کاری هونەری و دروستکردنی پەیکەر بژێویی ژیانمم دابینکردووە.

 

ئاڤا نیوز:  وەکو کوردێك سەخت نەبوو بتوانی لە وڵاتە ئەوروپییەکان بەو شێوەیە خۆت بسەلمێنیت؟


شوان کەمال: لە راستیدا بۆ هەموو مرۆڤێك سەختە شوێن و شار و وڵاتی خۆی جێبێڵێت و لە شوێنێکی تر لە کۆمەڵگەیەکی نوێ کلتورێکی جیاواز و زمانێکی دیکە فێربێت، ئەمە بۆ هونەرمەند سەختتریشە لەبەر شێوەی کار و پیشەکەی. 


جا من چوومە ئەڵمانیاش کە ئاستەمییەکانی زیاترە. لەلایەك خەڵکەکەی بە ئاسانی نایانەوێت تێکەڵ یان مامەڵە لەگەڵ خەڵکی بیانی بکەن، لەلایەکی دیکەوە زمانی ئەڵمانی وا ناسراوە کە زمانێکی دەوڵەمەند و گرنگ بەڵام فێربوونی قورسە( زمانی فەلسەفە و نوسین)ە.


بەڵام من وەك لە سەرەتاوە گوتم بە ئاسانی کۆڵنادەم، هەر بۆیە هەوڵێکی زۆرمدا تا ئیشێکی هونەری و پەیکەرسازیم دۆزییەوە لە کارگەیەکی هونەری بۆ دروستکردنی پەیکەر و داڕشتنی کانزاکان (رۆڵف کایزەر) لە شاری دۆسلدۆرف کە لە ئێستادا یەکێکە لە کارگە گرنگەکانی جیهان. هەتا توانا و شارەزایی خۆمم پیشاندان لە شوێنی ئیش و ناوەندە کلتوری و هونەرییەکان زۆری خایاند و زۆر هیلاكبووم.


لێتان ناشارمەوە و راستگۆبم ئەو ئەزمون و کارانەی لە ئەڵمانیا فێریبووم ١٠٠ ساڵی تریش لای خۆمان نەمدەتوانی فێریبم، هەر لە شارەزایی لە بواری تەکنیکەکانی پەیکەرسازییەوە تا هەڵسوکەوت و پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ دەزگا حکومییەکان و ناوەندە کلتورییەکان و چەند هونەرمەندێکی گرنگی جیهانیش. 


ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی ئەو هەموو پرۆژە و کارە گەورانە بۆ حکومەتی ئەڵمانیا بکەم و ببمە ناوێك لە ناوەندە کلتوری و هونەرییەکانی ئەو وڵاتە.


بەو هیوایەی توانیبێتم ناوێکی باش و روویەکی گەشی کوردم پیشاندابێت و دوای منیش  خەڵکانی تری کورد بتوانن درێژە بەو ناو و ناوبانگە بدەن لە هەر بوارێکی دیکەدابێت لەم وڵاتانە.


بەڵام کە هاتمە سوید کەمێك ئاسانتر بوو چونکە خۆتان دەزانن ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و کەناڵی یوتوبەوە پیشاندانی و نمایشکردنی کار و پرۆژەکان ئاسانترە. لە چەند شوێنێك داوای کارم کرد لە ستۆکهۆڵم و کۆپنهاگن و مالمۆ، دوای مانگێك لێرە لە مالمۆ بە پلەی هونەرمەند لە کارگەیەکی هونەری پەیکەرسازی توانیم دەست بەکاربم. خاوەن کارگەکە دوای ئەوەی سەیری کار و پرۆژەکانمی کردبوو لە کەناڵی یوتوبەکەم پێیگوتم (ئێمە ژێرزەویت بۆ ئەگەڕاین کەچی تۆ لای خۆمانیت).

 

ئاڤا نیوز: دیارترین کارەکانت کە لە دەرەوە کردوتن کامانەن؟


شوان کەمال: وەك باسمکرد لە سەرەتاوە تەنیا هەوڵمدا شوێنی ئیش بدۆزمەوە و کاری هونەری بکەم تا لە کارگەی رۆڵف کایزەر وەك هونەرمەند و پەیکەرساز بوومە کارمەند، جا ئەم پرسیارە زۆر گرنگبوو بۆ من کە روونی بکەمەوە چونکە زۆر کەس تێمنەدەگەیشتن جۆر و شێوەی کارکردنم لە ئەوروپا چۆنبووە یان ئەو کار و پرۆژانەم چۆن کردووە.


وەکو کارمەندێك رۆژی هەشت کاتژمێر کاری پەیکەرسازیم بۆ ئەو شوێنە دەکرد، لە پاڵیا شوێنی خۆمم هەبوو بۆ کار و پرۆژە و چالاکییەکانی خۆم. 


