جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ بۆ ئاڤا: ئەمریکا و جیهان چاودێری ڕێککەوتننامەی نەوت دەکەن و ئاسان نییە هیچ لایەنێک لێی پاشگەز ببێتەوە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لەبارەی ڕێککەوتنامەی نەوت کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پرسی مووچەوە ڕایدەگەیێنێت، ئەمریکا و جیهان چاودێری ڕێککەوتننامە سێقۆڵییەکە دەکەن و ئاسان نییە هیچ لایەنێک لێی پاشگەز ببێتەوە. ئاشکرایشی دەکات دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان کە بڕەکەی یەک ملیار دۆلارە لە بەغدا گفتوگۆی لەسەر کراوە و چارەسەر بووە.


چیرۆکی سەرەکی: د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئاڤا میدیا، باسی پرسی مووچە، ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.


لێدوانی فەرمی: لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا بە هەناردەکردنی نەوت کێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەر دەبێت؟د. حەمدی شنگالی دەڵێت: بەستنەوەی مووچە بە هەر شتێکی دیکە ناحەقییە، ئەوە زووڵمە لە مووچەخۆران دەکرێت و قووتی خەڵک دەبڕدرێت، کێشەی نێوان حکومەتەکان چارەسەر دەبێت، بەڵام نابێت مووچەی فەرمانبەران ببڕێدرێت. ئێستا نەوت چارەسەر بووە و بابەتی داهاتی نانەوتی هاتووەتە پێشەوە، دەبێت ئەمانە بەپێی دەستوور بسەنرێن و دەستوور زامنی بکات، نەک داواکاریی کەسی. 

بابەتی ستراتیژی: پرسی نەوت ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە مووچەی خەڵکی کوردستان، بۆیە بەردەوام ترسێک هەیە نەوت وەکو کارتێکی گوشار دژی حکومەت و خەڵکی کوردستان بەکاربهێنرێت و گرفتی بۆ دروست بکرێت، د. حەمدی شنگالی دەڵێت ڕێککەوتنەکە بۆ سێ مانگە، پرسیاری خەڵک و ئاڤاش ئەوەیە ئایا دوای ئەو سێ مانگە ڕێککەوتننامەکە گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت؟ لە وەڵامدا جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ دەڵێت: ڕێککەوتنەکە درێژدەکرێتەوە بەپێی ڕێککەوتنی سێقۆڵی، چونکە ئەمە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و لەلایەن ئەمریکا و جیهانەوە چاودێری دەکرێت، بۆیە پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتنەکە ئاسان نییە و نابێت.

لەلایەکی دیکەوە: قەرزی کۆمپانیاکان کە بڕەکەی نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، کێشەیەکە و تاوەکو ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر نەکراوە چۆن پێیان دەدرێتەوە،  لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا حکومەتی عێراق قەرزەکە دەداتەوە؟ 

د. حەمدی شنگالی دەڵێت: ئەو بابەتە لە ماوەی ڕابردوودا باس کراوە، وابزانم چارەسەر بۆ ئەوەش دۆزراوەتەوە، بەڵام نامەوێت بڕۆمە نێو وردەکاریی زیاترەوە.

 

دەقی چاوپێکەوتنی ڕۆژان ئەبووبەکر لەگەڵ د.حەمدی شنگالی


ئاڤا: کۆمپانیای سۆمۆ چییە و چۆن کار دەکات؟ 

د. حەمدی شنگالی: کۆمپانیای سۆمۆ تاکە لایەنە بەپێی یاسا دەتوانێت نەوتی عێراق بەرهەم بهێنێت و بەپێی بارودۆخیش بازاڕی جیهانیی بۆ بدۆزێتەوە، ئەمە لەسەر بنەما و بارودۆخی سیاسی، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی دۆلار و وڵاتانی ئۆپیک دەکرێت، هەروەها پێشبینی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت دەکات، بەدواداچوون و ڕاپۆرتی تایبەت لەسەر پرسەکە دەکات و حەوتی هەموو مانگێک بە کۆبوونەوەی تایبەت گەنگەشەی دەکەین و نرخی بۆ دادەنرێت.

ئاڤا: سۆمۆ پشت بە کام یاسا دەبەستێت؟ 

د. حەمدی شنگالی: کۆمپانیای سۆمۆ بەپێی یاسای عێراق کار دەکات.

ئاڤا: سۆمۆ بە چ میکانیزمێک نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکات؟

د. حەمدی شنگالی: بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەی کراوە، نەوتی هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە. بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵ بوو، ئەو نرخەی بۆ دەر‌هێنانی نەوت دانرابوو کە شەش دۆلار بوو، نرخێکی واقیعی نەبوو، چونکە جیاوازی لە نێوان دەرهێنانی نەوت هەیە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق. لە عێراق شوێن هەیە بە یەک دۆلار و نیو نەوت دەردەهێنرێت، بەڵام ناوچەکانی کوردستان سەخت و شاخاوین، بۆیە 16 دۆلار بۆ دەرهێنانی نەوت دانراوە. لە کۆتاییەکانی مانگ سۆمۆ پەیام دەداتە کوردستان و ئاماژە بە بڕی ئەو نەوتە دەکات کە وەریان گرتووە، ئەمەش بەپێی داتاکانی فیشخابوور و بەندەری جەیهان دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر لە مانگێکدا پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بە 65 دۆلار فرۆشرابێت، 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک پشکی کۆمپانیاکان دەبێت. لە عێراق سێ بازاڕی نەوت هەیە، بازاڕی ئاسایی و ئەوروپی و ئەمریکی، هەریەکەیان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە.

