مەسرور بارزانی چەند پەیامێکی نوێی ڕاگەیاند: گەورەترین ئاڵنگاری دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت
- هەواڵ
- 1 حوزەیران

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی
ئاڤا نیوز
سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی، واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمریکا لە بواری وزە بە ستراتیژیی ناودەبات و دەڵێت ئەو گرێبەستانە دەبنە داینەمۆی گەشەی ئابووری و وەبەرھێنان و داهێنان. باسی دوو پڕۆژەی حکومەتی کوردستانیشی کرد، لەبارەی هەژماری من وتی ھاوشێوەی نییە لە ناوچەکەدا، لەبارەی پڕۆژەی ڕووناکیش بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری گوتی: لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە گەورەترین ئاڵنگاری دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت.
چیرۆکی سەرەکی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کە هاوکات سەرۆکی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکی - کوردستانە لە شاری دهۆک، لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە ڕێوەڕەسمی ئاهەنگی دەرچووانی خولی حەوتەمینی زانكۆکە، چەند پەیامێکی نوێی ڕاگەیاند و تیشکی خستە سەر چەند پرسێک لەوانە، پڕۆژە نوێیەکانی حکومەت و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیا جیاکان و پلانی حکومەت بۆ داهاتوو.
لێدوانی فەرمی: گرنتگترین پەیامەکانی مەسرور بارزانی بریتیبوون لە:
- لە ھەرێمی کوردستان دەستمان بە چاکسازی کردووە. ئەم چاکسازییانە تەنیا بیرۆکە نین، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری بەرچاویان دەبێت لە سەر باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان. ئێمە خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابوورییەکی گشتگیر بەدیدەھێنین و کوردستان بە بازاڕی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی دەبەستینەوە.
- دوایین سەردانم بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرەتای قۆناغێکی زۆر باش بوو بەم ئاراستەیەدا. ئێمە پابەندبوونی ھاوبەشيی بەردەوامی خۆمان کە بەهاکانی لە پشتە، لەگەڵ حکومەت و گەلی ئەمریکا دووپاتکردەوە. لەو سەردانەمدا، گرێبەستی ستراتیژیمان لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمریکا لە بواری وزە واژۆ کرد، کە دەبێتە داینەمۆی گەشەی ئابووری و وەبەرھێنان و داهێنان. لەوەش گرنگتر دەرفەتی کاری زۆر باش و ئاستبەرز لە سێکتەرە جیاوازەکانی کوردستان دەڕەخسێنن.
- بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کوردستان ئەو پێشکەوتنەی نیشاندا کە ئەو سەربەخۆییە ئابوورییەی بەدەستمان ھێنا، بەھۆی نەوتەوە نەبووە، بەڵکو دنیابینیەکی ئابوورییانەیە کە لەسەر بنەمای پەرەپێدانی کەرتە نانەوتییەکان وەک بانکی و کشتوکاڵی داڕێژراوە. لەڕاستیدا ئێمە لەسەر بنەمای ئەم دنیابینیە بەردی بناخەی کوردستانێکی بەھێزتر و خۆڕاگر دادەنێین. لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان ڕێگا سەرەکییەکان دروستکراون، سیستەمی دابینکردنی ئاو بەشێوەیەکی باش فراوانکراوە، بەنداوی نوێ بۆ پاراستنی داھاتوومان دروستکران.
- ئێمە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانێکی مۆدێرن نەک تەنیا بۆ ئەمڕۆ، بەڵکو بۆ نەوەکانی داھاتووش دەستەبەر دەکەین. وەک بەشێکی سەرەکی ئەم پێشکەوتنە، پابەندین بە دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام لەڕێگەی (پرۆژەی ڕووناکی)یەوە و یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانمان دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت، ئەویش بە ڕووناککردنەوەی ماڵەکان و بەھێزکردنی پیشەسازی و بەجێگەیاندنی بەڵێنی کوردستانێکی گەش و ڕووناکتر.
- بۆ نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیمان، دەستپێشخەری (ھەژماری من)مان ڕاگەیاندووە، کە ھاوشێوەی نییە لە ناوچەکەمان. ئەم پڕۆژەیە ھاوکاری ھاووڵاتییان دەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستیان بگات بە بانکی دیجیتاڵی و باشترکردنی شەفافییەت و ھاندان و فراونکردنی کولتووری کارسازی و بەرپرسیاریێتی.
- ئێمە پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانێکی مۆدێرن نەک تەنیا بۆ ئەمڕۆ، بەڵکو بۆ نەوەکانی داھاتووش دەستەبەر دەکەین. وەک بەشێکی سەرەکی ئەم پێشکەوتنە، پابەندین بە دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام لەڕێگەی (پرۆژەی رووناکی)یەوە.
