ئەمریکا بازرگانێک سزا دەدات کۆمپانیای ساختەی بە ناوی هاووڵاتیانی کوردستان دامەزراندووە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر بازرگانێکی دیاری عێراقیدا سەپاند بە ناوی عەلی غوڵام، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و دامەزراندنی هەزاران کۆمپانیای وەهمی بە ناوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کە ئێستا ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و قەرزی ملیاران دینار بوونەتەوە.

 

چیرۆکی سەرەکی؛ عەلی غوڵامی تەمەن 43 ساڵ، کە خاوەنی پاسپۆرتی بەریتانییە و لە لەندەن نیشتەجێیە، تۆمەتبارە فێڵکردن لە نزیکەی پێنج هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان کەمئەندام و نەخوێندەوارن. بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسانە براونەتە بەغدا و لە بەرامبەر وەرگرتنی چەند سەد دۆلارێک، پەنجەمۆر و وەکالەیان لێ وەرگیراوە. دواتر بەبێ ئاگاداریی خۆیان، کۆمپانیای وەهمی گەورەیان بەناوەوە دامەزراوە و مامەڵەی نایاسایی و سپیکردنەوەی پارەی پێوە کراوە.

 

لێدوانی فەرمی؛ ئەوانەی فێڵیان لێکراوە هاووڵاتییانی ئاسایی و کەمدەرامەتی هەرێمی کوردستانن کە ئێستا باجێکی قورسی ئەو کارە دەدەن. سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق کە بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە، بە ئاڤای ڕایگەیاند، ئەو کەسانە "گیرۆدە بوون و دەیان ملیار دینار باجیان کەوتووەتە سەر."

 

سۆران عومەر گوتیشی، "هەندێک لە قوربانییەکان، بەبێ ئەوەی ئاگاداری هیچ شتێک بن، ئێستا نزیکەی 30 ملیار دینار باجیان لەسەرە. جگە لەوەش، مووچە و دەرماڵەکانیان (بایەعی) بڕاوە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، و ڕۆژانە فەرمانی نوێ بۆ کەسانی دیکە دەردەچێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت؛ عەلی غوڵام پێشتر لە ڕێگەی سێ بانکەوە (بانکی وەبەرهێنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بانکی ئیسلامیی ئەنساری، و بانکی ئیسلامیی قەبیز) دەستێکی باڵای لە بازاڕی دۆلاردا هەبووە و نزیکەی 20٪ی ئاڵوگۆڕەکانی لە ڕێگەی ئەوەوە کراون. دوای ئەوەی هەر سێ بانکەکە لە کۆتایی ساڵی 2022 لەلایەن ئەمریکاوە سزادران، ناوبراو پەنای بۆ ئەم ڕێگە نوێیە بردووە بۆ بەردەوامبوون لە کارە نایاساییەکانی و بردنە دەرەوەی دۆلار لە عێراق.

 

زانیاریی زیاتر؛ پرۆسەی قۆستنەوەی هاووڵاتییان لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەتی دوای سزادانی بانکەکانی لە ساڵی 2022 چڕتر بووەتەوە. هاووڵاتییەکان لە شارەکانی کوردستانەوە براونەتە بەغدا بۆ ئەنجامدانی مامەڵە یاساییەکان. سزاکانی ئەمریکاش لەم ماوەیەی دواییدا دەرچووە و سەرجەم سەرمایەکانی عەلی غوڵام بلۆک کراون.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