ئاڤا: کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان کێن؟

د. حەمدی شنگالی: باشترین بازاڕ بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوروپایە و کڕیاری تایبەتی خۆی هەیە، ئەمە بازاڕێکی نزیکە و گواستنەوەی ئاسانە، ئێمە دەتوانین نەوتی کوردستان بە ئەمریکا بفرۆشین، بەڵام  تێچووی زۆر و کاتی زۆرتری دەوێت.

ئاڤا: هەرێمی کوردستان لە گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت ڕۆڵی هەیە؟ 


د. حەمدی شنگالی: بە فرۆشتنی نەوت لەلایەن سۆمۆ و وەرگرتنی پشکی کۆمپانیاکان، پشکی هەرێمی کوردستان دەدرێت و ئەمەش لە بەرژەوەندیی کوردستان و لایەنەکانی دیکەش دەبێت.  

ئاڤا: کۆمپانیاکانی نەوت داوای پارەی زیاتر دەکەن بۆ دەرهێانی نەوت و دەیانەوێت لە 16 دۆلار زیاتر وەربگرن، کەی کۆمپانیاکانی ڕاوێژکاری دێنە کێلگەکان و نرخەکان دیاری دەکەن؟ 


د. حەمدی شنگالی: کۆمپانیاکانی دەستنیشانکردنی نرخەکان دیاریکراون و دەبوو لەگەڵ گریبەستەکە سەردانی کێڵگەکانیان بکردبایە، لە ماوەی داهاتوو سەردانی کێڵگەکان دەکەن و بڕیاری خۆیان دەدەن، ئەو کاتە ڕەنگە گۆڕانکاری بەسەر نرخەکاندا بێت یان وەک خۆیان بمێننەوە.


ئاڤا: ئەگەر کۆمپانیا ڕاوێژکارییەکە هەر نرخێک دیاری بکات ئەوا لە یاسا دەچەسپێنرێت؟

د. حەمدی شنگالی: هەمواری یاساکە باس لەوە دەکات کە دەبێت کۆمپانیاکانی ڕاوێژکاری سەردانی کێلگەکان بکەن و نرخەکان دانێن. بۆیە پێویستە هەرسێ لایەن کە هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمپانیاکانن پێوەی پابەند بن. 

ئاڤا: ئەو 50 هەزار بەرمیلەی بۆ پێداویستیی ناوخۆی کوردستان دانراوە، عێراق یان کوردستان 16 دۆلاری کۆمپانیاکان دەدەن؟

د. حەمدی شنگالی: حکومەتی عێراق 16 دۆلاری کۆمپانیاکان دەدات و کۆمپانیای دی ئێن ئۆ [کە بەشێک نییە لە ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیاکان] نەوت بۆ پێداویستییەکانی کوردستان دەردەهێنێت. 


ئاڤا: ڕیککەوتنی هەناردەکردنی نەوت بۆ سێ مانگە؟

د. حەمدی شنگالی: ڕێککەوتنەکە بۆ سێ مانگە و لەسەر ماوەی بودجە دانراوە، لە 31-12-2025، تەواو دەبێت، دواتر بە ڕێککەوتنی هەرسێ لایەنەکە درێژەی پێ دەدرێت. 


ئاڤا: ئەگەر لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا کۆمپانیا ڕاوێژکارییەکە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دیاری بکەن و زیاتر بێت لە 16 دۆلار، عێراق پێوەی پابەند دەبێت؟

د. حەمدی شنگالی: ئەو نرخەی کۆمپانیا ڕاوێژکارییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهینانی نەوتی دادەنێن، دەبێت هەرسێ لایەنەکە پێوەی پابەندبن و نرخەکان بچەسپێنرێن، دەکرێت گۆڕانکاری لە نرخەکانی ئێستادا بکرێت.

ئاڤا: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز دەبێتەوە؟ 

د. حەمدی شنگالی: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت، بەر لەوە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت بڕوای کارکردنیان لە عێراق لەدەست دابوو، چونکە پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە و دڵنیان نەبوون لەوەی بەرهەمهینان بکەن، بەڵام بە ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان متمانەیەک دروست بووە و بەرهەمهێنانیانیش زیاتر دەبێت. 