- زیرەکی دەستکرد و گواستنەوەی دیجیتاڵی، چیتر بیرۆکەی دەست پێڕانەگەیشتوو نین، ئەوان ئێستا بەردەستن و دەبنە هۆی وەرچەرخان لە ئابووری و کۆمەڵگەکەشمان. ھەربۆیە وەبەرھێنان لە ناوەندەکانی داھێنان و ھاندانی ھاوبەشی لەنێوان زانکۆ و کەرتی تەکنەلۆجیادا دەکەین. ھانی ھەمووتان دەدەم بە تامەزرۆییەوە سەرقاڵی ئەو بوارانە بن و کوردستان بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە شۆڕشی زیرەکی دەستکرد لە جیھان.
دەقی وتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
میوانە بەرێزەکان:
بەڕێزان ئەندامانی دەستەی ئەمینداران، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان، فاکەڵتی و ستاف و دایک و باوکانی سەربەرز، دەرچووانی ساڵی 2025 ، ئێوارەتان باش
شەڕەفێکی گەورەیە، ئەمڕۆ وەک سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لێرە لەگەڵتانم.
ئەمرۆ لێرە کۆبووینەتەوە نەک تەنھا بۆ ئاھەنگگێڕانی سەرکەوتنی ئەکادیمیتان کە بە ھەوڵ و ماندووبوون بەدەستتان ھێناوە، بەڵکوو بۆ ڕێزگرتنە لە پابەندی، سووربوون و دنیابینی ئەو کەسانەی ئێوەیان گەیاندە ئەمرۆ.
بەناوی ئەندامانی دەستەی ئەمینداران و ھەموو کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە ھەمووتان دەکەم.
ئەم ئاھەنگەی ئەمرۆ تەنیا بۆ ئەو دەستکەوتە ئەکادیمییە نیە کە بە ھەوڵ و کۆششێکی زۆر بەدەستتان ھیناوە، بەڵکوو ئەمە خاڵی وەرچەرخانە.
ئەمڕۆ ئێوە بە فەرمی پرۆسەی خوێندن تەواو دەکەن و دەچنە قۆناغی دەرفەت، بەرپرسیارێتی و بەدیهێنانی ئامانجەکانتان. ئێوە ئەندازیاری داھاتووی کوردستانن و ئەم گەشتەش، بەو شارەزایی و زانست و پەیوەندییانەی لە سەرەتای خوێندنتانەوە لە زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان بەدەستتانھێناون ، دەست پێبکەن.
زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان ھەنگاوی سەرەتا و سەکۆی دروستکردنی کاریگەرییەکی واتادارە لە کوردستان و ھەموو جیھان. دڵنیام ئەو بەھایانەی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە ئێوەدا چاندوویەتی، وەک حەزی زانین و زانیاری، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، خولیا، ھاوکاری، خزمەتکردن و ڕاستگۆیی، دەبنە رێنیشاندەرتان و ھاندەرتان دەبن، وەک چۆن پاڵنەردەبن بۆ ھاوڕێ و ھاوپیشەکانتان.
ئێمە لە ھەرێمی کوردستان دەستمان بە چاکسازی کردووە. ئەم چاکسازییانە تەنیا بیرۆکە نین، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری بەرچاویان دەبێت لە سەر باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان. ئێمە خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابوورییەکی گشتگیر بەدیدەھێنین و کوردستان بە بازاڕی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی دەبەستینەوە.
دوایین سەردانیشم بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرەتای قۆناغێکی زۆر باش بوو بەم ئاراستەیەدا. ئێمە پابەندبوونی ھاوبەشيی بەردەوامی خۆمان کە بەهاکانی لە پشتە، لەگەڵ حکوومەت و گەلی ئەمریکا دووپاتکردەوە، پەیوەندییەک لە ساڵی 1990ـەوە بەشێوەیەکی زۆر باش گەشەی سەندووە. لەو سەردانەمدا، گرێبەستی ستراتیژیمان لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمریکا لە بواری وزە واژۆ کرد، کە دەبێتە داینەمۆی گەشەی ئابووری و وەبەرھێنان و داهێنان. لەوەش گرنگتر دەرفەتی کاری زۆر باش و ئاست بەرز، لە سێکتەرە جیاوازەکانی کوردستان دەڕەخسێنن، ئەو دەرفەتانەی کە زۆر باش لەگەڵ شارەزایی و خولیا و ئامادەییتان بۆ پێشەنگی دەگونجێن.
