دەقی وتاری مەسرور بارزانی لەکاتی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر

شەیری بکە لە:

شانازی دەکەم و زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرەم لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی نوێی ئەمریکا، ئەم باڵەخانەیە وەک شاخێک هەڵکەوتووە، بەشێوەیەکی پتەو و نالەڕزۆک لە هەولێر داکوتراوە.

ئەمە شاهیدی و بەڵگەیە بۆ ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لە نێوان ئەمریکا و گەلی کورد هەیە، پیرۆزبایی کردنەوەی ئەم باڵەخانە مەزنە لە هەمووان دەکەم کە هەنگاوێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا.

ئەگەر سەیری ڕابردوو بکەین، لە چەند دەیەی ڕابردوو، لەکاتی پێویستیی ئێمەدا ئەمریکا هاوشان لەگەڵ ئێمە و هاووڵاتیانمان وەستا، لە ساڵی 1991 لە کاتی ڕاپەڕین، ئەمریکا و هێزەکانیان هاتن بۆ یارمەتیدانی ئێمە و ناوچەی دژە فڕینیان دروستکرد،  دواتر کاتێک داعش و تیرۆرستان هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان، دووبارە ئەمریکا سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەکی کرد کە هاتن بۆ هاوکاریکردن لە لەناوبردن و شکستپێهێنانی تیرۆرستان، جارێکی دیکەی ئەمریکا یارمەتی ئێمەی دا بۆ بوونیادنانی ئەو وڵاتەی کە ئێستا هەمانە، بەبێ ئەمریکا  ئەوە زۆر زۆر سەخت دەبوو، ئەوە ئەمریکا بوو کە دڕندەترین ڕژێمی دیکتاتۆری لێرە لە عێراق ڕووخاند، بۆیە ئێمە لە کوردستان زۆر سوپاسگوزاری ئەمریکاین و ناتوانین بە شێوەیەکی پێویست سوپاسی هەموو ئەو شتانە بکەین کە ئێوە بۆتان کردووین.

 شانازی دەکەین بە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ ئەمریکا و دەمانەوێت هاوشان لەگەڵ ئەمریکا بمێنینەوە، هەنگاو بنێین بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ، وەک ئەوەی پێکەوە دژی تیرۆر و تیرۆرستان جەنگاین، ئێستا کاتی دەستکردنە بە بوونیادنانەوە.

 لێرە لە حکومەتی کوردستان باوەڕمان بە سیاسەتی سەرۆک ترەمپ هەیە و پاڵپشتی دەکەین، کە ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە دێتە ئاراوە، بازرگانی نەک ناکۆکی، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمریکا و بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ بوونیادنانی وڵاتێک کە ئێستا لە قۆناغی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، حکومەتێک کە ڕێزی دەستوور بگرێت و ڕێز لە هەموو پێکهاتە و ئایینزاکان بگرێت کە لێرە لە کوردستان و عێراقدا هەن.

ئێمە لە کوردستان زۆر شانازی بەوەوە دەکەین، ئێرە نیشتمانێکە هەر کەس بێتە ئێرە دەبێتە پەناگەیەک بۆی، چونکە مافی هەموو کەسێک لێرە پارێزراوە، ئەمە دەکرێت لەبەرئەوەی ئێمە پێکەوە ئەم کارەمان کردووە، ئەمریکا هاوشان لەگەڵ ئێمەدا وەستاوە، ئێمەش هاوشان لەگەڵ ئێوەدا وەستاوین بۆ بوونیادنانی وڵاتێک و هەرێمێکی باشتر، وە داهاتوویەکی زۆر باشتر، جارێکی دیکە زۆر سوپاس و پیرۆزە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