سوودی ئەمە ئەوەبوو کە من بێ کار و پارە نەبم چونکە بەردەوام کاری پەیکەرسازی نییە تا پێی بژیم، لەلایەکی دیکەوە ئەم کارانە بوون بە ئەزمون و سەلیقەی هونەری بۆم لە کاتێکا زۆربەی پەیکەرەکان کاری پەیکەرسازی گەورەی جیهانی بوون. 


جا دەتوانم بڵێم سەدان پەیکەرم بۆ ئەم کارگەیە دروستکردووە کە لە هەموو جیهان بڵاوبوونەتەوە و من باسم نەکردوون چونکە ناو و مۆری کاگەکەی لەسەرە.


ئەمە وەکو ئەوە وایە خۆت ئێواران میوزیکژەن بیت لە تیپێکی ئۆرکێسترای بەناوبانگ، بە رۆژیش لەکارگەیەکی دروستکردنی ئامێرەکان کار بکەیت و خۆت دروستیان بکەیت و لەگەڵیان بژیت. 


جا من بەوشێوەیە کارم دەکرد، دواتر کە ناسرام لە زۆربەی شوێنە کلتوری و هونەرییەکانەوە کار و پرۆژەیان بۆ دەهێناین تا من دروستیان بکەم . 


ئیتر ئەم پرۆژە و پەیکەرانە ناوی خۆمیان لەسەرە لەوانە کۆمەڵێك پەیکەری مەزنیشی تیابوون کە لە جەنگی جیهانی دووەم لەناوچوبوون و نەمابوون من دووبارە هەموویانم دروستکردەوە.


جگە لەوەی لە چەند کتێب و گۆڤار و رۆژنامەی ئەڵمانی باس لە خۆم و کار و پرۆژەکانم کراوە، هەمووشیان دۆکۆمێنت کراون و لە دەستپێکردنەوە تا کۆتایی بە ڤیدیۆ لە کەناڵی یوتوبەکەم دانراون. 


لەو کارانەی لە ئەڵمانیا و سوید ناو و مۆری خۆمیان لەسەرە:
• پەیکەری میوزیسیان و ئاوازدانەری ئەڵمانی ئەدۆلف گۆستاڤ ڤۆن ئۆتمان بە برۆنز، لە نۆرد پارک.٢٠٠٤.
• پەیکەری شاسوار ئەرنۆڵد رۆز لە باڵەخانەی شارەوانی شاری فوبەرتال ٢٠٠٩.
• پەیکەری یارمەتی هەژاران لە پارکی کەنیسەکان لەناوەندی شاری ئێڵبەفێڵد ٢٠١١.
• پەیکەری فوارەی دادپەروەری لە پارکی دی ریپۆبلیك ٢٠١٢.
• پەیکەری میوزیسیانی جیهانی فلیکس میندلسۆن لەبەردەم ئۆپێرای شاری دۆسلدۆرف ٢٠١٣.
• پەیکەری یوستیسیا لەبەردەم باڵەخانەی داد لەشاری هەلێر ٢٠١٣.
• پەیکەری شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس لەبەردەم دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە سلێمانی ٢٠١٤.

• مۆنۆمێنتی شێرکۆ بێکەس لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی ٢٠١٥.
• پەیکەری یادکردنەوەی ئۆلا ئەندەرسۆن لەبەردەم کتێبخانەی شاری یۆتۆبۆری لە سوید ٢٠١٦.
• پەیکەری شاری ئاهوس پێش ٦٠٠ ساڵ لەبەردەم مۆزەخانەی شارەکە دانراوە ٢٠١٩. 
• پەیکەری میوزیکژەنە ئۆمتیمیستەکان لە فۆلکس پارك لە شاری مالمۆ ٢٠٢٠.

 

ئاڤا نیوز: بیرت لەوە نەکردۆتەوە بگەڕێیتەوە و لە کوردستان هاوکاربیت بۆ ئەو گەنجانەی لەو بوارەدا کار دەکەن؟


شوان کەمال: ماوەی ئەم ٣٠ ساڵەی ژیانم دوور لە وڵات و شار و کەسوکار بەردوام بەردوام لە خەیاڵی ئەوەدابووم رۆژێك بگەڕێمەوە بۆ کوردستان و بتوانم بە تواناکانم خوێندکار و قوتابیانی هونەر پێبگەیەنم و وابکەم سوود لە ئەزمونەکانم وەربگرن، بەڵام کە دەهاتمە سەر راستییەکان سەیرمکرد ئاسان نییە.


جگە لەوەی خێزان و منداڵەکانم لێرە لەدایکبوون و گەورەبوون، خۆشم فێری ژیان و یاسا و رێسا و دیسپلەینی ئەم وڵاتانەبووم. 


چونکە تاقیمکردەوە و ماوەیەك گەڕامەوە بۆ کوردستان بەڵام سەیرمکرد بە ئاسانی نەدەگونجام، جا من هەمیشە دەڵێم من گۆڕاوم بەڵام لەخۆم نا، بە مانای ئەوەی هەر شوانەکەی جارانم بەڵام جۆری بیرکردنەوە و دید و بۆچوونم بەرەوپێشچووە، ئەگەر وا نەبووایە ئەوکات دەموت گرفتێك لە مێشکمدا هەیە.