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کوردستان ئەو پێشکەوتنەی نیشاندا کە ئەو سەربەخۆییە ئابوورییەی بەدەستمان ھێنا، بەھۆی نەوتەوە نەبووە، بەڵکوو دنیابینیەکی ئابوورییانەیە کە لەسەر بنەمای پەرەپێدانی کەرتە نانەوتییەکان وەک بانکی و کشتوکاڵی داڕێژراوە، لەڕاستیدا ئێمە لەسەر بنەمای ئەم دنیابینیە بەردی بناغەی کوردستانێکی بەھێزتر و خۆڕاگر دادەنێین. لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان ڕێگا سەرەکییەکان دروستکراون، سیستەمی دابینکردنی ئاو بەشێوەیەکی باش فراوانکراوە، بەنداوی نوێ بۆ پاراستنی داھاتوومان دروستکران.
ئێمە پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانێکی مۆدێرن نەک تەنیا بۆ ئەمڕۆ، بەڵکو بۆ نەوەکانی داھاتووش دەستەبەر دەکەین. وەک بەشێکی سەرەکی ئەم پێشکەوتنە، پابەندین بە دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام لەڕێگەی (پرۆژەی رووناکی)ـەوە و یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانمان دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت، ئەویش بە ڕووناککردنەوەی ماڵەکان و بەھێزکردنی پیشەسازی و بەجێگەیاندنی بەڵێنی کوردستانێکی گەش و ڕووناکتر.
بۆ نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیمان، دەستپێشخەری (ھەژماری من)ـمان ڕاگەیاندووە، کە ھاوشێوەی نییە لە ناوچەکەمان. ئەم پڕۆژەیە ھاوکاری ھاووڵاتییان دەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستیان بگات بە بانکی دیجیتاڵی و باشترکردنی شەفافیەت و ھاندان و فراوانکردنی کولتووری کارسازی و بەرپرسیارێتی.
لە کرۆکی ئەم پێشکەوتنە ھێزێکی پاڵنەر ھەیە: ئەویش تەکنەلۆجیایە. زیرەکی دەستکرد و گواستنەوەی دیجیتاڵی، چیتر بیرۆکەی دەست پێڕانەگەیشتوو نین، ئەوان ئێستا بەردەستن و دەبنە هۆی وەرچەرخان لە ئابووری و کۆمەڵگەکەشمان. ھەربۆیە وەبەرھێنان لە ناوەندەکانی داھێنان و ھاندانی ھاوبەشی لەنێوان زانکۆ و کەرتی تەکنەلۆجیادا دەکەین. ھانی ھەمووتان دەدەم بە تامەزرۆییەوە سەرقاڵی ئەو بوارانە بن و کوردستان بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە شۆڕشی زیرەکی دەستکرد لە جیھان.
تواناکانی خەڵکی ئێمە، تەنیا لەرێگەی سیستمێکی تەندروستی بەھێز و متمانەپێکراوەوە دەردەکەون، ئەمەش لە شارەزا و کەسانی پیشەیی و بەبەزەیی لە بواری تەندروستیدا دەست پێدەکات، کە بناغەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بەرھەمھێن دادەنێن. لە زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان، پرۆگرامێکی پەرستاریمان ھەیە، نەک تەنیا بەگوێرەی ستاندارە نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکو وەک مۆدێڵیک لە ناوچەکەدا خزمەت دەکات. ئەمرۆ دەستکەوتێکی مێژووییە: شانازی دەکەم یەکەم گرووپی دەرچووانی پەرستاری دەبینم، کە ھەریەکەیان بە سکۆڵەرشیپی تەواو پشتگیری کراون. ئەوان زیاتر لە دەستکەوتێکی ئەکادیمین، ئەوان ھیواکانمان بۆ کوردستانێکی پێشکەوتوو و تەندروستتر بەرجەستە دەکەن. پابەندیی ئێمە لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی پرۆگرامی پیشەیی پەرستاری بۆ بەھێزکردنی ڕاھێنانی پەرستاری دەکەین و ھاوکاریان دەبین لە بەدەستھێنانی ئەو شارەزاییەی کە پێویستیانە بۆ باشترکردنی سیستمی تەندروستی لە کوردستان و عێراق .
با ئەو بنەما سەرەکییانە لەبیر نەکەین کە دەبنە هۆی گەشەپێدانی تەکنەلۆجیا و گەشەسەندنی ئابووری و داهێنان، ئەویش، سیستمی خوێندن و پەروەردەمانە. کارنامەی چاکسازییەکانمان لە بواری پەروەردە بەردەوامە و وەک ھەمیشە پابەندین بەوەی بە سیستمی پەروەردەماندا بچینەوە و میکانیزمەکانی دڵنیایی جۆریی بەهێز بکەین، ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەبەری چاکسازیی کارگێڕی و دانانی ئامانجی پێوانەیی بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی کاریگەریی دامەزراوە پەروەردەییەکان. لە ھەمانکاتدا، باشترکردن و بەهێزکردنی ئاستی قوتابیانمان، لە پێشینەی کارەکانمانەوەیە و فێرکردنی قوتابیانمان چەقی گرنگیدانمانە.
لە ڕێگەی ئەو ستانداردە نیشتمانییانە کە لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامانناون، دەرگامان لەبەردەم کاری ئەکادیمی سەربەخۆ کردووەتەوە و پشتیوانی دامەزراوەکانمان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە ، خۆیان بەڕێوەبەرن. ئەمە گۆڕانێکی ستراتیژییە کە داهێنان دەکاتە کرۆکی سیستمی پەروەردەمان. ئامانجی ئێمە ڕوونە: دەمانەوێت نەتەوەیەکی زانستخواز بوونیاد بنێین، نەتەوەیەک، بەدرێژایی ژیانی بەدوای فێربوونەوە بێت و نایابی و یەکسانی لە دەرفەتدا، ببنە نەریت.
وەک دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان، کە یەکێکە لە دامەزراوە پێشەنگەکانی کوردستان، ئێوە لەناو ئەو باشترینانەدان کە ساز و ئامادەن بۆ ڕێبەرایەتیکردنی ئەم گۆڕانکارییە. داواتان لێدەکەم لە کارەکانتاندا، ئەوپەڕی ئیتیک و پێوەری ئەخلاقی پیشەیی ڕەچاو بکەن. ناسنامەی خۆتان و نیشتمانەکەتان لە ناو دڵتاندا بێت، تەنانەت ئەوکاتانەش کە لە جیھاندا بەدوای دەرفەتەکاندا دەگەڕێن. خزمەتی ئەو نەتەوە و نیشتیمانەت بکە کە لەم گەشتەی ژیانتدا، پشتیوانی کردی. بە مانای وشە ھاووڵاتی بن، ئەو ھاووڵاتیانەی خزمەت دەکەن و کۆمەڵگەکەیان دروست دەکەن و سەری دەخەن.
با بەبیرتانبێنمەوە، سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی، لە دەستنیشانکردنی ئامانجەوە دەست پێدەکات: مەترسن و بەردەوامبن لە گەیشتن بە خولیاکانتان، بەڵام هەرگیز ئەو بەھایانە لەبیر نەکەن کە ئێوەیان گەیاندە ئێرە.
ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر، کوردستان پێویستی بە وزە و بیرۆکە و سەرکردایەتی ئێوەیە.
وەک نەوە دوای نەوەکانی پێشمەرگەکانمان، کە قارەمانانە شەڕیانکرد و قوربانی زۆریاندا بۆ پاراستنی خاک و وڵاتمان، وەک خاوەن دیدگاکانمان کە دامەزراوەکانمانیان دروست کرد، وەک ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی بێوچان و ماندووبوون ڕۆژانە بۆ بەھێزکردن و خزمەتکردنی نەتەوەکەمان تێدەکۆشن، ئێوەش پێویستە ئەم چرایە ھەڵگرن و بۆ پێشەوە بڕۆن.
دووبارە پیرۆزبایی لە دەرچووانی 2025 دەکەم.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- ژینگە
- 8 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرەڕای کەمئاوی نەورەسەکانی دەریاچەی دووکان زیادیان کردووە
- هەواڵ
- 8 کاتژمێر لەمەوپێش
پەروین بوڵدان وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دیاری دەکرێت
- هەواڵ
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
سووریا بە درێژایی جەژنی قوربان سنوورەکانی لەگەڵ عێراق دادەخات
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
گەنجێکی کورد لە پێشبڕکێیەکی زانستی لەسەر ئاستی 78 زانکۆ پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت
12 کاتژمێر لەمەوپێش
گەنجانی چەندین وڵات لە کۆیە بەشداریی لە فێستڤاڵێکی مۆسیقا دەکەن
1 حوزەیران
ماددەی هۆشبەر لە جۆرێکی شیرینی منداڵاندا دەدۆزرێتەوە
31 ئایار
لەدوای کاتژمێر 11ـی شەو دانیشتن و مانەوە لە گۆیژە و ئەزمەڕ قەدەغە دەکرێت
31 ئایار
دەشتی بەهەشت دەستپێدەكاتەوە و زیانلێكەوتووان قەرەبوو دەكرێنەوە
30 ئایار
- هەواڵ
- 8 کاتژمێر لەمەوپێش
پەروین بوڵدان وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دیاری دەکرێت
- هەواڵ
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
سووریا بە درێژایی جەژنی قوربان سنوورەکانی لەگەڵ عێراق دادەخات
- هەواڵ
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکراینا کۆتایی هات
- جیهان
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
کۆشکی سپی: ئەگەر هەیە ئەم هەفتەیە ترەمپ و سەرۆکی چین گفتوگۆ بکەن