ئاڤا: بە زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت دەکرێت بڕی پێداویستیی ناوخۆ لە 50 هەزار بەرمیلەوە زیاتر بکرێت؟ 

د. حەمدی شنگالی: بڕی هەناردەکردنی نەوتی لەو ژمارەیەی ئێستا هەیە زیاتر دەبێت، هەروەها بەپێی پێویستیی ناوخۆ کوردستان، حکومەتی هەرێم دەتوانێت زیاتر لە 50 هەزار بەرمیل وەربگرێت و هیچ گرفتێک بۆ ئەوە دروست نابێت. 

ئاڤا: نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق وەک یەکتر دەفرۆشرێن؟ 

د. حەمدی شنگالی: نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت، بەمەش نەوتی بەسرە و هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە دەفرۆشرێن و هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نییە.

ئاڤا: ئەگەر هێرشی درۆنی بکرێتە سەر کێڵگەکانی نەوت و توانای بەرهەمهێنانیان کەمبێتەوە عێراق گرفت بۆ کوردستان دروست دەکات؟

د. حەمدی شنگالی: ئەو بابەتانە گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، ئەوکات عێراق هیچ گرفتێک بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دروست ناکات و دەبێت حاڵەتە نەخوازراوەکان بەهەند وەربگیرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

ئاڤا: تەواوبوونی ڕێککەوتنی عێراق و تورکیا لەبارەی نەوت کاریگەریی لەسەر نەوتی کوردستان دەبێت؟ 

د. حەمدی شنگالی: بۆ تورکیا هەرچەندە نەوتی زیاتر بڕوات باشترە، چونکە پارە وەردەگرێت، ڕێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیاش بۆ نەوت لە 2026 تەواو دەبێت، دڵنیام ڕێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە، چونکە عێراق و تورکیا پێویستیان پێی هەیە و ئێستا گفتوگۆ لەبارەیەوە بەردەوامە، هەردوولاش دەیانەوێت قازانجی زیاتر بکەن. بە بڕوای من ئەگەر عێراق کوردستانی خستبایە نێو باسی ڕێککەوتنەکە، ئەوا سوودی زیاتری پێ دەگەیشت، لەبەرئەوەی کوردستان دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ فرۆشتی نەوتی عێراق و هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا. 

ئاڤا: ڕێککەوتنی نەوتی کوردستان ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دانانی یاسای نەوت و غاز؟

د. حەمدی شنگالی: هەر ڕێککەوتنێکی باش گرنگە و ڕێگەخۆشکەرە بۆ چوونە پێشەوە لە بابەتی دیکە، هەرێمی کوردستان زۆر هەماهەنگە بۆ دانانی یاساکە، ئەگەر بەگوێرەی دەستووری عێراق دابنرێت زۆر کێشە چارەسەر دەکات، چونکە دەستوور زۆر ڕوون و ئاشکرایە، تێیدا هەموو بەرپرسیارێتی و مافێک دەستنیشان کراوە، ئەگەر شتەکان وەک ئێستا بڕۆن ئەوا دەگەینە ڕێککەوتنێکی باش. 


ئاڤا: بە هەناردەکردنی نەوت کێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەر دەبێت؟

د. حەمدی شنگالی: بەداخەوە بەستنەوەی مووچە بە هەر شتێکی دیکەوە ناحەقییە، ئەوە زووڵمە لە مووچەخۆران دەکرێت و قووتی خەڵک دەبڕدرێت، کێشەی نێوان حکومەتەکان چارەسەر دەبێت، بەڵام نابێت مووچەی فەرمانبەران ببڕێدرێت، کاتی داعش لە مووسڵ بوو پارەی مووچە بۆ خەڵکی مووسڵ نێردراوە، بەڵام کێشە بۆ مووچەی کوردستان دروست دەبێت. عێراق شتەکانی پێکەوە بەستووەتەوە، بەڵام ئێستا نەوت چارەسەر بووە و بابەتی نانەوتی هاتووەتە پێشەوە، دەبێت ئەمانە بەپێی دەستوور بسەنرێن و دەستوور زامنی بکات، نەک داواکاریی کەسی. 

ئاڤا: دوای ئەو سێ مانگە ڕێککەوتنی نەوت گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت؟

د. حەمدی شنگالی: ئەو ڕێککەوتنە درێژدەکرێتەوە بەپێی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی، چونکە ئەمە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و لەلایەن جیهانەوە چاودێری دەکرێت، بۆیە پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتنەکە ئاسان نییە و نابێت.

ئاڤا: عێراق قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت دەداتەوە؟ 

د. حەمدی شنگالی: ئەو بابەتە لە ماوەی ڕابردوودا باس کراوە، جارێک بە بەرپرسێکی عێراقیم وتوە ئێوە پارە دەدەنە وڵاتانی وەک لوبنان و ئەوانی دیکە و یارمەتیان دەدەن، بەڵام یارمەتی خەڵکی خۆتان نادەن و ڵاپەڕەیەکی نوێیان لەگەڵ ناکەنەوە، لەکاتێکدا هەموو بەڵگە پێویستەکان هەیە. بۆیە وابزانم چارەسەر بۆ ئەوەش دۆزراوەتەوە و نامەوێت بڕۆمە نێو وردەکاریی زیاترەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