دوای ئەوە بەردەوام دەمویست پردێکی پەیوەندی لە نێوان ئەوروپا و کوردستان دروستکەم، هەتا ساڵی ٢٠١١ هەرچی کار و پەیکەرەکانم هەیە لە برۆنز و ئاسن و ئەلەمنیۆم کۆمکردەوە و هاتمەوە لە سلێمانی و هەولێر پێشانگایەکی هونەری گەورەم پێکردنەوە کە دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو لە میدیا و رۆژنامە کوردی و عەرەبییەکانیش.


کاتی خۆشی هەوڵمدا کارگەیەکی برۆنز بکەمەوە لە کوردستان هەرچەندە زۆر بە جدی هەوڵماندا بەڵام سەری نەگرت، بە داخەوە زۆرێك لە هونەرمەندان نەك هاوکارنین بەڵکو هەوڵی رێگریکردنیش دەدەن، هەر ئەوکاتەی پەیکەری دادوەری (یوستیسیا)م دروستکردبوو بۆ بەردەم دادگای هەولێر، هەندێکیان ئیمزایان کۆکردبووەوە و بردبوویان بۆ پارێزگاری ئەوکاتە بۆ ئەوەی پەیکەرەکە لە ئەڵمانیاوە نەهێنرێتەوە بۆ کوردستان.

 

ئاڤا نیوز: پرۆژە و پلانی داهاتووت لە ناوخۆ و دەرەوەدا چین؟

 

شوان کەمال: وەکو باسمکرد بەردەوام پلان و پرۆژەم هەیە بۆ کوردستان و ئەوروپاش بە تایبەتی وڵاتی سوید.


ساڵی ٢٠١٤ رێکخراوێکی ئەڵمانی گرێبەستیان لەگەڵ کردم بۆ دروستکردنی پرۆژەیەکی مەزن لە ناوچەی گەرمیان بۆ قوربانیانی ئەنفال، کە پێکهاتووە لە مۆزەخانە و پارکێکی گەورە بە شێوەیەکی جوان لە ناوەڕاستیا پەیکەرێکی برۆنز من دروستیبکەم.


ماکێت و پلان و نەخشەکەی ئامادەیە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا چاوەڕێی بودجەکەی دەکەین خەرج نەکراوە بۆیە دەست پێبکەین.


گەر لەو ساڵانەیا گوتیان پەیکەرێك بۆ پێشمەرگەی نەناسراو دروستدەکەین لە پارکی هەواری شار لە سلێمانی، هەموو شتێکم پێشکەشکردووە بەڵام پرۆژەکە راوەستاوە.


ساڵی ٢٠١٥ گوتیان پەیکەری پێشمەرگە دروستدەکەین ئەویش ماوەیەکی زۆر خۆمم پێوە ماندووکرد و دیراسەم کرد بەڵام دووبارە پرۆژەکە راوەستاوە.


لەم ماوەیەدا کۆمپانیایەك پەیوەندییان پێوەکردم بۆ دروستکردنی پەیکەری کەسایەتییەکی کۆنی کورد، کە گوایە زۆر گەڕابوون بۆ کەسێکی باش و شارەزا تا منیان دۆزیبووەوەمنیش دەرخستە و هەموو شتێکم ئامادە و پێشکەشکردن ئەوانیش پەیوەندییان نەکردەوە.


لێرە لە وڵاتی سوید داوایان لێکردووم بۆ دروستکردنی پەیکەری شارێکی کۆنی سوید، لەگەڵ کارگەکە گرێبەستکراوە و هەموو شتێك ئامادەیە و دوای پشووی هاوین دەست پێدەکەم چونکە دەیانەوێت ساڵی داهاتوو مانگی ٥ لە ساڵیادی دامەزراندنی شارەکە پەردەی لەسەر لادەن.


نوێترینیشیان  بەم نزیکانە برادەرێکم پەیوەندی پێوەکردم کە دەیانەوێت لە هەولێر پەیکەرێك بۆ پێشمەرگە دروستبکەن، لە راستیدا لەسەرەتادا گوتم بەشدار نابم چونکە وەکو ئەو کارانەی دیکە ماوەیەك پێوەی ماندوو دەبم و ئامادەکاریی بۆ دەکەم دواتریش جێبەجێ ناکرێت. 


بەڵام ئەو برادەرە دڵنیایکردمەوە کە کارێکی جدییە و بەڕێز سەرۆکی حکومەت ئاگاداری پرۆژەکەیە، ئیتر بەشداریمکردووە و چاوەڕێم دەستپێبکەین.


من هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم کار و پرۆژەی ئاست بەرز دروستبکەم لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان، دەرفەتیش هەبێت ئەو ئەزمونەم کە بە ماندوبوون و شەونخونی و هەوڵدانی خۆم پەیدامکردووە بتوانم بیگوازمەوە بۆ قوتابیان و خوێندکارانی هونەر لە کوردستان.

شەیری بکە لە: