سەرۆکی مەهەپە: داوا دەکەین قوبرسی باکوور بکرێتە 82ـهەمین پارێزگای تورکیا

شەیری بکە لە:
سەرۆکی مەهەپە: داوا دەکەین قوبرسی باکوور بکرێتە 82ـهەمین پارێزگای تورکیا

دیمەنی قوبرسی باکوور

ئاڤا نیوز

سەرۆکی گشتیی مەهەپە جارێکی دیکە داوا لە پەرلەمانی قوبرسی باکوور دەکات بەپەلە کۆببێتەوە و بڕیار بدات، قوبرسی تورکیا ببێت بە بەشێک لە خاکی تورکیا.

وێنە گەورەکە: هەڵبژاردنی توفان ئەرهورمان، سەرۆکی گشتیی پارتیی کۆماریی تورک کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لەوێ بە سەرۆکی ئیدارەی قوبرسی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی هەراسان کردووە و  داوا لە پەرلەمانی ئەو ئیدارەیە دەکات دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا نەنێت و بەپەلە بڕیار بدات ئەو بەشەی دوورگەی قوبرس بە تورکیاوە بلکێنێت.

 لێدوانی فەرمی: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە کە گەورەترین هاوپەیمانیی ئاک پارتیی دەسەڵاتداری تورکیایە ئەمڕۆ 21-10-2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا بە تووندترین شێوە دژی سیاسەتی "توفان ئەرهورمان" سەرۆکی ئیدارەی قوبرسی باکوور وەستایەوە کە سیاسەتی کارکردنی لە بەرژەوەندی تورکیادا نییە و پشتیوانی لەوە دەکات دوورگەی قوبرس بە شێوەی فیدڕاڵی و لەژێر چەتری یەک دەوڵەتدا بەڕێوە ببرێت.

باخچەلی بانگەشەی ئەوە دەکات قوبرس 'هیی تورک و خاکی ڕەسەنی تورکە' گەڕانەوە بۆ فیدڕاڵییەت هەرگیز قبوڵکراو نییە و دەڵێت: قوبرس دۆزی نەتەوەیی ئێمەیە. ئاسایش و داهاتووی قوبرس و کۆماری تورکیا هەمان شتە و قوبرس هیی تورکە و هەرواش دەمێنێتەوە. 

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: دوو ڕۆژ لەمەوبەر و دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە باخچەلی ڕایگەیاند: نابێت چارەنووسی "تورکێتیی" قوبرس بسپێرێت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنێک کە ڕێژەی بەشداری زۆر تیایدا کەم بووە. دەبێت پەرلەمانی قوبرسی باکوور بە پەلە کۆ ببێتەوە. ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە و گەڕانەوەی قوبرسی باکوور بۆ فیدڕاڵیەت ڕەت بکاتەوە و بڕیار بدات ببێت بە بەشێک لە تورکیا.

پێویستە ئەمەش بزانیت: ئەرسین تەتەر، سەرۆکی پێشووی قوبرسی باکوور کە لەم هەڵبژاردنەدا نەیتوانی دەربچێتەوە، بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کێشەکانی دوورگەی قوبرس بە دروستکردنی دوو دەوڵەتی جیا بۆ تورکەکان و بۆ یۆنانییەکان چارەسەر دەکرێن.

لە لایەکی دیکەوە: ئەمەش لە کاتێکدایە هەریەک لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و گەورە بەرپرسانی تورکیا پیرۆزباییان لە توفان ئەرهورمان کرد بە هۆی هەڵبژاردنی بە سەرۆک.  

زانیاریی زیاتر: لەسەر ئاستی جیهان، تەنها تورکیا دانیناوە بە قوبرسی باکوور و بە "کۆماری تورکی قوبرسی باکوور" ناوی دەبات، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان بە بەشێک لە کۆماری قوبرسی دەزانن کە تورکیا پێی دەڵێت "ئیدارەی ڕومی قوبرسی باشوور". دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە 1974 و کۆنتڕۆڵکردنی باکووری ئەم دوورگەیە، لە 1983 سەربەخۆبوونی قوبرسی باکوور ڕاگەیەندرا. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: