هۆشداریی دەدرێتە هاونیشتمانیان لەبارەی 'بلاک فڕایدەی': دڵنیا ببنەوە لە نرخی کاڵاکان

شەیری بکە لە:
هۆشداریی دەدرێتە هاونیشتمانیان لەبارەی 'بلاک فڕایدەی': دڵنیا ببنەوە لە نرخی کاڵاکان

سەنار سەنعان، شارەزای بەبازاڕکردن

ئاڤا نیوز

 

لە بەشێک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، ئامادەکاری بۆ بلاک فڕایدەی دەکرێت، شارەزا و پسپۆڕانی بەبازاڕکردنیش هۆشداری بە کڕیاران دەدەن پێش کڕینی هەر کاڵایەک لە نرخەکەی پێش داشکان و دوای داشکان دڵنیا ببنەوە. هاوکات بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێت، پێویستە 10 ڕۆژ زووتر نرخی ئەو کاڵایانەمان لابێت کە دووکاندارێک دەیەوێت داشکانی بۆ بکات. 

 

وێنە گەورەکە: بلاک فڕایدەی؛ یەکێک لە دیارترین ڕۆژەکانی ساڵ کە تیایدا داشکان و هەرزانفرۆشی بۆ زۆرێک لە کاڵاکان دەکرێت. زۆرجار کڕیاران چاوەڕێی ئەو ڕۆژە دەکەن بۆ کڕیانی ئەو کاڵا دڵخوازە و پێویستیەی خۆیان کە پێش داشاکاندنی نرخەکان نەیانتووانیوە بیکڕن.

 

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی جیهان ئامادەکاری بۆ بلاک فڕایدەی دەکرێت، ڕیکلامی زۆر بۆ داشکان لە نرخی کاڵان دەکرێت و زۆرێک لە دووکان و مۆڵ و مارکێت و براندەکان ئۆفەری تایبەتیان بۆ بلاک فڕایدەی ڕاگەیاندووە.

 

لێدوانی فەرمیی: سەنار سەنعان، شارەزای بەبازاڕکردن لە زەنگی بازاڕ گوتی: بلاک فڕایدەی بۆ کڕیار و فرۆشیار سوودی هەیە، فرۆشیار ئەو کاڵایانەی ماونەتەوە بە بازاڕی دەکات، کڕیاریش کاڵای بە نرخی هەرزانتر دەست دەکەوێت، بەڵام بەداخەوە لە هەندێ شوێن لە هەرێمی کوردستان بانگەشەیان بۆ داشکان و بلاک فڕایدەی ڕاست نییە، بۆیە دەبێت کڕیار بە هۆشیارییەوە لەو شوێنانە کاڵا بکڕێت. کڕیار دەبێت دڵنیا ببێتەوە لە نرخی ڕاستی و ئۆفەرەکانی داشکاندن ئینجا بڕیار لە کڕینی شتومەکەکان بدات.

 

لەلایەکی دیکەوە: هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە ئاڤا میدیای گوت: هەر داشکانێک لە هارکاتێکدا بکرێت، دەبێت 10 ڕۆژ زووتر نرخەکان و ئۆفەرەکان بە ئێمە بدرێت و لیژنەکانیشمان بەردەوام چاودێریی داشکانەکان دەکەن، هەر شوێنێک بانگەشەی داشکان بکات و پابەند بڕی داشکانەکە نەبێت یان داشکانەکەی ڕاست نەبێت، ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

 

هۆگر عەلی وتیشی، لە ماوەی ڕابردوو لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ سەردانی 100 شوێنانیان کردووە کە داشکاندنیان کردبوو، 28 شوێن پابەندی داشکانەکە نەبوون و سزا دراون، لەو ژمارەیە هەشت شوێن داخراون، هەموو ئەو شوێنانەش بە زیاتر لە 13 ملیۆن دینار بە پێبژاردن سزا دراون.

 

زانیاریی زیاتر: هەموو ساڵێک کۆتا هەینی مانگی 11 دەکرێت بە بلاک فرایدەی، بۆ ئەمساڵ هەینی داهاتوو، 28-11-2025 بلاک فرایدەیە.

 

ئەمەش بزانە: ڕێژەی فرۆش لە بەشێک لە وڵاتانە بە ئاستێکی زۆر بەرز دەبێتەوە، ساڵی ڕابردوو لە تورکیا بەهۆی بلاک فڕایدەی لە بەشێک لە براندەکان فرۆشتن گەشتووەتە سەرووی 650٪، لە سعوودیە و ناوچەی مینا وایت فڕایدەی ڕیکۆردی هەبووە و 40٪ فرۆشتن زیادی کردووە، لە ئیمارات 13٪ و لە قەتەر 3٪ فرۆش زیادی کردووە، لە ئەڵمانیا بلاک فڕایدەی ڕابردوو 205٪ زیاتر و فەرەنسا 265٪ و لە ئیتالیا نزیک دەبێتەوە لە 100٪ فرۆشی زیاد بووە.

 

ئەمەش بزانە؛ مێژووی دەستپێکی بلاک فڕایدەی لە شاری فیلادێلفیای ئەمریکا لە ساڵی 1960 دەستی پێکرد، دوای جەژنی سوپاسگوزاری کریستیانەکان لە کۆتا هەینی مانگی یازدەی هەموو ساڵێک دەکرێت، سەرەتا بلاک فڕایدەی تەنیا لە فرۆشگاکانی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا هەبوو، بەڵام لە دوای ئەوەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پەرەیان سەند، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئەم ڕۆژەیان وەک ڕۆژی داشکانی سەرتاسەری ڕاگەیاند، ئێستا بلاک فڕایدەی بووەتە بۆنەیەکی گرینگ بۆ کڕیار و فرۆشیاران لە سەرتاسەری جیهان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